لە هەرێمى کوردستان خواست زیاتر لە کتێبى وەرگێڕدراوە تا کتێبى نووسەرانى کورد دیمانە و راپۆرت

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لە هەرێمى کوردستان، بە وتەى وەرگێڕ و ناوەندەکانى چاپ و بڵاوکردنەوە، کتێبى وەرگێڕدراو خواستى زیاتر لەسەرە تاوەکو کتێبى نووسەرانى کورد، وەرگێڕێکیش دەڵێت، "هیچ ئامارێک لەبەردەست نییە، بیسەلمێنێت کتێبى وەرگێڕدراوە خوێنەرى زیاترە یان نووسەرانى کورد، بەڵام بەپێى زۆرى ژمارەى وەرگێڕانەکان بێت، کتێبە وەرگێڕدراوەکان خواستیان لەسەرە."

حەسەن عالى بورانى، خاوەنى ناوەندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "کتێبی وەرگێڕان خوێنەری زیاترە، چونکە ئەدەبیاتی جیهانی تەمەنەکەی زۆرترە لە ئەدەبیاتی کوردی، ئەدەبیاتی جیهانی پڕە لە شاکاری جوان، بەرهەمى کوردی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێ، هەر لە وڵاتانی دەوروبەری خۆمان ئەدەبی گەورەی لێ هەڵکەوتووە کە هەموو بەرهەمەکانی کراوە بە کوردی و خوێنەریشی زۆرە، لەوانە (یەشار کەمال، ئەلیف شەفەق، عەزیز نەسین، دەوڵەت ئاباد، بزورگی عەلەوی ... هتد)".

ئەگەرچى تا ئێستا ئامارێکى ورد نییە کە خوێنەرى کام جۆر کتێب زیاترە، بەڵام رەسوڵ سوڵتانی، وەرگێڕى کوردى دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو لێشاوی وەرگێڕانەی پاش (2005) لە هەرێمى کوردستان هەیە، دەتوانین بڵێین خوێنەری کتێبە وەرگێڕدراوەکان زیاترن، وە ئەگەر بەرهەمی  سێ چوار  نووسەری بەتوانای کورد بەلاوە بنێت، بەگشتی خوێنەری بەرهەمی خۆماڵییەکان هێندەی خوێنەری وەرگێڕدراوەکان نابن، هەڵبەت پێوەرێکی دیکەش هەیە، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەیەکی ورد هەیە".

لەبەرامبەردا مەسعود بابایی، نووسەر و وەرگێڕ "ئەوەندەی ئێمە سەروکارمان لەگەڵ نووسیندا هەیە ئاستی خوێنەر زۆر زۆر لە ئاستی خوارەوەدایە، هەروەها ئاستی نووسەری وەرگێڕیش وەکو ئاستێکی دڵخواز نییە، ئەمە وای کردووە ئێمە لە هەڵسەنگاندن تووشی کێشە بین، وە ئامارێک لەبەر دەستدا نییە کە ساڵانە چەند کتێب چاپ دەکرێت و چەندی دەخوێندرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە دەیبینین چیرۆک زۆر دەخوێندرێتەوە، رۆمان، بە پلەی کەمتر شیعر، هەروەها هۆگرییەکیش هەیە بە فەلسەفە، خاوەنی فەلسەفەکەش متمانەی نییە بەو کتێبانەی بڵاودەبنەوە، ئەگەر نووسەرەکەش جێگای متمانە نەبێت ئەوەش دوو دڵی دروست دەکات لای خوێنەر، هیچ پێوەرێکیشمان نییە بۆ ئەو وەرگێڕەی کە وەرگێڕان دەکات، نازانین پسپۆڕییەکەیان چییە بەچ پاڵنەرێک وەردەگێڕن و بۆچی خەریکی کاری وەرگێڕانە."

مەسعود بابایى جەخت لەوەدەکاتەوە، "ئێمە دەبێت دامودەزگایەکی نەتەوەییمان هەبێت، بەشێک بێت لە ئەکادیمیا، وەک ئەو ئەکادیمیایەی ئێستا نەبێت ئەکادیمیای ئێستا مردووە، لە ئەکادیمیا بەشی وەرگێڕان پسپۆڕی هەبن، بەڵام چاودێری زمان بن، یەکێکیش لە کێشە گەورەکانی مرۆڤی کورد ئەوەیە کە کوردی نەزانێت، بۆیە ئەگەر دەزگایەکی چاودێر هەبێت کە کادر سازی بکات و کادر پەروەردە بکات سیستەمێکی سانسۆڕ نەک بە مانا نەرێنییەکەی سانسۆڕ بەواتای چاودێری زمان و دەق بێت، ئەم دەقانە بە فلتەرێکدا بڕۆن لانیکەم ئێمە بزانین چیمان هەیە، بۆیە دەبینین کتێبێک سێ چوار کەس وەری دەگێڕن هیچ کەسێکیش پێیان ناڵێت لەسەر چ بنەمایەک چوار پێنج کەس دەچێت کتێب وەردەگێڕن، ئەمە بەفیڕۆدانی سەرمایەی نەتەوەیەکە، ئەو کەسەی کە کتێبێک وەردەگێڕێت دەبێت روونی کاتەوە بۆچی ئەو کارە دەکات، لە هەمانکاتدا هیچ وەرگێڕێک ئاگاداری ئەوی دی نییە کە هەمان کتێب وەردەگێڕێت."

بە بۆچوونى سەنگەر زرارى، کە خۆى نووسەرە و بەڕێوەبەرى (دەزگاى رۆشنبیری فام)ـە، "لە ئێستادا خوێنەری وەرگێڕان زیاترە، وە ئێمە لە بارودۆخێکدا دەژین خوێندنەوە و نووسین ئەگەر بییەوێت بناسرێت نووسینەکانی بەناوی وەرگێڕان بڵاو دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی خوێنەری کورد هێشتا لەو ئاستەن کە پێیان وایە نووسەرەکانی کورد لە ئاستی خواستەکانی ئەو نین، واتا لە ئاستی تێرکردنی خوێندنەوەی ئەو نین، هەر بۆیە زیاتر گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن، لەبەر ئەوە ئەگەر کتێبێکی نووسەرێکی جیهانی بۆ (20) زمان وەرگێڕدرابێت کەواتە ئەو کتێبە هەموو سنوورەکانی بڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەریکە وردە وردە ئارەزوو بۆ نووسینی ناوخۆ پەیدادەبێت".

بەڕێوەبەرى دەزگاى فام دەشڵێت، "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکردووە خوێنەرى کورد خواستى لەسەر کتێبى وەرگێڕدراو هەبێت ئەوەیە کتێبی ئەو نووسەرە بەناوبانگانەن کە کتێبەکانیان وەردەگێردرێتە سەر زمانێکی تر، هۆکارێکی تریش خوێنەر وا هەست دەکات کە نووسەری کورد هێشتا لە ئاستی تامەزرۆیی ئەودا نییە، بەڵام وردە وردەش وا خەریکە خوێنەری نووسەری خۆماڵیش پەیدا ببێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین