لە هەرێمى کوردستان ناتوانرێ کتێبى بڕایڵ بۆ نابینایان چاپ بکرێ کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

نابینایانى کوردستان، ناڕەزایی دەردەبڕن لە نەبوونى کتێب و پرۆگرامى خوێندنى تایبەت بە نابیانایان لە هەرێمى کوردستان نییە بەتایبەت نووسینى بڕایڵ. سەرۆکی یەکێتیی نابینایانی کوردستانیش دەڵێت، "نابینایان بەتەواوەتی فەرامۆشکراون، هیچ کتێبێک بە بڕایڵ چاپ ناکرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە(29/حوزەیران/2022) یادگار کەریم مافپەروەر و سەرۆکی یەکێتی نابینایانی کوردستان، لە لێداوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دەربارەی نووسینی برایڵ، ئاماژە بەوە دەکات ئەو جۆرەى نابینایان بەکاری دەهێنن لە کوردستان کۆن بووە، دەڵێت، "لێرە هیچ گۆڕانکارییەکی تێیدا رووی نەداوە، بەڵام لە وڵاتە عەرەبییەکان رێگەیەکی تریان دۆزیوەتەوە پێی دەوترێ (شەفەرات، متەوڵ) بەو رێگە تازە نابینا دەتوانێت بخوێنێتەوە، کە هاوکارە بۆ ئەوەی بە خێرایی بڕایڵ بخوێنرێتەوە، بەڵام لە کوردستان هەنگاوی لەم شێوەیە نەنراوە، نووسینی بڕایل لە پەیمانگاکان هەیە، سەنتەری رۆشنا بۆ کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت ئەوانیش جارجارە کتێب چاپ دەکەن بەڵام کتێبەکانی خوێندن، پێداویستییەکانیان پێشکەوتوو نییە."

بە وتەى یادگار کەریم، تاوەکو تا ئێستا چاپخانەى تایبەت بە چاپکردنى کتێب و نووسراوى بڕایڵ نییە لە هەرێمى کوردستان و ڕاشیگەیاند، "کتێبەکان زیاتر بە دەنگ تۆمار دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە، لە ئێستادا بڕایڵ کەمتر بەکاردەهێنرێت، دەزگایەکی گەورەش نییە ئەو کتێبانە چاپ بکات."

سەرۆکى یەکێـتیى نابیایانى کوردستان دەشڵێت، "خولی ئۆنلاینمان هەبووە، بەڵام خولی راستەوخۆ نەبووە چونکە ئامێر و پێداویستییەکانیان نییە".

مێژووی سەرهەڵدانی بڕایڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1825) لویس بڕایڵی نابینا لە تەمەنی (16) ساڵێدا سیستەمی شێوە زبری داهێنا، سیستەمەکە لە شەش خاڵ هەڵتۆقیو پێکهاتبوو، ئەم خاڵانەیش لە دوو دێری ستوونیدا شێوە لاکێشە پێک دەهێنن، شێوازی نووسینەکە زبرییە کە نابیناکان بەکاری دەهێنن بۆ خوێندنەوەی لە رێگەی سەری پەنجەکانەوە هەست بەو نووسینە دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین