د. سۆران سێوکانى: یەکگرتوو وەک کۆمەڵ پاشگرى ئیسلامیى لانادات دیمانە

دیمانه‌ى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ نوچەنێت، سۆران سێوکانى توێژەر لە بوارى ئیسلامى سیاسى، لەبارەى لێکردنەوەى پاشگرى ناوى (ئیسلامى) پێیوایە، ئەو ناوەیە دەبێ "لە حیزبى ئیسلامى بکرێتەوە، چونکە حیزب ئەم ناوە وەک رێکلامێکى سیاسى بە کاردەهێنى و مۆرکێکى ئیسلامى بەخۆى دەبەخشێ، لە کاتێکدا ئەوان حیزبێکى سیاسین." بە بۆچوونى ئەم توێژەرەى بوارى ئیسلامى سیاسى، کە دکتۆراشى لە هزرى سیاسى هەیە، پارتە ئیسلامییەکان جیاوازییەکى ئەتۆیان نییە لەگەڵ یەکترى نییە و دەشڵێت: "من بڕوام بە شتێک نییە پێى بڵێن حیزبى ئیسلامى، نەک ئیسلامییەکان، بەڵکو هەموویان حیزبى ئایدۆلۆژین، حیزب نابێ ئایدۆلۆژى بێت وەک حیزبى مارکسییەکان، بەڵکو دەبێ خزمەتکارى خەڵک بێت."

 

نوچەنێت: ماوەیەکى زۆرە لە ناو پارتە ئیسلامییەکان، بەتایبەتى لەسەروبەندى ئەنجامدانى کۆنگرەى حیزبەکانیان، گفتوگۆیەکى زۆر هەیە تەنانەت لەئاستى سەرکردایەتیىش، لەسەر لێکردنەوەى پاشگرى "ئیسلامى"، هەندێ چاودێرى سیاسى و توێژەرانى ئیسلامیى سیاسى پێیانوایە حیزبە ئیسلامییەکان پەکیان نەکەوتووە لەسەر لێکردنەوەى پاشگرى "ئیسلامى"، لەبەرامبەردا هەندێکى دیکە دەڵێن پاشگرى "ئیسلامى" کارى سیاسى ئیسلامییەکانى سنووردار كردووە، ئێوەش ماوەیەکى زۆر لەمەوپێش ڕاتانگەیاند کە پێویستە پارتە ئیسلامییەکان، دەستبەردارى پاشگرى ئیسلامى ببن؟

سۆران سێوکانى: ئێمە هەر زوو لەگەڵ هەر یەکە لە ئەبوبەکر کاروانى، عەبدورەحمان سەدیق، کە پێشتر لە ناو یەکگرتوو کارمان دەکرد، لە (1997)وە بۆچوومان وابوو پاشگرى "ئیسلامى" پێویستە لە حیزبى ئیسلامى بکرێتەوە، چونکە حیزب ئەم ناوە وەک رێکلامێکى سیاسى بە کاردەهێنى و مۆرکێکى ئیسلامى بەخۆى دەبەخشێ، لە کاتێکدا ئەوان حیزبێکى سیاسین، هەوڵى گەیشتن بەدەسەڵات و کورسی و زیادکردنى نفوزى خۆى دەدا، ئەمەیش جۆرێکە لە بەئایدۆلۆژیاکردن کە لەگەڵ عەقڵیەتیى مەدەنى ناگونجێ، هەموو ئەمانە مشتوومڕێکى زۆرى دروستکردبوو لەناو یەکگرتوو، بۆیە ئەوانەى تموحێکى ئەوتۆیان نەمابوو، وازیان لە یەکگرتووى ئیسلامى هێنا. نەک بۆ حیزب، تەنانەت ئەوکاتەى کۆمەڵەى نووسەرانى ئیسلامیى کوردستان هەبوو لە سلێمانى، لەکاتى سازدانى کۆنگرەى کۆمەڵەى نووسەرانى ئیسلامى، بە مامۆستا سەلاحەدین بەهادین-م گوت با پێشنیارى لێکردنەوەى پاشگرە ئیسلامییەکە بکەین و ببێتە کۆمەڵەى نووسەرانى کوردستان، لەوەڵامدا سەحەلادین بەهادین پێگوتم: جا بۆچى ناچیتە ناو کۆمەڵەى نووسەرانى کورد، ئەم قسەیە زۆر بریندارى کردم، وە هانیدام تا زیاتر بەدواى ئەو پرسەدا بچم، چونکە ئیسلامیى سیاسى خۆى بدیعەیەکى مەترسیدارە نەک تەنها لەسەر کۆمەڵگە، لەسەر ئایین خۆشى، تەنانەت ئەو فیستڤاڵى باڵاپۆشی هەڵەبجەش، کە ژمارەیان (1357) ئافرەت بوو، جگە لە بازرگانییەکى هەرزان هیچى تر نەبوو، چونکە ئەو کچانە هەر خۆیان باڵاپۆش بوون، تەنها (57)یان خەڵکى هەڵەبجە بوون، (1300) دیکە لە شوێنەکانى دیکەوە هێنابوویان، وەک بازرگانیەک بە ناوى ئایین یان بانگەشەکردنێک بوو بۆ هەڵبژاردنەکان، بۆیە مەسەلەى لێکردنەوەى پاشگرى ئیسلامییەکەش پێموایە هەمان شتە، حیزبە ئیسلامییەکان لەمێژە گفتوگۆى ئەو بابەتە دەکەن، ئەگەر ناوى ئیسلامى لە خۆمان بکەینەوە چیمان تێدا دەمینێتەوە؟ چونکە ئەوان هیچ بەرهەمێکیان بۆ خەڵک نییە، بۆیە ئەگەر ئەم حیزبانە ناوە ئیسلامییەکەى لە خۆیان بکەنەوە هیچیان تێدا نامینێ، (90%) ئەو خەڵکەى ئێستا دەنگیشیان پێدەدەن، خەڵکى موسڵمان و ئیماندارى سادەن، وا دەزانن ئەوانە نوێنەرى خوا و پێغەمبەرن لەسەر زەوى، وە لە ترسى ئەوە دەنگیان پێ دەدەن نەوەک خواى گەورە لە قیامەت لێپێچینەوەیان لەگەڵ دا بکات، پێشیانوایە ئەگەر دەنگ بە پارتى و یەکێتى بدەن، دەچنە دۆزەخ، چونکە ئەوان  عەلمانین.

 

ئیسلامیى سیاسى بدیعەیەکى مەترسیدارە نەک بە تەنها لەسەر کۆمەڵگە، لەسەر ئایین خۆشى

 

نوچەنێت: ماوەیەک لەمەوپێش ئەوەت ڕاگەیاند، ئەوکاتە ئەگەرچى لە ناو یەکگرتووى ئیسلامیى کورستانیش کارت دەکرد، بەهۆى بیروبۆچوونەکانت لە (1995) فتواى کوشتنیان داوى، بۆچى فتواى کوشتنیان داى؟

سۆران سێوکانى: بەڵى ئەمە لە ساڵى (1995) بوو، کاتێک بابەتێکم نووسى لەسەر هێزى چەکدارى ئیسلامى زیانى هەیە بۆ پارتە ئیسلامییەکان، بابەتەکەم لە رۆژنامەى کوردستانى نوێ بڵاوکردەوە، داواکردبووم واز لە فکرى جیهادى بێنن و چەک دابنێن، کە ئەوکات تەنها بزووتنەوەى ئیسلامیى چەکدار بوون وەک پارتێکى ئیسلامى، چەند کەسێک هەوڵیان دەدا لە دەرفەتێکدا بمکوژن، هەر ئەو کەسانەى دواى چەندین ساڵ خۆیان دانیاننابەوە کە ئەگەر ئەوکات بکەوتمایە بەردەستیان دەیانکوشتم.

 

فیستڤاڵى باڵاپۆشی هەڵەبجە، جگە لە بازرگانییەکى هەرزان هیچى تر نەبوو، ئەو کچانە هەر خۆیان باڵاپۆش بوون

 

نوچەنێت: فتواى کوشتنەکەت چۆن بوو بە نووسین بوو یاخود بە کردار هەوڵى تیرۆرکردنیان داى؟

سۆران سێوکانى: قسەکەمان بۆ گەڕایەوە، چونکە من ئەندامى مەڵبەندى یەکگرتووى سلێمانى بووم، بابەتەکەم بووە کێشەکى گەورە لە نێوان بزووتنەوە و یەکگرتوو، تەنانەت یەکگرتووى ئیسلامى ناچارکرد داواى لێبوردن لە بزووتنەوەى ئیسلامى بکات، مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز بابەتێکى نووسى دژى نووسینەکەى من و نووسیبووى شتى وانییە، وەکو بڵێى پاکە بۆ نووسینەکەى من بکات، دواتر ڕەخنەشم لە مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز گرت و گوتم بشمکوژن پاشگەزنابمەوە لە بۆچوونى خۆم و وازیش لە یەکگرتوو دەهێنم. وە بزووتنەوە بەنیازن بوون لە هەڵەبجە پەلامارى یەکگرتوو بدەن، چونکە ئەوکات بزووتنەوە لە هەڵەبجە بەهێز بوون.

نوچەنێت: تۆ لە (1995) بۆچوونت لەگەڵ ئەوە بووى حەرەکەى ئیسلامى چەک دابنێ، بەڵام پێتوانییە چەک یەکێک بووە لە هۆکارە بەهێزەکانى مانەوەى بزووتنەوە، چونکە ئەوکات بزووتنەوە ناوە ناوە لەگەڵ یەکێتى لێکیان دەدا و دەکەوتنە شەڕەوە؟

سۆران سێوکانى: ئەوکات من یەکگرتوو بووم، بەڵام لەبەر ئەوەى من کوڕى شارم و لە ژیانمدا چەکم هەڵنەگرتووە، ئەگەرچى لە خێزانێکى عەلمانى موحافیزکارم، بەڵام خۆم ئیسلامى بووم، بۆیە کاتێ ئیسلامى چەکدارم دەبینى قێزم دەهاتەوە، ئەمەیش ناشرینکردنى هەموو ئەو فکرانە بوو، کە ئێمە ئەوکات وەک یەکگرتوو باوەڕمان پێى هەبوو، ئەگەرچى من ئەخلاقییان ڕێزى زۆرم هەیە بۆ یەکگرتوو، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت یەکگرتووش هەمان فکرەى بزووتنەوەى هەیە، بەڵام قۆناغیان جیاوازە، یەکگرتووە کە چەکى تا ئێستا چەکى هەڵنەگرتبوو چونکە دەزانێ زیانى لێدەدات. هەموو ڕێکخراو و پارت ئیسلامییەکان یەک فکرەن، لە ئیخوانەوە بگرە تا یەکگرتوو و داعش، بەڵام میکانیزمەکانیان جیاوازە، ئێستا ئەوەى یەکگرتوو دەیکات بە ناوى باڵاپۆشییەوە هەمان ئەو شتەیە داعش دەیکات.

نوچەنێت: یانى چۆن جیاوازیان نییە، دەتوانى ئەوە زیاتر روون بکەیەوە؟

سۆران سێوکانى: حیجاب شتێکى کەسییە، ئافرەتێک بەدینە حیجاب لەبەر دەکات، بەڵام کاتێ تۆ حیجاب دەکەیتە مناسبەیەکى گەورە، ئەمە چەکێکە بۆ شەڕ، واتە من هەموو کۆمەڵگا دەکەمە داعش و سوپا، وە بۆ ترساندنى خەڵکى دیکەیە، هەروەها جۆرێکە لە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن. دەیان هاوڕێم هەیە لە فەیسبووک سەر بە پارتە ئیسلامییەکانن، هەمان ئەو قسانە دەکەن کە داعش دەیکات.

نوچەنێت: بەڵام ئەو فیستڤاڵەى یەکگرتوو بۆ باڵاپۆشى ڕێکخستى لە هەڵەبجە، تۆ پێشتر خۆت یەکگرتوو بووى ئەوە باش دەزانى ئەم جۆرە چالاکییانەى یەکگرتوو شتێکى چاوەڕوانکراوە، وە یەکگرتوو خۆشى زیاتر وەک حەرکەیەکى پەروەردەیى خێزانى دەبینێ؟

سۆران سێوکانى: من پێموایە حیزب هەر حیزبە و سیاسەت دەکات، یەکگرتوو ئەم چالاکییەى بە ناوى ڕێکخراوى گەشەپێدانى قوتابیان کردووە، وە من هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵ ئەوەى کەسێک حیجاب دەپۆشێ، بەڵام بەکارهێنانى حیجاب هیچ جیاوازى نییە لەگەڵ چەک، جارێک پیاوێک عاقڵ پێگوتى: دەزانى جیاوازى ئێوە و بزووتنەوە چییە؟ گوتم: نەخیر، گوتى: بزووتنەوە بە شمشێر سەرمان دەبڕن، بەڵام ئێوە (یەکگرتوو) بە لۆکە سەرمان دەبڕن.

نوچەنێت: بۆچى ئەو هەموو کەسانەى لە پارتە ئیسلامییەکان باگڕەوەندێکى مەلایەتییان نییە، یاخود بەجیاواز بیردەکەنەوە و خوێندنەوە و تێڕوانینى خۆیان هەیە، تا ئاستى سەرکردایەتیى پارتەکانیان دەچن، بەڵام دواتر ناتوانن بەردەوامى بدەن بە کارى سیاسى لە ناو حیزبەکانیان؟

سۆران سێوکانى: وەک پێشووتریش باسمکرد، ئێمە لەگەڵ چەند کەسێک لەوانە عەبدولڕەحمان سەدیق لە (1997) باسى سیاسەت و بانگخوازیى و لێکردنەوەى پاشگرى ئیسلامییمان دەکرد، هەر زوو هەستمان بەبێ تاقەت بوون کرد لەناو حیزبى ئیسلامى، بۆ نموونە من باسى خۆم دەکەم، من شتێک باوەڕم پێى نەبێت ناتوانم درۆ لەگەڵ خۆم و خەڵک بکەم. جارێک دوو لە هاوڕێیەکانم کە دواتر بوونە وەزیر و ئەندام پەرلەمان گوتیان تۆ دوایى هیچت بەرناکەوێ، منیش گوتم: ئەگەر ئێوە بوونە ئەندام پەرلەمان بەڵێن بێت لە دەرگاتان نەدەم. من لە ڕابردوو بەرگریم لە فکرەیەک کردووە، بەڵام کە باوەڕم پێى نەما تەواو، بۆیە ناتوانم درۆ لەگەڵ خۆم بکەم. ئەوانەى کە ماونەتەوەش لە ناو حیزبە ئیسلامییەکان هەر باوەڕیان پێى نییە، ئێستا کەسانێک دەناسم و قسەشم لەگەڵ کردوون لە ناو مەکتەبى سیاسى یەکگرتوون، لەمن بێ ئیمان ترن بەرامبەر یەکگرتوو و فکرى ئیسلامى، بەڵام ماونەتەوە بۆ بەرژەوەندیى خۆیان. چەندین جار کەسانێک لە بەرنامەى تەلەفزیۆنى دژى من بوونە و مناقەشەیان لەگەڵ کردووم، بەڵام دواى بەرنامەکە گوتیان ئێمەش وەک تۆ باوەڕمان بە فکرى ئیسلامى سیاسى نییە، بەڵام لە پێگە و لە دەستدانى بەرژەوەندییەکان دەترسن.

نوچەنێت: ئێوە ماوەییەکى زۆرە ڕەخنە بە کارى حیزبە ئیسلامییەکان دەگرن، پێتانوایە دەبێ شێوازى کارى سیاسى پارتە ئیسلامییەکان چۆن بێت؟

 

کۆمەڵ تەنها ناوەکەى گۆڕییە، نەک ئایدۆلۆژیاکەى

 

سۆران سێوکانى: من بڕوام بە شتێک نییە پێى بڵێن حیزبایەتیى ئیسلامى، نەک ئیسلامى هەموویان حیزبى ئایدۆلۆژین، حیزب نابێ ئایدۆلۆژى بێت وەک حیزبى مارکسییەکان، بەڵکو دەبێ خزمەتکارى خەڵک بێت، نەک ئایدۆلۆژیا بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ، هەموو پارتێکى ئایدۆلۆژى بەلاى منەوە ڕەفزە، وەک حیزبى کۆمۆنیست، شیوعى، بەڵام ئەگەر حیزب ئایدۆلۆژیاى خەڵک بێت وەک لیبڕالیزم ئەمە قسەیەکى ترە. ئێستا لە ئەمەریکا دیموکراتەکان لیڕاڵێکى کۆمەڵایەتی و نیمچە چەپن، بەو مانایەى حکوومەت نابێ تەداخولى ژیانى خەڵک بکات، دەوڵەت تەنها پاسەوانى سنوورەکان و ئاسایشى ناوخۆیە، حیزب دەبێ لەسەر ئەم فکرانە دابمەزرێ، نەک ئەوە ئیسلامییە دەبێ حیجاب فەڕز بکات، ئەوەیتریان عەلمانییە حیجاب لاببات. کەسێک حیجاب نەبێ یاخود نوێژ نەکات لە ناو یەکگرتوو و کۆمەڵ جێگاى نابێتەوە، کەواتە ئەمە حیزبێکى تۆتالیتارى ئایدۆلۆژییە یان ناتوانى پیاوێکى ئیماندار بیت و لە ناو حیزبێکى کۆمەنیستى بیت شتێکى وا نابێت، بەڵام ئەو حیزبانەى لیبڕاڵن یاخود حیزبێک بۆ خزمەتى خەڵک بێت نابێت ئایدۆلۆژیایەکەى بۆ هەندێ خەڵک بێت، بەڵکو دەبێت بۆ هەموو خەڵک بێت، ئێستا دەتوانم دەنگ بە پارتى و یەکێتى و گۆڕان بدەم، بەس ئامادە نیم دەنگ بە کۆمەڵ و یەکگرتوو بدەم ئەگەر کەسێکى ئیمانداریش بم، بە هەمان شێوە بە کۆمەنیستیش نادەم، چونکە حیزب واتە ئیدارەدانى وڵات نەک لە پیناو ئایدیۆلۆژیاکەت شەڕ بە خەڵک بکەى و هەموو شتێک بە قوربانى خۆى بکات، هەروەک چۆن حەسەن تورابى گوتى: ئەگەر سێ یەکى گەلى سودانى لەپیناو حیزبى ئیسلامى لە ناوبچێت کێشەمان نییە. لە کوردستان ئەو حیزبانەى سەردەستن ئەوانیش ئایدۆلۆژیایان هەیە، پارتى و یەکێتیىش نەیاتوانیوە بە تەواوى لە ئایدۆلۆژیا دەربچن و ببنە حیزبى خزمەتکردنى خەڵک، پارتى باشترە چونکە هەموو خەڵکى جێگاى تێدا دەبێتەوە. من تەنها مەبەست کوردستان نییە، ستالین لە پێناو حیزبەکەى بە ملیۆنان کەسى کوشت، لە کەمبۆدیا لە شەش ملیۆن کەس، لە ماوەى چوار ساڵدا دوو ملیۆن کەسى لێکوشتن، کە حیزبێکى کۆمەنیست حکومی دەکردن دواجار ئایدۆلۆژیا دەبێتە نەخۆشى و کوشتارگە، ئەگەر یەکگرتوو و کۆمەڵ دەڵێن ئێمە خۆ نەگەیشتوونەتە دەسەڵاتە ئەمە مەسەلەیەک نییە، دەسەڵاتیش بگرنە دەست، بەم عەقڵییەتە هەمان شتیان لێدەردەچێت، ئەوپەڕى خوێن ساردیەوە خەڵک دەکوژن، دەڵێن شەرع فەرموویەتى، بەڵام ئەو کاتەى بەدەسەڵات دەگەن و هێز پەیدا دەکەن.

نوچەنێت: بۆیە پرسیارەکانم لەچوارچیوەى حەرەکەى ئیسلامیى لە کوردستان لە جەنابت دەکەم، چونکە خۆت ماوەیەکى زۆر لە ناو حیزبێکى وەک یەکگرتوو بوویى و ئاگادارى رووداوەکانى، بەبۆچوونى تۆ بۆچى لە (1995 تا 2000) جارێک کافرت دەکەن جاریک بە موعتەزیلە ناو دەبەن، ئێوە چیتان گووتبوو بەمجۆرە تاوانبارین دەکردى؟

سۆران سێوکانى: من ئەوکات سەرسنوورى گۆڤارى هەژان بووم، کە گۆڤارێکى نوخبەویى بوو، ئەو بابەتانەى تێدا بڵاودەکرایەوە فکرى بوون، چەندینجار خۆم بیستوومەتەو لە ناو سەرکردایەتیى یەکگرتوو گوتویانە گوێ لە سۆران نەگرن ئەوە موعتەزیلەیە، موعتەزیلە واتە عەقڵ، ئیتر موعتەزیلە یانى چى.

نوچەنێت: باشە ئێوە چە جۆرە بۆچوونێکت هەبوو لە نووسینەکانتدا، کە وایدەکرد ئەوان بەو جۆرە سەیرى تۆ بکەن؟

سۆران سێوکانى: ئەوەى لەبیرم بێت، لە دواى هێرشەکەى 11ى سێپتەمبەر لە ئەمەریکا، لە بابەتێکدا بە ناوى سایکۆژلۆیاى تیرۆر، باسى ئەوەم کردبوو کە سایکۆلۆژیاى تیرۆر شتێک نییە لە دەرەوەى خۆمان بێت، تیرۆر شتێکە لە پەروەردەى ئێمەى ئیسلامی دا بوونى هەیە، بۆ نموونە تۆ کەسێک بێبەش دەکەى لە خۆشییەکانى دنیا، گۆرانى و ئافرەت حەرامە، لەولاشەوە بەهەشتێکى بۆ دروست دەکەى کە حەفتا حۆرى تێدایە، ئیتر کە ئەم گەنجە باوەڕى هێنا ئەم هیچ نییە، بۆ ئەوەى بچێتە بەهەشت خۆى دەتەقێنێتەوە. ئیتر لەسەر ئەو بابەتە وازم لەو گۆڤارە و هەموو شتێک هێنا.

نوچەنێت: ئایا ئەوە بۆچوونى چەند کەسێک بوو یان بۆچوونى فەرمى حیزب بوو، کە ئێوەیان بە موعتەزیلە دەزانى؟

سۆران سێوکانى: خۆى حیزب بەتایبەتى یەکگرتوو ئەوەندە فەقیر نییە شتێکى فەرمى دەربکات، سەرەتا دەنگۆیەک بڵاودەکەنەوە، بۆ تێکشاندنى کەسە، بۆیە بە فەرمى ڕایناگەینن.

نوچەنێت: جەنابتان ئەگەرچى بێ هیوان  بەرامبەر بە ئیسلامیى سیاسى، بەڵام ئێوە داهاتووى کارى ئیسلامى لە کوردستان چۆن دەبینى؟ پێتوانییە لە ئێستادا ئەوان گۆڕانکارى زۆریان بەسەر بیرکردنەوەى خۆیاندا هێناوە، بۆ نموونە لە مەسەلەى جیهاد و دانانى چەک، ئەوەتا کۆمەڵ پاشگرى ئیسلامییەکەشى لابرد، پێشبینى دەکرێ لە کۆنگرەى داهاتوو یەکگرتووش هەمان بڕیارى کۆمەڵ بدات؟

 

ئێستا ئەو شیعەگەرایەتییەى و عێراقچیەتییەى کۆمەڵ دەیکات، شیعەش نایکات

 

سۆران سێوکانى: ئەوانە هەمووى لە پێناو دەسەڵاتە، وە پێموایە مادەم کۆمەڵ پاشگرى ئیسلامى لایبرد، یەکگرتوو نایکات، چونکە وا دەزانن بەمێشوەیە دەنگەکانى کۆمەڵ بۆ ئەوان دەبێت.

نوچەنێت: با پرسیارەکەم بە شێوەیەکى دیکە بکەم، ئایا ئەم هەنگاوانە گۆڕانێکى فکریى ئیسلامییەکانن یان جۆرێکە لە تاکتیکێکى سیاسى کاتى بۆ بەدەستهێنانى زۆرترین کورسى پەرلەمان و دەسەڵات؟

سۆران سێوکانى: کۆمەڵ تەنها ناوەکەى گۆڕیە، نەک ئایدۆلۆژیاکەى، چونکە کۆمەڵ بە ناوە کۆنەکەى وەک جماعە ئیسلامی میسڕى دەردەچێ، دەمەوێ ئەوەش بڵێم، بەنیازیشم وتارێکیشى لەسەر بنووسم، خۆى سروشتى حیزبى ئیسلامى ڕادیکاڵ و سەلەفى وایە، کە بەرەوکرانەوە ڕۆشت، زۆر بەخێرایى واز لە هەموو شتێک دێنێت، سروشتى توندڕەوى هەروایە، کۆمەڵ لەبەر ئەوەى لەسەرەتدا چەکدار و جیهادیى بوون تاوەکو (2003)، تەنانەت لە (2007)یش خۆم گوێم لە عەلى باپیر بوو لە کۆڕێکدا، کە سەدان کەس دانیشتبوون، دەڵێت دیموکراسى و پەرلەمان کوفر و حەرامە.

نوچەنێت: بەڵام کۆمەڵ دواجار بەشدارى حکوومەتى کرد و چووە ناو پەرلەمانیش؟

سۆران سێوکانى: بەڵى، بەڵام ئێستا ئەو شیعەگەرایەتییەى و عێراقچیەتییەى کۆمەڵ دەیکات شیعەش نایکات، ئەو چەقۆ و خەنجەرەى ئەندام پەرلەمانەکانى کۆمەڵ پشتى هەرێمى کوردستانى دەدەن کەسى تر نایکات، چونکە سروشتى توندڕەوەی وایە، کە هەڵگەڕایەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان زۆر بە خراپى دەڕوات، بڕۆ سەیرى فەیسبووک ىئەندام و لایەنگرانى بکە کۆمەڵ بزانە چى بە هەرێمى کوردستان دەڵێن، حاجى ئەحمەد ڕەشید کە ئەندامى سەرکرداتیى کۆمەڵە ئەو قسانەى ئەو دەیکات چە جیاوازییەکى لەگەڵ قسەکانى هۆشیار عەبدوڵڵا و سەرکەوت شەمسەدین هەیە بۆ دژایەتییکردنى هەرێمى کوردستان، سەیرى ڕاگەیاندنى کۆمەڵ و کەناڵى پەیام بکە، چە جیاوازییەکى لەگەڵ کەناڵى ئێن ئاڕ تى و کەناڵى خیزبى دعوەى ئیسلامى هەیە، جیاوازییەکە تەنها زمانە، ئەوەیان کوردییە ئەویترى عەرەبییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین