جێگرى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ : حكومه‌ت نازانێ چه‌ند سه‌نته‌رى زمان هه‌یه‌ و به‌دواداچوونیان بۆ ناكات کوردستانی

لاڤین عومەر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌نته‌ره‌كانى فێربوونى زمان به‌رده‌وام ژماره‌یان له‌ زیادبوونه‌وه‌ و خه‌ڵكێكى زۆر گله‌یى له‌ كوالێتى ونرخى خووله‌كانیان ده‌كات. موسلیم عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى "نوچه‌نێت" باس له‌و هۆكارانه‌ ده‌كات كه‌ وایانكردووه‌ نه‌توانرێت به‌داواچوون و چاودێریى كارى سه‌نته‌ره‌كان بكرێت.

له به‌دواداچوونێكى "نوچه‌نێت" ده‌ركه‌وتووه‌ لایه‌نى فه‌رمى حكومه‌ت نازانێ، چه‌ند سه‌نته‌رى فێربوونى زمان له‌ كوردستان هه‌ن و هه‌ندێكیش له‌ سه‌نته‌ره‌كان مۆڵه‌تیان نییه‌. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ نرخى خووله‌كانى فێربوونى زمان له‌ 30 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا ده‌گاته‌ 300 دۆلار. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیان گله‌یى له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌رچه‌نده‌ له‌ زمانێكى دیاریكراو خولیان بینیوه‌ به‌ڵام پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌. موسلیم عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى نوچه‌نێتى دایه‌وه‌:

بۆچی نرخی سەنتەرەکان جیاوازە؟ بۆچی هەندێکیان گرانەو هەندێکیان هەرزان؟ ئایا سەنتەرەکانی زمان بە ویستی خۆیان نرخ دادەنێن؟

دەربارەی ئەو پرسیارە، هەندێ مەرج و رێنمایی هەیە کە وەزارەت دایناون بۆ ئەم سەنتەرو پەیمانگایانە. ئەم مەرجانە مەرجی وەزارەتن بۆ کردنەوەی هەر سەنتەرێک بۆ نموونە بینا (شوێن) دەبێت بیناییەکەیان گونجاو بێت و شیاو بێت بۆ ئەوەی پەیمانگا و سەنتەرانە زمانی تێدا بووترێتەوە. بۆ کۆرسەکانی زمان کە مۆڵەتی پێدرابێت لەلایەن وەزارەتەوە دەبێت رێکارییەکانی یاسایى بن و رێگەی پێی درابێت. ئەمانە دەبێت هەمووی لەرێگەی وەزارەتەوەبن کە رێگەیان پێدەدرێت. مەسەلەی جیاوازی نرخ لە سەنتەرەکان ئەمەیان بەهۆی ئەوەی لە رووی کوالێتییەوە وەکو یەک نین، بۆ نموونە لەرووی بیناوە لەرووی پێدانی وانه‌كانه‌وه‌ جیاوازترە لە شوێنێکی تر بۆ نموونە ئەو مامۆستایانەی هێناویەتی بۆ گووتنەوەی وانە ، ئەو مامۆستایانە ئەرکیان قورسترە لەسەر سەنتەرەکە و کوالێتی گووتنەوەی بابەتەکان و کۆرسەکان بەرزترە. هەر ئەوە کاردەکاتە سەر نرخ لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر .

موسليم عه‌بدوڵا:
چه‌ندان سه‌نته‌رى زمان هه‌یه‌ 
مۆڵه‌تیان نییه‌
 

سەبارەت بە بارودۆخی کۆرۆنا ئایا هیچ یاساییەک و رێکارییەک هەیە بۆ سەنتەرەکان کە دەبێت چەند فێرخواز وەربگرێت؟

بێگومان تا ئەو کاتەی پێشووش کێشە بوو. چونکە ماوەی ساڵێک و شتێک بوو سەنتەرەکانی فێربوون کارەکانیان وەستا بوو، زۆر قسەیان لەگەڵمان دەکرد و بەردەوام لەسەر خەت بوون بۆئەوەی سەنتەرەکان بکرێنەوە. دواجار ئەوانیش بتوانن وەک شوێنەکانی تر شوێنەکانیان بکەنەوە چونکە لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیەکانی نەیانتوانی دەستبەکار بن چونکەن ئەولەویەت بوو پرۆسەی خوێندن دیار بوو. بێگومان ئەمانە بەشێکیان کرێی بینایان لەسەر بوو، کرێى گرێبەستی مامۆستایانیان لەسەر بوو، ئەمانە زەرەرو زیانی پێگەیاندبوون. بەڵام ئەمانەش لەدوایدا چارەسەرکراو دەسیان بەکارەکانی خۆیان کردەوە.  دەبێت سەنتەرەکان خۆیان ئەو رێکاریانە جێبەجێ بکەن و خۆپارێزی و تەندروستیەوە بکەن بۆ نموونە پێشتر ٣٠ فێرخواز لە ژوورێک بوو، ئێستا دەبێت بە پێی ئه‌و رێنماییه‌ تەندروستییانه‌ کار بکەن کە بۆیان دەچێت بۆ ئامادەبووانی ژورێک کۆرسەکە کەم بکەنەوە تابتوانن رێنمایەکان جێبەجێ بکەن.

لەرووی کواڵێتی سەنتەرەکان چۆن هەڵدەسەنگێندرێن؟ چونکە ئەوان دەڵێن حکومەت گوێ بە کوالێتی سەنتەرەکان نادات؟

ئەوە دوو تەوەرە یەکەمیان کە سەنتەرەکان فێرخوازی زۆر بەیان وەزارەت  لیژنەی هەیه‌ دەڵێت ئەم لیژنانە بەدواداچوون دەکەن بۆ سەنتەرەکان، بەڵام گرفتێکیان هەیە ئەم لیژنەیه‌ ده‌وامى فه‌رمانبه‌ره‌كانیان بەیانیانە بەشێکیش له‌ سەنتەرەکان بەیانیان نین دەکەوێتە دوای نیوەرۆ، به‌هۆی قەیرانی داراییەوە بەشێک لەو لیژنانە سست بوون. ماون بەڵام سست بوون ناپرژێنە سەر سەنتەرەکان بەدواداچون بکەن.

دووەمیش بەشێک لە سەنتەرەکان رێگەپێدراو نین . هەموو سەنتەرێک رێگەى پێنەدراوە لەشارو شارۆچکەکان زیاتر ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌یه‌، له‌ شاره‌كان كه‌متره‌.  ئەو گرفتە هەیە رێگەپێدراو نین و لەرێگەی وەزارەتەوە رێگەیان پێنەدراوە. ئەوەش کاریگەری هەیە کە وەزارەت لەسەر رێژەی سەنتەرەکان گرفتی هەیە نازانێت چەند سەنتەر هەیە رەنگە داتایەکی لەبەردەست نه‌بێ چونکە بەشێک لەسەنتەرەکان رێگەپێدراو نین لەوەزارت. بێگومان وەزارەت خۆشیان وتویانە ئێمە کێشەیەکمان هەیە بەشێک لە سەنتەرەکان دەوامیان دوای نیوەرۆیانە وەک پێویست نەتوانراوە بەدواداچوون و لێپێچینەوە بکرێت، رێنماییان پێبدرێت.

"وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ نازانێ ژماره‌ى سه‌نته‌ره‌كانى زمان چه‌نده‌"

بەڵام پەروەردە دەتوانێت ده‌وامێك  بۆ ئێواران دابنێت تا لە نزیکەوە ئاگاداری سەنتەرەکان بێت؟

بەڵێ بێگومان دەتوانێت بیکات، ئەوە گرفتە. بەڵام بیرمان نەچێت بەشێک لە سەنتەرەکان به‌ خراپ سوودیان له‌ بارودۆخه‌كه‌ بینیوه‌. هاووڵاتی هاتووە لای ئێمە گلەییان کردووە لەرووی نرخەوە چووه‌تە بەشێک لەو سەنتەرانە فێری هیچ نەبووە پارەیەکی زۆریشی داوە. بەداخه‌وە بووە بە بەشێک لە بازرگانی بۆیە دەڵێم لەناو هەموو کارێکی باشدا خراپیش هەیە. ئەمە بەشێک ئەویتریان کە سەنتەرەکان ئێوارانن هۆکاری ئەوەیە کە خەڵکێک هەیە بەیانیان پێیان دەکرێت، خەڵکێک هەیە ئێواران دەتوانێت. بەڵام بەدلنیاییەوە وەزارەت نەیتوانیوە سەردانی سەنتەرەکان بکات و چاودێرَییەکی وردیان بکات چونکە بە دلنیاییەوە ئەمە گرفتە. ئێمە بریارمانداوە لەگەل وەزارەت لەسەر خەت دەبین وەکو لیژنەى په‌روه‌رده‌ بۆ ئەوەی بتوانین میکانیزمێک دابنێن هەموو سەنتەرەکان بخرێنە ژێر چاودێرییەوە بەپیی پێویست ئاگاداربین لێیان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین