خەرامان محەمەد جاف: ده‌بێت ژنان بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام با چاوه‌ڕوانى فه‌رموو نه‌كه‌ن دیمانە و راپۆرت

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

خه‌رامان محه‌مه‌د جاف ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ گرنگى هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ژنان له‌ بوارى سیاسه‌ت ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، گرنگه‌ ژن بێته‌ ناو سیاسه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ دیدگاى هه‌بێت و رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى خۆى وه‌ك دایكایه‌تى له‌بیر نه‌كات. خه‌رامان جاف ده‌ڵێ، "ده‌بێت ژنان بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام نابێت چاوه‌ڕوانى فه‌رموو بكه‌ن".

تێڕوانینتان بۆ کۆنفڕاسی بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان چیە؟ رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەم بارەیەوە چۆن دەبینن؟ 

ئه‌نجامى كۆنفراسه‌كانى ژنان وه‌ك پێویست نییه‌

بێگومان بابەتی کارکردن لەسەر ئەوەی کەوا پێگەی ئافرەتان یان بڵێین پێگەی خوشکان بە شێوەیەکی گشتی، چەسپاو بێت، لە ئاستی پێویست بێت، گەشە بە تواناکانیان بدرێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە شێوەیەکی گشتی ژن ئەگەر بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێویستی بە هەوڵی زیاتر بێت. پێویستی بەوەیە زیاتر هەم خۆی کار بکات، هەم کاری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بە تایبەتی لە بواری سیاسی و لە کۆڕ وکۆبونەوە سیاسیەکان و لە بڕیاردان. لەم شوێنانە جێی پێی خۆی بکاتەوە پێویستی بەوەیە کەوا لە کۆنفراسه‌كان و کۆبوونەوە و وۆرک شۆپه‌كان و هەموو ئەو چالاکیانەی کەوا لە رێگەیەوە باس لە بەرەوپێشبردنی پێگەی ژن لە بواری سیاسی بكرێ. ئەوە خۆی لە خۆیدا شتێکی باشە یاخود بڵێین یەکێکە لە فاکتەرەکان کە ژن دەتوانێ لە رێگەیەوە دەنگی خۆی بگەیەنێ، بەرنامە و میکانیزمی بۆ دابنرێ بۆ ئەوەی ژن بێتە پێشەوە و کاری خۆی بکات یاخود بڵێین لە لە بڕیاردان و لە ناوه‌ندى بڕیاردان، دەنگوڕەنگی خۆی هەبێت، تا بڕیار بڕیاری هەردوو رەگەز بێت. چونکە هەموو حزبەکان، پێکهاتەکەیان لە هەردوو رەگەزەکەیە، بۆیە پێویستیان بەوەیە کەوا بڕیارەکانیش بڕیارەکانی هەردوو رەگەز بێت، کاتێک ژن دێتە گۆڕەپان  دێتە مەیدان کار دەکات هەر بۆ ئەوەیە کەوا بە هاوکاری رەگەزەکەی تر کە پیاوە کار بکات، بۆ ئەوەی ئیشەکە باشتر بێت بەرەو باشتر بڕوات، تەواوکەری یەکتر بن بە راستی ئەو کۆنفراس و شتانە باشن بەڵام خەریکە وای لێدێت ده‌بێته‌ رۆتین، یان بڵێین ئەویش ببێتە شتێک ناوی لێنەنێن "رۆتین"، هەست دەکەین دەرئەنجامەکانی زۆر بەهێز نین با ئاوا بڵێم. ئه‌نجامى کۆنفڕاسەکان وایلێهاتوە زۆر کاریگەری کەمترە، لەوەی کە ئێمە چاوەڕێی بکەین، بۆ نموونە ئەگەر باسی ( هەشتی مارس ) و ( بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان) بکەین ئەمانە هەموو کۆنفراسانه‌ سەرتاسەری دەگێردرێن لە ئاستی باڵا و لەسەر ئاستی حکومەت، بەڵام دەرئەنجامەکەی هەتاوەکو ئێستا دەرئەنجامێکی زۆر باش نەبووە، ئەکتیڤ نەبووە وەکو بڵێین زۆر دڵخۆشکەر نەبووە. له‌وانه‌یه‌ لێرە ولەوێ کاریگەریەکی کەم هەبووبێت بەڵام ئەمە چەند ساڵە واتە زۆر دەمێکە لەوەتەی کورد دەسەڵاتی خۆی وەرگرتوە ژن هاتۆتە ناو واقیعی کارکردن لە کوردستان ئەم کۆنفراسانە بەردەوامن، ئەگەر بەپێی بەیاننامه‌ى كۆتایى کۆنفڕاسەکان و دەرئەنجامی کۆنفڕاسەکان بووایە، دەبووایە ئێستا ژن لە ئاستێکی باڵاتر بووایە.

هۆکارەکەی چیە  دەرئەنجامی کۆنفڕاسەکان لەو ئاستە نین؟

یه‌ك هۆكار نییه‌، به‌ڵكو چه‌ند هۆكارێكه‌. بێگومان دەکرێ هۆكاره‌كان پۆلین بكه‌ین، به‌وه‌ى به‌شێكیان په‌یوه‌ندى به‌ ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى هه‌یه‌، هەر بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە دادەنرێ بۆ پەرلەمان، بۆ حکومەتیش دابنرێت. چونکە ئێمە بۆ نموونە لە گرووپی ژنانی ئاشتی پارتە سیاسیەکان ئەندامین لە ( 2011 ) ئەم گرووپە دروست بووە، کۆمەڵێک یاداشتمان داوە بە مەکتەبى سیاسی هەموو حزبەکان، سەردانی سەرۆکی حزبەکان کراوە، ئینجا بەیاننامە دەرکراوە، کۆبونەوەی ساڵانەی لووتکەمان هەیە، کە هەمووی راگه‌یێندراوى بەهێز و قسەی بەهێزی تێدا کراوە، دەکرێ یان بڵێین حکومەت بێتەسەرخەت، ئەوە بەشی حکومەتە کە بەجددی بێتە سەرخەت، کە بە راستی ژن هێشتا ماویەتی بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی بیەوێ و داوای دەکەن. بەشەکەی تری خەڵک و کۆمەڵگایە، خۆی لە خۆیدا هەر کۆمەڵگەی ئێمە لەسەرەتادا یاخود بڵێین لە دێرزەماندا ئاوا هاتووە گۆڕانکارییەکان کە دەکرێن قووڕس دەکرێ واتە ئەوەی کە لە ئەقڵیەتی تاکی کوردیدا هەیە تا رادەیەک کارکردن لەسەری لەوانەیە قووڕسترە، ئیشەکە تۆزێک قووڕستر دەکەن، هەرچەندە ئینسان دادپەروەرانە  قسە بکات، راستی قسە بکەین ئەوە نەبێت لەدەرەوەی راستی بێت، گۆڕانکاریی زۆر باش دەبینین لە هاتنە پێشەوەی ژنان کە ئەویش بەشێکی زۆری توانایی ژنان خۆیان، تەحه‌دای ژنان هاتنە پێشەوەی ژنان خۆیان ئەو ژنانەی کە ئێستا لە ناوەندی بڕیاردان، کاردەکەن و لە كۆڕ و كۆڕبه‌نده‌كان و پلە و پۆستدا ژن دەبینین.

جگە لەمەك کۆمەڵگە خۆی لە خۆیدا بەشێکی تری ژنان خۆشمان بە شێوەیەکی گشتی هێشتا هەرماون، زۆرجار نابێت ئێمە باسی ده‌سته‌یه‌كى زۆر دیاریکراو بکەین، دەبێت باسی ژن بە گشتی بکەین، زۆرجار دەبینین هەڵە و کەموکورتی ژنان خۆشیان تێدا هەیە، بەشێوەیەک لە شێوەکان، بۆ نموونە لە هەندێ بواردا بابەتی سیاسی رەگەزەکەی بەرامبەری بە باشتر و گونجاوتر بزانێ هەر لەناو ژنانیش ئەمە هەبێت، یان ژنان خۆمان تێكه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت نەبین و نەتوانین زۆر سیاسییانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، له‌به‌رى ئه‌وه‌ى هەندێ سیفاتی سایکۆلۆژی و کۆمەڵێک لەو شتانەی کە ژنی لێپێکهاتووە بەو شێوەیه‌یە. جا لەبەر ئەوە رێگرییەکان زۆرن، بۆ نموونە جاری وا هەیە راگەیاندن یەکێکە لە رێگرییەکان، کە دەڵێم راگەیاندن رێگرییە زۆرجار ئێمە لە فیلمەکان و لە دراما کوردییەکان بگرە دەبینین کاریگەری و هێزی ژن پیشان نادەن، هەر چەندە ئێمە زۆر هەژاریین لە بواری دراما و سینەما و ئەو بابەتانە، بەڵام کە کاتێکیش پیشانی دەده‌ن، له‌ زۆرینەی دراماکان رۆڵی ژن رۆڵێکی لاوازە، یان ئەوەتا بۆ نموونە ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ى پیشانی دەدات ژنێکی دەستەمۆیە یان درامایەکی ئەوەندە بەهێزمان نییە بۆ نموونە رۆڵی ژنێکی بە توانا لە سەردەمە دێرینەکانی پێشوو، بیهێنی بیکاتە درامایەکی بەهێز و نموونە کە ژنان لە هەرێمی کوردستان دەیبینن. ئینجا لێرەدا لە مەسەلەی ژن و راگەیاندن بەو شێوەیە نییە بۆیە هەمیشە زۆربەی زۆری مەکتەب راگەیاندنەکان و بەرپرسی دەزگاکانی میدیایی ئاستە باڵاکان ئەگەر بە دەگمەن و تاک و تەرا ببینین ژنی تێدایە، ئەویش خۆی لە خۆیدا کاریگەری دەبێت لە داڕشتن و بابەتی ئەو سیاسەتەی راگه‌یاندن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، جا لەبەر ئەوەی کە دەڵێم میدیا و سۆشیال میدیا و تەلەڤزیۆن و هەموو كه‌ناڵه‌كان، بە شێوەیەکی گشتى دەکرێت باس لە مه‌سه‌له‌ى ژنان بكه‌ن.

راگه‌یاندنه‌كان وه‌ك پێویست
بۆ مه‌سه‌له‌ى ژنان هه‌وڵ ناده‌ن

مێژووی ئافرەت و خەباتیان لەنێو ئۆرگانەکانی حزب دیارە، ئەگەر باسی ئێستا بکەم بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردو  رێژەی ئافرەت زیاتربووە لەناو ئۆرگانەکانی حزب، وەکو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی چی بەو ئافرەتانە دەڵێی تا متمانەی زیاتر بەخۆیان هەبێت و ببنە پێشەنگ ببنە سەرکردە؟

ئەگەر ئێستا بەروارد به‌ مێژوویەکی دوورتر بکەین، جیاوازە. کاتی خۆی بۆ نموونە لە دوای ( 1991) پێش ( 91 ) ئەوە حزبه‌ كوردییه‌كان وەك ئێستا تەشکیل نەبوون، خەباتیان لە شاخ بووە واتە ئازاد نەبووین، بەڵام دەتوانین بڵێین پێشمەرگەمان هەبووە و ژنی شاخ هەبوون. بۆیه‌ دەکرێ لەدوای ( 91 )وە باس بکەین کە ئێستا رێژەیەکی بەرچاو دەبینین حزبەکان لە ئاستی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و مەکتەب سیاسیەکان و هەروەها لە ئاستی ناوەندەکان ژنان دەبینرێن لە ئاستێکی باشن، ئێستا یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە (25٪)مان داناوە بۆ هەموو ئاستەکانی حزب ژن تێیدا بەشدار بێت. ئەم بەشداریبوونە ئەو سەرکردەیی بوونە، بۆ پیاو بێت یان بۆ ژن بێت بۆ هەردووکی دەبێت سیفاتی سەرکردەیی تێدابێت، واتە پێویستی بەوەیە وەکو سەرکردە مامەڵە بکات، کۆمەڵێک داواکاری هەیە کۆمەڵێک شت هەیە لەوانەیە هەندێ ئافرەت ئاسایی بۆی بکرێ ئەم ژنە سەرکردەیە بۆی ناکرێ، چونکە سەرکردەبوون لە هەرێمی کوردستان ئاسان نییە بۆیە لەبەر ئەوە دەبێ سیاسیەکی باش بیت، دەبێت دایکێکی باش بیت، دەبێت ژنێکی ماڵی باش بیت، سفرە وخوانت باش بێت، کۆمەڵایەتیت باش بێت، دەبێت لە هەموو رووەکان باش بیت، تۆ ئەو هەموو سیفاتانەی بۆ سەرکردەبوونێک بۆ پیاو کە هەیە بۆ ژنیش هەیە چونکە سەرکردە هەر سەرکردەیە بەڵام ئەوەی ژن چەند قات دەبێتەوە. بۆیە من دەڵێم ژنان، "بەهۆی ئەوەی چەند ساڵە لەئاستی سەرکردایەتیم ئێستایش ئەندامی سەرکردایەتیم" پێویستی بە قوربانیدان هەیە سەرکردەبوون پێویستی بە ماندووبوون هەیە، بە شەونخوونی هەیە ئەمانە ژنان دەبێت لەبەرچاوی بگرن بۆ ئەوەی ئەگەر حەز بکەن ببن بە سەرکردە و شان بەشانی پیاوەکان ئیدارە و به‌رده‌وامى به‌ کاری حزب و کاری کۆمەڵگە و ئەو شتانە بدەن، دەبێت ئەم تایبەمەندیانەی کە پێویستە لە سەرکردەیەکی پیاودا هەبێت دەبێت لە سەرکردەیەکی ژنیش هەبێت، ئەمە زیاد لەوەی چونکە ژن خۆی  بۆ خۆی ئەرک و بەرپرسیارێتی و پەروەردەی منداڵ و خێزان و ئەمە خۆی ئەرکێکی گەورە و پیرۆزە. 

سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌، سەرکردەبوون لە وڵاتی ئێمەدا قوڕساییەکەی زیاترە لە شوێنانی تر، چونکە بە گشتی دەبێت خۆت هەموو شتێک بیت، دەبێت دایک بیت و پەروەرده‌ى منداڵه‌كه‌یشت بكه‌یت. جا لەبەر ئەوە ژنان با بێنە پێشەوە بەڵام دەبێت چاوەڕێی فەرموو نەکەن، بڵێن فەرموو وا بزانن چایەکە و بیخۆنه‌وه‌. دەبێت هەوڵبدەن دەبێت بخوێننەوە دەبێت تێبکۆشن دەبێت شەونخوونی بکەن دەبێت دیدگایان دیار بێت، دەبێت ئامانجیان دیار بێت، کە بۆچی دەبێتە سەرکردە؟ دەبێت بزانێ کە بوونی ئەو لەناو ئەو كۆڕى سیاسی و حزبی چەندە پێویسته‌، ئەگەر ئەمانەی زانی شیکار و شیتەڵی ئەمانەی زانی، ئەو کاتە ئیتر دەتوانێ ببێتە ژنێکی سەرکردە بەڵام لە کۆی هەموو ئەمانە کۆڵنەدان و ماندوونەبوون زۆر زۆر گرنگه‌. تۆ کە ئامانج و تێڕوانینت روون بوو، پێویستە کۆڵنەدەی چونکە به‌ گشتى سروشتى ژیان هه‌روایه‌.
 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین