د.بنار دزه‌یى: هیچ كچێك سه‌ردانى پزیشكى نه‌خۆشیه‌كانى ئافره‌تان ناكات دیمانە و راپۆرت

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. بنار دزه‌یى پزیشكى پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشییه‌كانى ئافره‌تان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت، باس له‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى منداڵدان ده‌كات و هۆكاره‌كانى ده‌ستنیشان ده‌كات. ئه‌و پزیشكه‌ ناسراوه‌ له‌ دیمانه‌كه‌ سه‌رسوڕمانى خۆى ده‌رده‌بڕێ له‌وه‌ى كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كورد كچ تا شوونه‌كات سه‌ردانى پزیشكى ئافره‌تان ناكات، ئه‌مه‌یش به‌ بڕواى ئه‌و هۆكارێكه‌ بۆ فه‌رامۆشكردنى زۆر نه‌خۆشى، ده‌شڵێ، "حه‌بى مه‌نع هۆكارێكه‌ بۆ تووشبوون به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى منداڵدان ئه‌گه‌رهاتوو بۆ ساڵانێكى زۆر به‌كارهات".

نوچەنێت: شێرپەنجەی منداڵدان چییە؟

د.بنار دزەیی: دوو جۆر شێرپەنجەى منداڵدانمان هەیە، جۆری یەکەمیان ملی منداڵدان دەگرێتەوە، جۆری دووەمیش لە رووپۆشی منداڵدانە.

نوچەنێت: هۆکارە سەرەکیەکانی شێرپەنجەی منداڵدان چین ؟

د.بنار دزەیی: هۆکار زۆرن بۆ تووشبون بە شێرپەنجەی منداڵدان، بەڵام سەرەکیترین هۆکار گوێپێنەدانی ئافرەتانە بە تەندروستی خۆیان، کە زوو زوو پشكنینى خۆیان ناکەن ناچنە لای پزیشکی ئافرەتان. لە کۆمەڵگەی ئێمە وا باوە دەبێ ئافرەت تەنیا دووگیان بێت ئەوجا بچێتە لای پزیشکی تایبەت، یانیش کە هەستی بە شتێکی نائاسایی کرد وەک بینینی خوێنێکی زۆر یان تووشی ئازارێک ببێتەوە ئینجا دەچێت بۆ پشكنین. جاری وا هەیە کار لە کارترازاوە رەنگە تەواو تووشی نەخۆشی بووە، بەوەش چارەسەر وەرگرتنی ئاسان نابێت.

 حه‌بى مه‌نع هۆكارێكه‌ بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى منداڵدان
 

لەبەر ئەوەیە گرنگە هەموو ساڵێک ئافرەت بچێت پشکنینی خۆی بکات، پێویستە ئافرەتان ئاگاداربن لەوەی کە هەستیان بە شتێکی نائاسایی کرد سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن. هەروەها هۆکارێکی تر ئەوەیە کە منداڵدان تووشی هەوکردنێکی زۆر دەبێت، یانیش دەرچوونی گۆشتی زیادە لەناو منداڵدان کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن کە لە ئەنجامی گوێپێنەدان هەوکردنەکە زیاتر دەبێت و بەداخەوە دەبێتە سەرهەڵدانی شێرپەنجەی منداڵدان. هەروەها خواردنی خۆراکی ناتەندروست و وەرزش نه‌كردن و جگەرەکێشان ئەوانەش دەبنە هۆکار بۆ شێرپەنجەی منداڵدان لای ئافرەتان.

نوچەنێت: ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی منداڵدان دەبنەوە زیاتر لە چ تەمەنێکن ئایا ئەو نەخۆشیە کچانیش تووش دەبن؟

د.بنار دزەیی: لە راستیدا ناتوانین ئەوە دەستنیشان بکەین بزانین ئافرەتان لە چ تەمەنێک تووشی شێرپەنجەی منداڵدان دەبن. نەخۆش هاتووە کچ بووە هاوسەرگیریی نەکردووە لە تەمەنێکی بچووک بووە کە لەنێوان 18 ساڵ بۆ 20 ساڵی تەمەنی بووە تووشی شێرپەنجەی منداڵادان بووە. لەبەر ئەوە کۆنترۆڵی ساڵانە زۆر زۆر گرنگە بۆ کچانیش چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە بەداخەوە زۆرێک لە دایکان کچەکانیان بۆ لای دکتۆری پسپۆری ئافرەتان نابەن، پێیانوایە تاکو کچ هاوسەرگیریی نەکات نابێت بچێتە لای پزیشکی ئافرەتان بێگومان ئەوەش بیرکردنەوەیەکی زۆر هەڵەیە لەناو زۆرێک لە خێزانەکان هەیە.

سەبارەت بەو کچ و ژنانەی کە سووری مانگانە نابینن دەبێ بە زووترین کات پشکنین ئەنجام بدەن کە پێی دەگوترێت (مسح من عنق الرحم) تاکو دڵنیاببنەوە لەوەی کە ئایا تووشی شێرپەنجەی منداڵدان بوون، لەبەر ئەوە دیسان دەڵێمەوە ئافرەت هەتا لە ژیان ماوە دەبێ هەموو ساڵێک ئەو پشکنینە ئەنجام بدات.

نوچەنێت: ئایا رێگریکردن لە منداڵبوون دەبێتە هۆکار بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان؟

د. بنار دزەیی: سەبارەت بە رێگاکانی رێگرتن لەمنداڵ بوون زۆر نابنە هۆکار بۆ تووشبوون بە نەخۆشی، بەڵام وەرگرتنی حەبی مەنع بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نموونە ماوەی پێنج ساڵ یان زیاتر، هەندێ جار دەبێتە هۆکار بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان، یانیش شێرپەنجەی مەمک، لەبەر ئەوە باشترە ماوەی وەرگرتنی ئەو دەرمانە زۆر نەخایەنێت.

نوچەنێت: دەرهێنانی منداڵدان لە ئێستادا لاى ژنان زۆر بووە کە تووشی نەخۆشی منداڵدان دەبن و دواجار دەبێ منداڵدانەکەی فرێ بدات، رێژەیەکی دیاریکراو هەیە بۆ ئەو حاڵەتانە؟

د. بنار دزەیی: بەڵێ لە ئێستادا دەرهێنانی منداڵدان زۆر بووە، بەڵام ئێمە سەیر دەکەین ئەگەر شێرپەنجەکە لەسەرەتای منداڵدان بێت واتا لە ملی رەحم بێت ئەوە بەشێک لە منداڵدان لێدەکرێتەوە پێویست ناکات هەمووی فرێ بدرێت، بەڵام ئەگەر هەموو منداڵدانەکەی گرتبوو ئەوە ناچار دەبین کە هەمووی فرێ بدرێت. بۆیە ناتوانرێت رێژەیەکی دیاریکراو هەبێت.

نوچەنێت: پێش ئەوەی بریاری نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بدەن  بە مەبەستی دەرهێنانی منداڵدان چارەسەری پێویستی پێ دەدەن، هیچ کاتێک هەبووە منداڵدانەکە فرێ نەدەن و بە چارەسەر وەرگرتن راوەستا بێت؟

د.بنار دزەیی: چارەسەر وەرگرتن بۆ شێرپەنجەی منداڵدان بەگوێرەی تووشبوونی منداڵدانەکە دەگۆڕێت، کە ئایا نەخۆشیەکە لەسەرەتا دایە یانیش بەسەرچووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی وا باشترە بۆ ئەو ئافرەتانەی کە منداڵیان هەیە و تووشی نەخۆشی منداڵدان دەبن فرێی بدەن باشترە، ئەگەریش کچ بێت و نەخۆشییەکەی لەسەرەتا بێت بتوانرێت بە چارەسەر رابگیرێت، دەتوانرێ منداڵدانەکە فرێ نەدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین