بۆ جارى دووه‌م هێرش كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ به‌ مووشه‌ك هێرش كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان هیچ زیانێكى گیانى له‌ هێرشه‌كه‌ نه‌بووه‌، ئه‌مه‌یش دووه‌م هێرش ده‌بێت كه‌ له‌ ماوه‌ى سێ رۆژ بۆ سه‌ر كێڵگه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 24 حوزه‌یرانى 2022 به‌ مووشه‌كێك هێرش كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ ناحیه‌ى قادركه‌ره‌مى سه‌ربه‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ.

سدیق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى قادركه‌ره‌م بۆ ماڵپه‌ڕى رووداو، روودانى هێرشه‌كه‌ى پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌، روونیشى كردووه‌ته‌وه‌ مووشه‌كه‌كه‌ له‌ هه‌مان شوێنى دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاراسته‌ كراوه‌.

ئه‌حمه‌د موفتى بریكارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان باسى له‌وه‌ كردووه‌، هیچ زیانێكى گیانى له‌ هێرشه‌كه‌ نه‌بووه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌و شوێنه‌ كراون كه‌ مووشه‌كه‌كه‌ى به‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ ئاگر له‌ شوێنه‌كه‌ به‌ربووه‌. دوو رۆژ هێرشێكى ترى مووشه‌كى بۆ سه‌ر هه‌مان كێڵگه‌ ئه‌نجام درا، ته‌نیا چه‌ند بریندارێكى سووك هه‌بوون، هیچ زیانێكى ترى گیانى نه‌بوو.

ماوه‌ى ساڵێك زیاتره‌ ده‌یان هێرش به‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ گرنگ و مه‌ده‌نییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام دراون. ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ هاوكات بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تی عێراقیش ئه‌نجام ده‌درێن، میلیشیاكانى شیعه‌ى سه‌ربه‌ ئێران به‌ ئه‌نجامدانیان تۆمه‌تبار ده‌كرێن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین