مێژووی هەشتی مارس دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

کاتێک ژنان شانبەشانی پیاوان هاتبوونە گۆڕەپانی کار، بە هەمان سەختی کاریان پێدەکرا بەڵام هەقدەست و کرێی کاریان لە هی پیاوان کەمتر بوو، لەبەرئەوەی ژنن، ئەو کاتە ژنان بڕیاریان دا داوای یەکسانی لە کرێی کار و مافدا بکەن، ئەم بزووتنەوەیە لە(٨ی مارس ١٨٥٧) (شیکاگۆ/ئەمریکا)، دەستیپێکرد بەڵام نەک هەر مافیان وەرنەگرت بەڵکو رووبەرووی سوکایەتی و توندوتیژی بوونەوە. 

لە ساڵی (١٩٠٧) کە یادی پەنجاهەمین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانی نیۆیۆرک لە ٨ی مارسدا خۆپیشدندانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان رێکخستەوە. ساڵی(١٩١١) خۆپیشاندانێکی دیکە رێکخرا، بەهەمان شێوەی خۆپیشاندانەکانی پێشتر ژنان رووبەرووی سوکایەتی، گرتن و لێدان بوونەوە. لەساڵی(١٩١٣) دووبارە ژنان بۆ داواکردنی مافەکانیان رژانەوە سەر شەقامەکان، تاوەکوساڵی(١٩٢١)ژنانی کۆمۆنیست لە مۆسکۆ، رۆژی ٨ی مارسیان وەکو رۆژی جیهانی ژنان ناونا.

ژنان لەو سەردەمەدا هەمان ئەو داواکارییانەیان هەبوو، کە تا ئێستا ئێمە تێکۆشانیان بۆ دەکەین، وەکو: بەکەم سەیرنەکردنی ژنان، مافی یەکسانی و دادپەروەری.

چەندین ژنی بە تواناو لێهاتوو بوونە پێشەنگی ئەم جوڵانەوانەو بەشێکی بە گیان رابەرایەتییان کرد. (سیمۆن دوبۆڤوار) یەکێکە لەو ژنانەی کە بە سەختی داکۆکار و رابەرایەتی فکری ئەم بزووتنەوەیەی دەکرد، کتێبی(رەگەزی دووەم) باشترین بەرهەمی ئە ژنە فیمینستەیە کە تا ئێستا سەنگ و پێگەی خۆی لە ناو ئازادیخوازاندا هەیە.  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (نەوال سەعداوی) لە ریزی پێشەوەی ژنانی فیمینست و داکۆکیکارە لە مافەکانی ئافرەتان و پرسی ژن، ئەم ژنە خاوەنی چەندین بەرهەمەمە کە تێیدا باس لە ئەزمون و خەبات و ئەو زوڵم و زۆرییانە دەکات کە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و کۆمەڵگەی عەرەبی بەتایبەت دەرهەق بە ژن دەکرێن. یەک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی نەوال سەعداوی (ئافرەتێک لە خاڵی سفردا)یە.

ئێستا دوای نزیکەی دوو سەدە لە دروستبوونی بزووتنەوەی فیمینیزمی لە جیهان هێشتا لە کوردستان، بزووتنەوەیەکی ژنانی رێکخراو نییە. هێشتا ژنان لە رووی فکرەوە نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە لە ژێر چەتری فکرو فەلسەفەیەکدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان کۆببنەوە. بۆیە کارکردن و خەباتی ژنان زیاتر لە چوارچێوەی روکەشدا ماوەتەوە. بۆیە رۆژ بە رۆژ توندوتیژی دەرهەق بە ژنان بەفۆرم و شێوازی جیاواز خۆی نوێدەکاتەوە.

بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو رێکخراوانەی کە بەناوی داکۆکیکردن لە مافەی ئافرەتان دروستبوون، وەک هەر بوارێکی دیکە دابەشی سەر حزبەکان بوون و لە چوارچێوەی بەرنامەو پلانی ئەواندا دەخولێنەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین