جەودەت جەعفەر: هەندێ کەسایەتى داواى جۆرە جلوبەرگێکم لێ دەکەن کە بۆ کەسى ترم نەدوورى بێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

جەودەت جەعفەر، بەرگدوور و دیزاینەرێکى ناسراوى هەولێرە، لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ نوچەنێت، باس لە ژیانى پیشەکەى دەکات و دەڵێت، ئێستا خەڵک زۆر گرنگى بە شێوازى جلوبەرگ و دیزاینەکەى دەدەن.

ئەو بەرگدوور و دیزاینەرە، کە زیاتر جلوبەرگ بۆ کەسایەتى و هونەرمەندەکان لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان دەدوورێت، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەو کەسانەی دێنە لای ئێمە لە کاری تایبەت دەگەرێن بە کاری ئاسایی رازی نابن، کەسانی خاوەن سەلیقەن دەیانەوێت شتێکی نایابیان دەست بکەوێت، دەتوانم بڵێم زۆرێک لە هونەرمەندەکان و پێشکەشکارەکان دێنە لای ئێمە جل و بەرگەکانیان بۆ دەدورین."

 

دەقى دیمانەکەى جەودەت جەعفەر، بەرگدوور و دیزانیەر لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت نێت : چۆن دەستت بە کاری بەرگدووری کرد؟

جەودەت جەعفەر: من دانیشتووی خەڵکی هەولێرم لە گەرەگی تەعجیلی شاری هەولێر لە دایک بووم، هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە ئەو کاتەی لە قۆناغی پێنجەمی سەرەتایی بووم خولیایی کاری بەرگدووریم کردوو،ە ئەو کاتانەی کە پشووی هاوین دەبوو دەچوومە لای بەرگدوورەکانی هەولێر کاری بەردەستی ئەوانم دەکرد، 

نوچەنێت: چۆن وەکو دیزاینەر دەرکەوتی ئایا ئەکادیمیە هەیە لەو بوارە، یان هەر لە رێی بەرگدروویەوە گەیشتیە ئەو کارەی ئێستات کە دیزاین دەکەی؟

جەودەت جەعفەر: بەڵێ من ئەکادیمیام خوێندوە، بەڵام پێش ئەوەی ئەکادیماش بخوێنم دەمتوانی ئیشی دیزاین بکەم، بۆ ئەوەی کە پەرەی زیاتر بە پیشەکەم بدەم لە ساڵانی 1989 – 1990 لە بەغدا بەشداربووم لە (دار أزياء العراقي) کە ئەو کات مامۆستایانی هیندی خولی تایبەتیان دەکردەوە منیش بەشداریم کرد، خۆشبەختانە دوای ئەو خولانە توانیم هەر لەوێ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەکو بەرێوەبەری دیزاینەرەکان لە (دار ازیاء العراقی) کار بکەم. 

نوچەنێت: چەند جۆر دیزاین دەکەن واتا ئەو جۆرە جل و بەرگەی کە دیزاینیان بۆ دەکەن چی و چین؟

جەودەت جەعفەر: ناتوانین بڵێن ئەوەندە جۆرە دیزانە دەکەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دیزاین لە جلوبەرگی کوردی و جل و بەرگی تایبەت بە بۆنە و ئاهەنگ و بێگومان جلی دەرەوەش و هەروەها جل و بەرگی فەرمیش کە بۆ دام و دەزگاکان دەپۆشرێن وەکو چاکێت و پانتۆڵ یانیش چاکێت و تەنورە، دیزانیان بۆ دەکەین،  دیزاینی جلی کوردی بە پێی ناوچەکان دەگۆرێت وەکو ناوچەی رۆژهەڵات  ناوچەی رۆژئاوا بەو شێوەیە، بەڵام بۆ جلی ئاهەنگ و بۆنەکان بە پێی حەز و ویستی ئەو کەسەیە کە داوای دەکات، هەروەها دەبێ بزانین چ جۆرە بۆنەیەکی هەیە لە چ شوێنێکە بۆنەکەی ئایا لە هۆڵە یان لە باخچەیە، و ئاهەنگەکە ئاهەنگی گواستنەوەیە یان مارەبرینە ، لە دایک بوونە، ئینجا ئێمە بریار لەسەر شێوازی دیزاینەکە دەدەین.

نوچەنێت: ئایا هیچ کەسێکتان لەگەڵ بەشدارە لە کاری دیزاین یان هەر خۆتان تەنها ئەو کارە دەکەن؟

جەودەت جەعفەر: نەخێر بۆ کاری دیزاین کردن تەنها خۆم ئەو کارە دەکەم، بەڵام لێرە ٥ کەس بەردەستیم دەکەن، ئەو کەسانەش خەڵکی دەرەوەن کەسانی بە ئەزموونن لەو کارەدا کە لە وڵاتانی خۆیان ئەو کارەیان کردوە من خۆم ئەوانم هێناوە هەتا لەگەڵم دا کار بکەن وەک گوتم بەردەستیم دەکەن ئەگەرنا بۆ کاری دیزاین بەس خۆم دەیکەم.

نوچەنێت: ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت دیزاین لە جل و بەرگیان  بکەن کێن لە چ چینێکن چ کەسایەتیێکیان هەیە؟

جەودەت جەعفەر: ئێمە کار بۆ هەموو کەسێک دەکەین، بەڵام زۆری ئەو کەسانەی دێنە لای ئێمە لە کاری تایبەت دەگەرێن بە کاری ئاسایی رازی نابن، کەسانی خاوەن سەلیقەن دەیانەوێت شتێکی نایابیان دەست بکەوێت، دەتوانم بڵێم زۆرێک لە هونەرمەندەکان و پێشکەشکارەکان دێنە لای ئێمە جل و بەرگەکانیان بۆ دەدورین، بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەی لە دوای کارێکی تایبەت دەگەرێن دێنە لای ئێمە.

 نوچەنێت: کەواتە ئێوە کاری تایبەت دەکەن بێگومان کاتی زۆرتری دەوێت و لە هەمان کاتیشدا نرخەکان بەرزتر دەبن؟

جەودەت جەعفەر: بەڵێ ئەوە راستییە بۆ هەموو شتێک نەک تەنها بۆ بەرگدوورین تۆ کە شتێکی تایبەتت بوێت دەبێت پارەیەکی زیاتریشی بۆ دابنێی، هەندێک کەس دێنە لای ئێمە دەڵێن ئەو جۆرە دیزاینە تایبەت بۆ من بکە بۆ هیچ کەسی تر مەیکە بێگومان نرخی ئەوە زیاتر دەبێت.  

نوچەنێت: هونەرمەندەکان گرنگی بە دیزاین دەدەن واتا ئەگەر کارێکی تازەیان هەبێ دەیانەوێت بە ستایلێکی جیاوازەوە دەربکەون خۆیان داوای دیزاینەکان دەکەن؟ 

جەودەت جەعفەر: پێش ئێستا وابوو تەنها هونەرمەند و پێشکەشکار و یاخود ئەوەی بۆنەیەکی تایبەتی هەبوو ئەوەیان دەویست، بەڵام ئێستا خەڵک هەیە تەنانەت لە ماڵەوەن دەیانەوێت کاری تایبەتیان بۆ بکرێت یانیش دیزاین دەینن دەڵێن جلێکمان بۆ ئامادە بکە بۆ کەست نەکرد بێ یانیش کە دیزاینەکە هەڵدەبژێرێت دەڵێت نامەوێ بۆ کەسی تر ئەو دیزاینە دروست بکەی ، لێرە ئەو کەسە دەبێ باجی ئەوە بدات کە تەنها خۆی ئەو دیزاینەی دەوێت نایەوێت بۆ کەسی تر ئامادە بکەم بەمەش نرخی دوورینی جل وبەرگەکەی زیاتر دەبێت، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی لەو سەردەمەی ئێستادا دەتوانم بڵێم لە هەموو چینێک و لە هەموو جۆرە کەسایەتیەکان و خەڵکانی ئاسایش گرنگی بە دیزاین وجل و بەرگ دەدەن دەیانەوێت بە شێوەیەکی جوانتر و جیاواز دەربکەون. 

نوچەنێت: ئایا جەودەت تەنها لە هەولێر کاری دیزاین دەکات یان لە شوێنی تریش ئەو کارە دەکەی؟

جەودەت جەعفەر: نەخێر من کاری دیزاین لە دەرەوەی وڵاتیش دەکەم، لە ئێستادا کۆمەڵە کەسێک چاوەرێمن ئەوە نزیکەی دوو مانگە دەمەوێت بچم کاری دیزاینەکەیان بۆ بکەم، بێگومان خۆیان داوای منیان کردوە لەسەر ئەستۆی ئەوان دەچم و دەگەرێمەوە، هەروەها لێرەش زۆرێک لە خێزانەکان نایانەوێت بێنە لای ئێمە، شوفێری تایبەت دەنێرن بە دوامان ئێمە دەچینە ماڵەکانیان کاری دیزانەکانیان پیشان دەدەین و کاریان بۆ دەکەین بۆیان دەبەینەوە ماڵەکانیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین