وەزیرى پەروەردە لە بارەى خوێندنى ئیسلامى ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا، لابردنى پەروەردەى خوێندنى ئیسلامى لە قۆناغەکانى خوێندن ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ بنەمایەکی نییە."

ئەمڕۆ دووشەممە (27/حوزەیران/2022) ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى لابردنى خوێندنى پەروەردەى ئیسلامى لە قۆناغەکانى خوێندن ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هیچ بنەمایەکی نییە، ئەم بابەتە چەندین جار ڕوونکردنەوەی لەسەر دراوە، بەداخەوە ساڵانە ئەم بابەتە بەناڕەوا دەوروژێندرێت."

ئالان حەمە سەعید لە ڕوونکردنەوەکەیدا دووپاتى دەکاتەوە، "پار ساڵیش هەمان قسە کرا و بەڵام بانگەشەکارانی ئەم بابەتە لە ساڵی خوێندنی (2021-2022)جگە لە ئیحراجی هیچیان بۆ نەمایەوە کە بینیان کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە جوانترین و نوێترین شێواز دیزاین کراون."

دەشڵێت، "لێرە بەڵگەی ئەوە دەخەمە ڕوو ئێمە کە ئێستا لە قۆناغی چاپکردنی کتێبەکانین بۆ ساڵی نوێی خوێندنی(2022-2023)، یەکەم کتێب کە چاپمان کردبێت کتێبی پەروەردەی ئیسلامییە."

ئەم ڕوونکردنەوەى وەزیرى پەروەردە لە کاتێکدایە، لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو ناوە ناوە لە تۆڕەکانى سۆشیال میدیا دەنگۆى لابردنى وانەى پەروەردەى ئیسلامى لە پرۆگرامەکانى خوێند بڵاودەبێتەوە و دواتر لە لایەن وەزارەتى پەروەردە ڕەتدەکرێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین