سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان دڵی هەموو کوردستانیانی بریندارکرد کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "هەر لە رۆژی یەکەمی ئەو کارەساتەوە بەڵێنماندا چی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستن و مانەوەی ئێزدییەکان، سەرباری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شنگال."

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (3/ئاب/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمى ساڵیادى هەشت ساڵەى جینۆسایدکردنى ئێزدییەکان لە شنگال وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕایگەیاند، "بێننە بەرچاوتان لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەزاران ئێزدی گوللـەباران کران، لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بە خاکسپێردران. هەزاران کچ و خوشکی ئێزدی رفێندران و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، بە هێزی چەک و کوشتن هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن."

 

دەقى وتارەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

کەسوکاری قوربانییانی کارەساتی شنگال و میوانانی رێزدار و ئامادەبووانی خۆشەویست. پێش هەر شتێک دەمەوێت بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم، بە تایبەتی بەخێرهاتنی نوێنەری جەنابی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی دەکەم کە ئەمڕۆ تەشریفی هێناوە. کۆنسوڵی وڵاتان لە هەولێر بەخێرهاتنێکی گەرمیان دەکەم یەک بەیەک زۆر بەخێر بێن.

ئەمڕۆ هەموومان بە یەکەوە بەدڵێکی زۆر خەمناکەوە یادی هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالییەکان دەکەینەوە کە گەورەترن کارەساتی سەدەی بیست و یەکە بەسەر ئێزدییەکان و گەلی کوردستاندا هات. سەری رێز لە گیانی پاکی شەهیدان و جانگۆریی ئێزدییەکان دادەنوێنین لەم رۆژەدا.

ئەو کارەساتەی داعش بووە پەڕێکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی کوردستان و فەرمانێکی دیکەیە لەسەر ئێزدییەکان، 5 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی بوونە قوربانی. تاوەکو ئێستا دوو هەزار 717 ئێزدی رفێندراو ماون و هێستا 325 هەزار ئێزدی لە کەمپەکان ئاوارەن، 100 هەزار ئێزدی لە وڵاتانی جیهان پەنابەربوونە. زۆرینەی شنگال وێران بووە و خەڵکەکەی بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

بێننە بەرچاوتان لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەزاران ئێزدی گوللـەباران کران، لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بە خاکسپێردران. هەزاران کچ و خوشکی ئێزدی رفێندران و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، بە هێزی چەک و کوشتن هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن.

گەلی خوشک و برا

من دەزانم دڵی هەمووتان پڕە لە خەم و پەژارە و حەسرەت، خەمی ئێوە زۆر گەورەیە، ئەو ژمارانەی ئێمە باسمان کرد زۆر خەمناکە، بەڵام دەبێت هەمیشە گەورەیی ئەو کارەساتە لەبەرچاومان بێت، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین و کار بکەین و زووتر چارەسەر بکەین و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە و هەوڵبدرێت جارێکی دیکە ئەو کارەساتە بەسەر میللەتی ئێمە دووبارە نەبێتەوە.

 گەلی ئێزدییەکان

هەر لە رۆژی یەکەمی ئەو کارەساتەوە بەڵێنماندا چی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستن و مانەوەی ئێزدییەکان، سەرباری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شنگال، بەڵام رفاندن و کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دڵی ئێزدییەکان و هەموو کوردستانیانی بریندارکرد. ئەمە تاوەکو ئێستا بۆ هەموومان برینێکی کراوەیە و بە ئاسانیش لەبیر ناکرێت. هەر ئەوکات نووسینگەیەکمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کردەوە، تاوەکو ئێستا توانیویانە سێ هەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەن.

بەڵێنمان داوە تاوەکو ژنێک، پیاوێک یان منداڵێکی رفێندراو مابێت بەردەوام دەبین، ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە و کەمتریش شتە ئەوەی لەدەستمان بێت بەرامبەر بە میللـەتی خۆمان و بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکەین، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و هیچ منەتێکی تێدا نییە.

داوا دەکەم هەر کەسێک زانیاری دەربارەی رفێندراوەکان هەیە با هاریکاری لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراون بکات تاوەکو بتوانن ئەو رفێندراوانە بدۆزنەوە و پشتیوان بە خودا رزگاریان بکەین.

کاتێک ئەو کارەساتە روویدا بە هاوکاری خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای دهۆک و نەتەوەیەکگرتووەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی خێرا و هەمەلایەنەی کرد بۆ نیشتەجێکردن و پشتیوانیکردنی ئاوارەکانی شنگال. هاوکارییەکانی خەڵک و لەوکاتدا و ئێستاش بۆ ئاوارەکان جێگەی شانازی و سوپاس و پێزانینێکی بەردەوامە. 

زۆر سوپاس بۆ خەڵکی دهۆک، سوپاس بۆ خەڵکی زاخۆ، سوپاس بۆ هەموو خەڵکی بادینان، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەو ناوچەیە دەژین، مامۆستایانی ئایینی، رۆشنبیر، مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایان و هەر کەسێک لەو رۆژەدا رۆڵی خۆیان بینی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئاوارەی ئێزدی. من هەرگیز لەبیر ناکەم، لە هەندێک شوێن مامۆستایانی ئایینی بڕیاریاندا مزگەوت چۆڵ بکەن بۆ ئەو ئاوارانە. ئەو تابلۆی پێکەوەژیانە بە تایبەتی لە کوردستان و بە تایبەتتر لە پارێزگای دهۆک جێگەی شانازییە بۆ میللەتی ئێمە بۆ پارێزگای دهۆک و بۆ کوردستان و بۆ هەموومان، پێویستە تا هەتایە ئەمە بمێنێت و ئەو پێکەوەژیانە بەردەوام بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین