سەعد بەرزنجی: پێویستە سزای بکوژانی ئافرەت قورستربێت دیمانە و راپۆرت

لاڤین عومەر: نوچەنێت

سەعد بەرزنجی، توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت سەبارەت زیادبوونی رێژەی کوشتنی ئافرەتان، کەمی سزای تاوانباران بە هۆکارێک دادەنێت و رایوایە دەبێت سزای ئەوکەسانەی کە ئافرەت دەکوژن توندتربێت لە سزای بکوژەکانی دیکە.

نوچەنێت: لەماوەیەکی کەمدا سێ ئافرەت کوژران لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئێوە وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی  هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

سەعد بەرزنجی: لە نزیکەوە ئاگاداری یەکێک لە کەیسەکانم یەکیان لە هەولێر رویداوە ئەوانی تر بەهۆی میدیاکانەوە بیستومانە، پاڵنەرە سەرەکییەکە ئەو ڕوانینەیە کە لەلایەن پیاوی کورد دروستبووە بریتییە، لەوەی ئامادە نییە هیچ تەنازولێک بکات یان پێی شەرمە بە گوێی بکات، بۆ ئەو ئافرەتەی کە هاوژین، خوشک یان دایکییەتی.

دەکرێت هۆکاری کێشەکان دابەش بکەینە سەر دوو ئاست:

 ئاستی کۆمەڵایەتی و ئاستی دەرونی. 

ئاستی کۆمەڵایەتی، بابەتی هەژاری لەوانەیە هۆکارێک بێت، وەکو (لێک تێنەگەشتن، جیاوازی تەمەن، جیاوازی بیر کردنەوە و جیاوازی باگراوندی کۆمەڵایەتی) تا دەگاتە حاڵەتی کوشتن کە حاڵەتێکی نەخوازراوە.

 کەمی یان لاوازی ئەو ماددە یاساییەی کە ئەو کەسەی پێ سزادەدرێت، ئەوەیە کە تەنیا نۆ ساڵ زیندانییە. دوای ئەو نۆساڵە دێتە دەرەوە. ئەوەش ئەگەر ئەگەر سوڵحی تێدا نەبێت و ئەگەر سوڵحی تێدا بێت ئەوا زووتر دێتە دەرەوە بۆیە ئەوە هاندەرە بۆئەوەی بکوژ بڵێت، نۆ ساڵ لە تەمەنم دادەنێم و کێشە نییە، ئەوە وادەکات کەسەکە دەست بۆ ئەم تاوانە ببات.

هۆکارێکی دیکە، چاو لێکەری و بەریەککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانە، چاولێکەری یەکێک لە تیۆرییەکانی تاوان ناسییە، کە ئەویش لە راگەیاندنەکان باسی دەکرێت کە فڵانەکەس ژنەکەی خۆی کوشت، یاخود فڵانەکەس ژنەکەی سەربڕی، یان کەسێک دەبینێت کە چۆن راگەیاندن روماڵێکی خراپی ئەم تاوانانە دەکات، چونکە پەیجی واهەیە لایەنگری پیاوەکە دەکات ئەگەر بێت و کۆمێنتەکان بخوێنیتەوە، دەزانیت کۆمەڵگا چەندە بەسەرکەوتویی سەیری ئەو پیاوە دەکات کە ئافرەتێک دەکوژێت، دەبێ بزانین کە-کەس هەقی کوشتنی کەسێکی تری نییە ئەگەر هەر کێشەیەک بێت.

هۆکارێکی تر کە لاوازی پێکهاتەو بنەمای دەرونی تاکی کوردە، بەهەردوو رەگەزی پیاو-و ئافرەتەوە. ئەویش ئەوەیە ناتوانن بەهیچ جۆرێک کۆنتڕۆڵی توڕەبونی خۆیان بکەن لە هیچ حاڵەتێک، شارەزایی هیچی لە بارە دەرونییەکانیان نییە، کتێبێکی خۆم هەیە بە ناوی (مەبە بە دیلی هەڵچونەکانت) رێک ناونیشانەکەی ئەوەیە دەبنە دیلی هەڵچونەکان و کەسی هەڵچو توانای خۆ کۆنتڕۆڵکردنی نامێنێت، ئەگەر نا خێزانەکەم هەڵەی کرد پێویست ناکات من بیکوژم، یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانم لە کەناڵێک باسی ئەوەم کرد کە (خیانەت کردن مانای روخان نییە، خیانەت کردن هەڵەیە) ئەگەر قیمەی کوشتنەکان لەسەر خیانەتە کە باس دەکرێت، ئەوە هەڵەیە دەبێت هەڵەش چارەسەر بکرێت، بەڵام زۆر قسەی نەشیاویان بۆم نوسیبو هەرچەندە بەلاشمەوە ئاسایی بوو، هۆکارەکانیش زۆر تر دەبن ئەگەر بێت و زوو چارەسەر نەکرێت، دەبێت ماددەی تایبەت دابنرێت بۆ کوشتنی ئافرەت، جیا بکرێتەوە لە کوشتنی پیاو یاخود لە کوشتنی شەڕی دووپیاو لە بازاڕ، هەمان ماددەی کوشتنی ئافرەتی هەیە بۆ زانیاریتان، ئەوە خۆی لە خۆیدا هەڵەیە، چونکە ئافرەت بێ دەسەڵاتە لە رووی بایۆلۆژییەوە ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات، هەمووی یەک ماددەیە  پێویستە ماددەکانی کوشتنی ئافرەت جیا بکرێتەوەو هەوڵبدرێت سزاکەی توندتر بکرێت، سەنتەری راوێژکاری زیاد بکرێت، بەڕاستی یەکێک لەو پڕۆژانەی کە لەژێر دەستمدایە کردنەوەی سەنتەری راوێژکاری خێزانییە، ئێمە رێگەمان پێنادرێت وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی سەنتەری راوێژکاری خێزانی بکەینەوە، کێشەی خێزانەکان لە شتی بچوکەوە دەست پێدەکات ئیتر خول دەخواتەوە هەتا گەورەتر دەبێت.

تاکی کورد توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەڵچونەکانی نییە

نوچەنێت: هۆکاری رێگە نەدانتان بۆ کردنەوەی سەنتەری راوێژکاری چییە؟

سەعد بەرزنجی: پێم وابێت هەتاکو ئێستا سەندیکایەکی وانییە، یاسایەک نییە کە رێگەمان پێبدات، یاسا هەیە بۆ عەیادە و دکتۆرەکان هەروەها بۆ هەندێک پیشە دەتوانێت سەنتەر بکاتەوە، بەڵام وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی هەتاکو ئێستا رێگەیان پێ نادرێت سەنتەری راوێژکاری کۆمەڵایەتی یان راوێژکاری دەرونی بکەنەوە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا کێشەیە ئەگەر نا من زۆرێک لە دۆست و برادەرم کە مامۆستای زانکۆن ئامادەن بە خۆبەخشی کاربکەن تەنیا رێگەیان پێبدرێت کاتێک خێزانەکان کێشەیان توش دەبێت، رێنماییان بدەنێ.

 کێشەی وا دێتە لامان بەنافەرمی، بە چەند قسەیەکی سادە چارە دەبێت تەشەنەکردنی کێشەکان بەشێکی هی ئەوەیە کە خێزانەکە لە ئاستێکی رۆشنبیری ئەوەندە نزمن ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات و نەهێڵێت بگاتە تەڵاق دان و جیابونەوە یاخود شەڕی گەورە ، ئێمە بە چەند رێنمایی و قسەیەکی سادە چارەی دەکەین و پێک دێنەوە.

 چەندەها خێزانمان هەیە گەشتونەتە ئەو قۆناغە بەڵام نەبوونی سەنتەری راوێژکاری خێزانی و نا شارەزایی بوونی خێزانەکان لە بابەتی هەڵچونی دەرونی و ئەو غرورەی کە لای پیاوی کورد هەیە، و سوک بوونی ئەو یاسایەی بکوژ، بەکەم سەیر کردنی ئافرەت هەموو ئەوانە کۆمەڵێک پاڵنەرن کۆمەڵێک هۆکارن کەوای کردووە ئەو حاڵەتانە زیاد بێت، هەر بۆ زانیاریشتان ئەو حاڵەتانە روو لە زیاد بوون دەکات لە ساڵی داهاتوودا.

من( 12 )ساڵە کاردەکەم و زانیاریم هەیە لەسەر کوشتن و خۆ کوشتن، لەسەر شتی زۆر سادە و ئاسایی ئافرەت کوژراوە، هەموو ئەو ئافرەتانەی کەوا دەکوژرێن ( خێزانیان، دایکیان، باوکیان، مامیان خاڵیان، برایان، خەزوریان) بە کێشەکانیان دەزانن، دەزانن کەوا کێشەی هەیە ئافرەتەکە چەندین جار سکاڵای کردووە و داوای کردووەم کە فریای بکەون پیاوەکەی خراپە، لێمدەدات یان ... بەڵام هیچ کەسێک پشتی ناگرێت هەتا دەگاتە ئەو حاڵەتەی دەکوژرێت.

ئێستا جگە لە باوک و برا و هاوسەر خۆشەویست یان هاوڕێکانیشیان ئافرەت دەکوژن

نوچەنێت: ئایا ئێوە هیچ پێشنیارو سەرنجێکتان داوە بە حکومەت لەبارەی ئەم بابەتانە؟

سەعد بەرزنجی: هەتاوەکو ئێستا نەخێر، چونکە ئەگەر شوێنێکی وا نەبێت کە گوێمان لێبگرێت، لەوانەیە خەڵک لە رووی توێژەرەوە تێنەگات، بەڵام لە بەرنامەماندایە هاوینی ئەمساڵ کە وەک سەنتەری راوێژکاری دەرونی سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەین، ئیتر ئێمە ناتوانین چیتر تەحەمولی ئەم دۆخەی کۆمەڵگە بکەین، لەبەر ئەوەی لادان، تاوان جیابونەوە، کوشتن و خۆکوشتن زۆر زۆر بووە، پێویستە رێگەمان پێبدەن سەنتەری راوێژکاری کۆمەڵایەتی بکەینەوە.

نوچەنێت: ئێوە وەکو توێژەر و مامۆستای زانکۆ پێشبینی چی دەکەن؟ 

سەعد بەرزنجی: ئێمە لێکدانەوەی خۆمان هەیە لێکدانەوەکانمان بریتییە لەوەی کە کێشەکان چارەسەر ناکرێت. بکوژەکان سزایەیەکی ئەوتۆ نادرێن کە لە تاوان بیانگێڕێتەوە و بکرێنە پەند، کەس نییە گوێ لە ئافرەت بگرێت هەتا ئێستاش، ئێمە وامان دەزانی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگا توندوتیژی سەر ئافرەت کەم دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە توندوتیژی سەر ئافرەت زیادی کردووە. لەوانەشە کۆمەڵگە هێشتا لە ئاستێکی وا نییە کە تێبگات ئافرەت کائینێکە ناکرێت بە رەقی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن، بەڵێ رێژەی کوشتنی ئافرەت زیاد دەبێت، ئێستا شتێکی زۆر زۆر ناخۆشترە کە پێشوتر ئافرەت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکوژرا یان لەلایەن کەس و کارییەوە. ئێستا ئافرەت لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە دەکوژرێت، پەیوەندییەکی سۆزداری هەیە یان رازی نییە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێک بکات، کورەکە دەست بۆ کوشتنی دەبات، ئەوەش کێشەیەکی ترە بەڕاستی بۆیە ئێمە وا بیر دەکەینەوە و دەبینین کە زیاد دەکات نەک کەم.

بۆیە داواکارین، یاساکان توندتر بکرێت دەربارەی کوشتن بەتایبەت کوشتنی ئافرەت جیا بکرێتەوە، هەروەها رێگەبدرێت سەنتەری راوێژکاری کۆمەڵایەتی کاربکەن، پێویستە تاکی کورد بگاتە ئاستێک لە هوشیاری کە کۆنتڕۆڵی هەڵچونەکانی بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین