هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى پرسى وزە دەتوانن سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن؟ وەرگێڕان

و: سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

پێدەچێت ڕێککەوتنێک هەبێت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی بەغدا بۆ ستراتیژییەتێک دەربارەی نەوت و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان.

یەدەگی گازی عێراق بە (3.74) ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت، ئەمەیش عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە لە پارێژگای سلێمانی بەشێوەیەکی فراوان کاری لەسەر کراوە بۆ ئەم پرسە و دەتواندرێت پێداویستی ناوخۆی پێ دابین بکرێت. بەڵام کەمی وەبەرهێنان و نەبوونی ژێرخانی پێویست، هەروەها گرژییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوونەتە ڕێگر لە بەکارهێنانی تەواوی ئەم سەرچاوانە و سوود وەرگرتنی زیاتر لێیان. وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتووانە کار بکەن سەبارەت بەم پرسە لە داهاتوودا، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکان هێشتا بوونیان هەیە لە نێوان هەردوو حکومەتدا.

ماوەی نزیکەی ساڵێکە هەماهەنگیەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بووە سەبارەت بە پرسى کێڵگە گازییەکان، خێراکردنی هەوڵەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی خێراتر کردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا ئەنجام دراون. لەم دواییانەدا هەردوولا تەرکیزیان خستەسەر ئاسانکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا گرنگی بە ناردنی تیمەکان بۆ دانوستاندن نیشاندا و بە گرنگییەوە هەنگاو دەهاوێژن لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

لە ئەگەری چارەسەرکردنی ئەم ئاڵۆزیانە و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی دەرفەتی باش و نوێ بۆ بوژانەوەی کەرتی وزە دێتە ئاراوە. گازی سروشتی پەرەی پێدەدرێت، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر هەماهەنگ دەبن و بەشداریی چالاکتر دەکەن، وەبەرهێنانیان زیاتر دەکەن و بەرەو پێشەوەی دەبەن.

کێڵگە گازییەکان لە هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی چەندین کێلگەی گازی جیاواز هەن لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بێبەش نییە لە هەبوونی ئەو سەرچاوە سروشتییە گرنگە، بەڵام ئەوەی خاڵی گرنگ و هەڵوەستە لەسەرکردنە چۆنیەتی گرنگی پێدان، کارکردن، ئاوڕ دانەوەیە لەو کەرتە و بەردەوامی دانە بە گەشەپێدانی.

کێڵگەی کۆرمۆر تاکە کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیایەکی هەرێم سەرپەرشتی دەکات. ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ئێستا (430) ملم (SCF)ـە، لەگەڵ (15000) هەزار بەرمیل خەستکردنەوە و (1000) بەرمیل LPG. بۆرییەکی (180) کیلۆمەترییە. سێ وێستگەی گەورەی وزەی سووڕی تێکەڵ دابین دەکات، کە دوویان لە سلێمانی و یەکێکیان لە هەولێرە، بە کۆی گشتی توانای بەرهەمهێنانی (3500) مێگاواتە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی سنوورداربوونی ئێستای بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر تەنیا بڕی (2000) مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستییەکانی وزەی هەرێمی کوردستانلە زستاندا (5,500) مێگاوات و (7000) مێگاوات کارەبایە لە هاویندا.

لە ئێستادا بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر زیاد کراون بە ڕێژەی (250) ملم لە ڕۆژێکدا و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵی (2024) زیاتر بێت بە جۆرێک ئەم زیادکردنی بەرهەمهێنانە خواستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەم هێنانی کارەبای تەواو لە هەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە.

کێڵگەیەکی گەورەی تری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی کێڵگەی گازی چەمچەماڵە لە (1930) یەکاندا دۆزراوەتەوە، لە لایەن هەمان کۆمپانیای بەرهەم هێنان کە لە کۆرمۆریش کار دەکات کاری تیادا دەکرێت، بەڵام وەک پێویست گەشەی نەکردووە، هەروەها پێشبینیش ناکرێت لەم نزیکانە پەرەی پێبدرێت بەهۆی ئەو ناکۆکی و گرژیانەی لە کەرتی نەوت و گازدا هەیە لە هەرێمی کوردستان.

هەردوو کێڵگەکە لە سنووری پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدینن. پەیوەندی نێوان کێڵگەی گازی کۆرمۆر و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیرە. هەروەها خاوەن پشکە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان بەشداربوون لە دادگاییکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها بەڕێوەبەری کێڵگەی گازی کۆرمۆر هەوڵی داوە بەشداری بکات لە گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی گازی خاو بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور. کێشەیەکی یاسایی هەیە چونکە ناوچەی کۆرمۆر ناوچەیەکی دابڕێندراوە و ناکۆکی لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەولێر لەجیاتی ئەوەی ناوچەیەکی یەکلایی کەرەوە بێت بۆ هەرێم یاخود بۆ سەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی بەغدا، بۆیە بۆ حکومەتی فیدراڵی کڕینی گاز لە کۆرمۆر پێیان وایە کڕینی گازە لە خۆیانەوە بۆ خۆیان. هەروەها کڕینی گاز لە کۆرمۆر دەبێت لە ڕێگەی کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بێت، بەمەش کۆمپانیای نەوتی باکوور دەبێت پارەیەکی باش سەرف بکات.

بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی کێڵگەی کۆرمۆر دەتواندرێت ڕێگایەکی کرداری و گرنگ بگیرێتەبەر. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کێڵگەکە و گازەکە بگۆڕدرێت بۆ کارەبا لەناو هەرێمی کوردستان و دواتر بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری عێراق، بەم شێوەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سوود لە گازی کۆرمۆر وەردەگرێت. هەروەها وەزارەتی نەوت خۆی بەدوور دەگرێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەیەک کە تێچووی زۆر بێت و درێژخایەن بێت لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە کە گازی خاو لە کۆرمۆر وەربگرێت و دواتر بگەیەنێت بە کۆمپانیای گازی باکوور بە نرخێکی زۆر و لە کۆتایدا بگاتە وەزارەتی کارەبا. گەیاندنی تەنیا بە وایەر تێچووی زۆر کەمترە و لە ئێستا دا حکومەتی هەرێم ئەم کردارە جێبەجێ دەکات بۆ گەیاندنی ڕاستەوخۆ بە بەکاربەران و دەتواندرێت لە عێراقدا سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

چەندین کێڵگەی تریش هەن، بەڵام بە هۆکاری جیاواز گەشەیان پێنەدراوە و پشتگوێ خراون بێگومان هەموو ئەمانە زیانی بە کەرتی نەوت و گاز گەیاندووە، پێویستە کۆمپانیای جیاوازیان بۆ بدۆزرێتەوە و وەبەرهێنانیان تیادا بکرێت لە پێناو سوود وەرگرتن لێیان و فراوانکردنی کەرتەکە.

ئەگەر ئەم کەرتانە پەرەی پێبدرێت و کاری جددیان بۆ بکرێت دەتواندرێت سوود لە گازەکە وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لە کۆتاییدا خواستی ناوخۆ بۆ کارەبا پڕ بکاتەوە. هەروەها دەتواندرێت وەک هەماهەنگییەکی کارکردن بەکاربهێندرێت لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق دا.

لە دوای (2006) حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە توانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییە بچووک و گەورەکان ڕابکێشێت بۆ هەرێمی کوردستان و سامانە سروشتییەکان پەرەسەندنی باش بەخۆیەوە بینی لەو کاتدا. بۆ نموونە، گەشەپێدانی خێرای گازی سروشتی لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا کە بێگومان بەبێ هەوڵ و ماندوو بوون ئەو ئەنجامانە بەدەست نەهاتوون. بۆیە عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو سوود لە فراوانبوونی ئەم ئەزموونە ئەرێنییە وەربگرێت کە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە و دەرفەتێکی باشە ببێتە دەستپێکردنێکی باش بۆ ئەوان. 

پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا

کارییگەرییە دارایی و سیاسییەکانی دەسەڵاتدرانی تورکیا ڕوون و ئاشکرا دیارە بەسەر هەرێمی کوردستان، تورکیا ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی گەیشتن بە بەندەری دەریایی و سنووری وشکانی لەگەڵ عێراق دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئاسمانیشەوە تورکیا پێگەیەکی گرنگی هەیە و زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە تورکیاوە و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی تری جیهان. لەم دواییانەدا نزیکەی ساڵێک دەبێت ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە بۆ دەرەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا نەبووە و کاریگەری ئابووریی نەرێنی ڕاستەوخۆی هەبووە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە زیاتر کۆنترۆڵی پارێزگای سلێمانی دەکات، زۆربەی سەرچاوەکانی گازی تێدایە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە و کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ سەر کەرتی سامانە سروشتییەکان و پاڵاوگەکانی نەوت و گازی ئەو ناوچەیە هەبووە.

تاوەکو ئێستاش هەڵوێستی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و پەیوەندییەکانیان کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئابوورییەکانی تورکیا هەبووە. تورکیا گرنگی بە کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان دەدات، هەروەها سوود لە سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت بۆ پڕکردنەوەی خواستە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی، هەروەها بەدەست هێنانی ئەو سەرچاوانە بە ماوەیەکی کەم و بڕە پارەیەکی هەرزان.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و دیراسەی زیاتری لەسەر بکرێت. بە هەمان شێوە پەیوەندییەکانی وزەیی هەولێر و بەغدا ببێتە پرسێکی گرنگی ڕۆژ و کاری جددی بۆ بکرێت، چونکە عێراق بەدەست کەمی وزەوە دەناڵێنێت و پێویستی پێیەتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان، لە ئێستا و داهاتوودا. بەهۆی بەرزی و زیادبوونی خواستی وزەی ناوخۆیی لە عێراق، پێویستە تیشک و ئەولەویەتی نیشتمانی لەسەر ڕازیکردنی ئەم داواکارییە بێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی گازی سروشتی دۆزراوەوە و هەروەها دابینکردنی پارە بۆ گەڕان و پشکنینی زیاتر بۆ سەرچاوەی زیاتر و دۆزینەوەی کێڵگەی تر. هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک لەسەر هەناردەکردنی گاز بۆ دەرەوە لەم قۆناغەدا گونجاو نییە هەتا ئەو کاتەی داواکاری ناوخۆیی جێبەجێ نەکرێت و پێداویستییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابین نەکرێت.

وەزارەتی نەوتیی عێراق پێشبینی دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دەستەیەکی یەکگرتوو و هەڵوێستێکی ڕوون سەبارەت بە هاوکارییەکان لە داهاتوودا بەیەکەوە کار بکەن و هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەبێت. ئەگەرچی ئەمە تائێستا ڕووی نەداوە و تەنیا گفتوگۆی ماوە ماوە هەیە و لە ئێستادا جیاوازی هەیە لە تێڕوانین و ئەجێندای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەونە پارێزگای سلێمانی، هەروەها میکانیزمی هەماهەنگی و ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

هەروەک لە سەرەوەشدا ئاماژەی پێدراوە، لە (2006) وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات (نێچیرڤان بارزانى) توانیویەتی بە خێرایی و سەرکەوتووانە چەندین کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی لە زۆر بچووکەوە بۆ هەندێک لە سوپەر گەورەکان ڕابکێشێتە هەرێمی کوردستان و خواستی ئەوەیان هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا کار بکەن بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، دواتر بەردەوامیدان بە کارەکانیان دەرخەری پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بوون لەم بوارەدا. بەتایبەتی پەرەسەندنی خێرای گازی سروشتی کە ئەو کات لەژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا بوو. عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو سوود لە فراوانکردنی ئەم ئەزموونە ئەرێنییە وەربگرێت و بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی و ڕاوێژ بە هەرێمی کوردستان بکات.

هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی هێڵی بۆرییەکانی کۆمپانیا بۆرییەکانی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراوە و خاوەندارێتی دەکرێت، لەوانە خاوەندارێتییەکی بەرچاوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بیانییەکان. لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، تاکە بەربەستی ڕوون و گرنگ کە ماوەتەوە ئەوەیە، کە چۆن و لە ڕێگای کام کۆمپانیاوە هەناردەکردن ئەنجام بدرێت دەیانەوێت جێگرەوەی دیاری بکەن و میکانیزمی هەناردەکردنەکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

ئەو ویستانەی کە چاوەڕوانی ئەنجامیان لێدەکرێت

کاتێک جیاوازییەکانی دیکە چارەسەر دەبن، ناکۆکییەکان کەمتر دەبنەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان وەزارەتی نەوتیی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، پێویستە هەردوولا لە نزیکەوە هاوکاری یەکتر بکەن بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزە بەیەکەوە لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی هاوبەش. پرسی گرنگ و پێشینەیی ئەم هاوکارییە دەبێت کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە گاز یەکێکە لە پێویستیە گرنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە سەرانسەری عێراقدا و پەرەپێدانی ئەو جۆرە کێڵگە گازییانە کارێکی ئاسان نییە و سەرمایەی باش و زۆری پێویستە کە ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی دەوڵەت هەیە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕێگایەکی کرداری و بنیاتنەرترە بۆ بەغدا و عێراق دەتوانێت سوود وەربگرێت لە سەرچاوەکانی وزەی کێڵگەکە. پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی ئێستا کار لە کێڵگەکە دەکات و پەرە بە بەرهەم هێنان بدەن، هەروەها دەکرێت دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی نەوتیی عێراق گازەکە بگۆڕدرێت بۆ کارەبا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و دواتر کارەباکە بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری عێراق و ئەم کردارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وا دەکات هەرێمی کوردستان و عێراق سوودیان پێبگات.

ئەگەر ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکرێت وەزارەتی نەوتیی عێراق خۆی بەدوور دەگرێت لە سەرفکردنی خەرجییەکی زۆر لەدەستدانی سەرمایەی بەرز، هەروەها پڕۆژەیەکی گەیاندنی درێژخایەنی بەهۆی کێڵگەکەوە بۆ دابین دەکرێت. کۆمپانیای نەوتی باکوور دەیتوانی گازی خاو لە کۆرمۆر وەربگرێت و دوای پرۆسێسکردنی بیگەیەنێت بە کۆمپانیای گازی باکوور بە نرخێکی بەرز و زۆر دواتر گەیاندنی کارەباکە. سوود وەرگرتن لە گازی کۆرمۆر بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا، دواتر گەیاندنی لە ڕێگەی وایەرەوە ڕێگایەکی زۆر خێراتر و کاراترە بۆ پارەدارکردنی ئەم سەرچاوەیە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕاستەوخۆ گەیاندنی کارەباکە بە بەکاربەران لە بەشەکانی تری عێراق.

دوو نموونەی سەرکەوتوو هەن لە سوود وەرگرتن لە کێڵگەکانی گازی هەرێمی کوردستان بۆ دەستکەوتنی کارەبا لێیانەوە. یەکەمیان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دێت کە نزیکەی (110) ملم (SCFD) لە گازی پەیوەندیدار بەکاردەهێنێت وەک سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە وێستگەی کارەبای خورمەڵە لە هەولێر. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی نزیکەی (40) ملم SCFD) لە گازی خاو لە کێڵگەی گەرمیانەوە بەرهەم بهێنێت و سوودی لێوەربگرێت بۆ دابین کردنی کارەبای ناوخۆیی وەک نموونەیەک لە پڕۆژەی گاز دواتر کردنی بە کارەبا، پاشان سوود وەرگرتن لێی لە ڕێگەی وایەرەوە، کە جگە لە پێویستی ناوخۆیی کارەبا بۆ هەندێک لە بەشەکانی عێراق دابین دەکات.

ئەم دوو نموونەیە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن دەکرێت پرۆژەکانی داهاتوو بە هاوبەشی لە نێوان وەزارەتی نەوتیی عێراقی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت. ئەگەرچێ چەندین دەرفەتی گرنگی دیکەی پەیوەندیدار بە گاز هەیە لە کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک، بەڵام بەهۆی بەرزی ڕێژەی گۆگردی گازەوە ئاستەنگی و زەحمەتیان بۆ دروست دەبێت و وەک پێویست سوود وەرگرتن لێیان ئاسان نییە. ئەگەر هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا دامەزراندنی کۆمپانیایەکی وزەی نیشتمانی سەربەخۆ کارێکی ئاسان دەبێت و دەتواندرێت، کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پاڵپشتی بکرێت، بەڵام سەربەخۆ بێت و ڕێز لە بنەمای هەرێمی کوردستان بگرێت، هاوشێوەی کۆمپانیا نەوتییە هەرێمییەکانی دیکەی عێراق یان پارێزگاکان. ئەگەر مەبەستەکە تەنیا دەربارەی پرسی بەرهەم هێنانی نەوت و گازیش نەبێت لەوانەیە بتواندرێت پارەی گاز و میکانیزمی چۆنیەتی دابەشکردنی وزە لە نێوانیان لەخۆ بگرێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ سیناریۆیەکی براوە لە نێوان بەغدا و هەولێر کە ئەنجام قازانجی هەردوولا دەبێت.

ن: محەمەد عبد مزعل ئەلعبودی

س: پەیمانگاى واشنتن

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین