قوباد تاڵەبانى: کار بۆ پاراستنى گیانى کارمەندانى کێڵگەى گازى کۆرمۆر دەکەین کوردستانی

نوچەنێت:

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى دانەغاز ڕادەگەیێنێت، "ھێرشە‌كان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاوڵاتییان پارێزراو دەبێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (26/حوزەیران/2022) حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسانی تری ئەمنی، شە‌وی 25/6، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانە غاز کۆبووەوە."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، "قوباد تاڵەبانی، دڵنیایی پێدان کە کار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان وەکو حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم هاتووچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕوونەدانی لەو جۆرە هێرشانە."

هەروەها ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، "لەکۆبوونەوەکە دڵنیایی درا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە؛ ھێرشە‌كان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاوڵاتییان پارێزراو دەبێت."

سەردانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ کێڵگەى گازى کۆرمۆر لە کاتێکدایە، لە پێنج ڕۆژى ڕابردوو سێ جار بە مووشەک هێرشکرایەسەر ئەو کێڵگەیە، بەڵام هیچ زیانێکى ماددى و گیانى نەبووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین