له‌ كتێبى دیمانە و راپۆرت

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بوخارى وشیار نووسه‌رێكى گه‌نجه‌ و ده‌ڵێ، "من له‌سه‌ر بابه‌تى ئافره‌تان له‌ ئه‌ده‌بیات كارده‌كه‌م" بۆیه‌ دوایین كتێبى له‌سه‌ر سێ كه‌سایه‌تى ژنى بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانییه‌كانه‌، پێشتریش كتێبێكى ترى له‌سه‌ر مه‌ستووره‌ نووسیوه‌ و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت بوخارى باس له‌ كتێبى "ژنه‌ به‌درخانییه‌كان" ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى وایكردووه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر بایه‌خێكى جددى به‌ رۆڵ و كه‌سایه‌تى ئه‌وان نه‌دراون.

نوچەنێت: ئایا بۆ نووسینی کتێبی ژنە بەدرخانییەکان چەند سەرچاوەت پێویست بەکارهێناوە؟

زۆر كه‌م خه‌ڵك ده‌زانن سینه‌م به‌درخان یه‌كێك له‌ خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كانى دنیاى وه‌گرتووه‌

بوخاری وشیار: بۆ نووسینی ئەو کتێبە نزیکەی چل سەرچاوە بەکارهاتوون، بە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی و بادینی، جگەلەوەیش بە زمانی ئینگلیزی سەرچاوەم بەکارهێناوە. لەو ماوەیه‌ى کە خەریکی نووسینی ئەو کتێبە بووم، ئەوەی کە لەسەر بەدرخانەکان بە گشتیش نووسرا بێت، چ کۆن بێت چ تازە بێت من سوودم لێ وەرگرتوون، ئەوەی کە بە وشەیەک و بە رستەیەکیش بێت بەرهەمەکەی پتەوتر کردبێ، لە رووی مێژوویەوە من بەکارم هێناوە سوودم لێ وەرگرتووە.

نوچەنێت: وەک دەردەکەوێت سینەم بەدرخان پێشکەشی نووسیوە؟ بۆچی ئەوت هەڵبژارد؟

بوخاری وشیار: کتێبی ژنە بەدرخانییەکان له‌ ناونیشانەکەی دیارە کە باس لە ژنانی بەدرخانییەکان دەکات، لە راستیدا باسی سێ ژن دەکرێ لەو کتێبەدا کە پشکی شێریان بەرکەوتووە لەو کتێبە، کە هەریەکەوە بە جیا لەناو کتێبە باسیانم کردووە، یەکێک لەو سێ ژنە سینەم بەدرخانە، رەوشەن بەدرخان کە دایکی سینەم بەدرخانه‌ و لەیلا بەدرخان کە دواجار لە میران بەدرخانی گەورەوە دەبنەوە ناسیاو نزیکی یەکتر. 

سینەم بەدرخان بۆ خۆی ژنێک بوو لەناو ئەو ژنانەدا تاکو ئێستا بە کتێب هیچ شتێک لەسەر سینەم بەدرخان  رۆلی سینەم بەردخان لە چاڵاکی ژنان نەنوسراوە، هەڵبەت سینەم بەدرخان بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەرۆکی یەکێتی ئافرەتان بووە لە کەرکووک. لەو کتێبە بەشێک تایبەتە بە ئەو، یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە هەم بۆ خۆی زیندووە لە ژیاندا ماوە، هیچ سەرچاوەیەک لەسەر ئەو نەبوو من لەگەڵ خودی خۆیان دانیشتم بۆ خۆیان باس لە ژیانی خۆیان بکەن و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە دۆزی کوردیش هەیە بە راستەوخۆی گوێیان لێبگرم و دواتریش پێشەکییەک بنوسێت. هۆکارێکی تر ئەوەیە سینەم بەدرخان لە ساڵی 2013 بووە بە خاوەنی خەڵاتی ناپلیۆنی فەرەنسی کە لە مێژووی تەواوی کورد یەکەمین ژنە ئەو خەڵاتەی وەرگرتبێ و پێموایە تاکو ئێستا کەمترین کەس ئەو راستیيەى زانی بێت لە کاتێكدا ئەوە یەکێکە لە هەرە خەڵاتەکانی دیاری دنیا، بۆیە پێموایە زۆر شیاو بوو بۆ ئەوەی پێشەکییەکە بنوسێت.

بوخارى وشیار: 
له‌ رابردوودا رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی لەناو کایەکان زۆر له‌ ئێستا زیاتر بوو

نوچەنێت: ئەو کتێبە لە چەند لاپەڕە و بەش پێکهاتووە؟

بوخاری وشیار: کتێبەکە خۆی بە گشتی لە سێ بەش پێکهاتووە، بەڵام لەپێش ئەو بەشانە کورتەیەک لەسەر مێژووی ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و سەرهەڵدانی بەدرخانیەکان ناوی بەدرخانییەکان کە لەچی هاتووە، هەروەها کورتەیەک لەسەر مێژووی بۆتان کە تێیدا میر بەدرخان بۆ چەندین ساڵ میری بۆتان بووە و سەرهەڵدانی میرنشینەکە و تاوەکو رووخانی میرنشینەکە.

نوچەنێت: بۆچی ژنانی بەدرخانیەکانت هەڵبژاردوە، گرنگی ئەو بابەتە بۆ خوێنەری کورد، بە تایبەتی بۆ ژنان چییە؟

بوخاری وشیار: راستی من زیاتر لەسەر بابەتی ژن لە ئەدەبیات ئیش دەکەم، کە ئەوەش پرۆژەیەکی دوور ودرێژی خۆمە کە لە کتێبی مەستورەی ئەردەلانەوە دەستی پێکردووە. ئێمە ئەگەر چاوێک بە مێژووى خۆمان دابگێرین، دەبینین ئەو ژنانە رۆڵی زۆر گەورەیان گێراوە، هەم لە بواری سیاسی هەم لە بواری ئەدەبی، بۆ نموونە رەوشەن بەدرخان لە سەردەمی خۆیدا لە سووریا کە ژێردەستی فەڕەنسیەکان بوو، یەکەمین ژنە کە هاتبێ ئەدەبیاتی کوردی وەرگێڕابێت بۆ سەر زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی عەرەب ئاشنای ئەدەبیاتی کوردی بن، هەروەها یەکەمین ژنە کە ئەلف و بێ لاتینەی کە میر جەلادەت دایمەزراند ئەو سەردەمە یەکەمین ژن بوو کە لە گۆڤاری هاوار وتار بەو ئەلف و بێیە لاتینیە بنوسێ لەو سەردەمەدا دەکرێ بڵێم کورد هیچ دەنگ و پێگەیەکی نەبووە.

راستی دەبینین رۆڵێ ئەو ژنانە لەو سەردەم وەکو شۆڕشێکە هاتوونەتە رێزی پیاوان و تەنیایش بوون، کە هاوشانی پیاوان خەباتیان کردووە کە لە زۆر کۆنفرانس و کۆنگرەی زۆر گەورە بە نوێنەرایەتی تەواوی کورد ئەو ژنانە بەشدارییان کردووە، بۆ نموونە رەوشەن بەدرخان لە کۆنگرەی دژ بە کۆڵۆنیانیزم کە لە ئەسینا بەرێوەچووه‌ وەکو تاکە کوردێک و تاکە ژنێک بەشداری کردووە، رۆڵی ئەو ژنانە کەم نەبووە، بۆیە پێویستم زانی کە لەسەر ژنە بەدرخانەکان بنووسم.

هۆکارێکی تر ئەوەیە کە بەراستی ئاوڕێکی جدیان لێ نەدراوەتەوە تاکو ئێستا بۆ نموونە دەبوو لە کوردستان فێرگەیەکی سەمای بالایەمان هەبووایە بە ناوی لەیلا بەدرخان، بەڵام کەس لێرە هەر نازانێ لەیلا بەدرخان کێیە، کە لە سەردەمێکدا ناوی لەیلا بەدرخان تەواوی ئەورۆپای تەنی بوو، ئەورۆپییەکان لە رێی لەیلا بەدرخانەوە ئاشنای کوردستان بوون، کە لە چاوپێکەوتنەکانی دا هەمیشە دەیگۆت من کچێکی کوردم و مێژوومان ئەوەیە، بۆیە ئەو ژنانە رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە لە سەردەمی خۆیان دا.

گرنگی ئەو بابەتە بۆ ژنان ئەوەیە کە ژن هەست نەکات لە مێژووی ئەدەبیات و مێژووی رۆشنبیری ئێمە هەتا مێژووی سیاسی ژن هیچ رۆل و پێگەی نەبووە، ئەگەر ژنان سەیری ئەو مێژووانە بکەن تێدەگەن کە لە پەنجا ساڵی رابردوودا رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی لەناو کایەکان زۆر زیاتر بووبێت لە ئێستادا، گرنگی ئەوەیە بێتە رێنیشاندەرێک هەتا لەسەر مێژوو رۆڵی ژنان لە رابردوو زیاتر بزانن کە شانازی پێوە بکەن.

نوچەنێت: تەواوکردنی ئەو کتێبە چەند کاتی پێویست بوو؟ ئاستەنگەکانی چی بوو؟

بوخاری وشیار: ماوەی تەواوکردنی ئەو کتێبە دوو ساڵی پێویست بوو، ئاستەنگەکان راستی نەبوونی سەرچاوەیە کە بەشێکیان دەستنەکەوتنە، نەبوونی سەرچاوە لەسەر ئەو ژنانە، من دیسانەوە لێرە زۆر سوپاسی سینەم بەدرخان دەکەم کە مێژووی بەدرخانییەکان ئەو ژنە پاراستویەتی تاکو ئێستا وەکو دەستنووسەکانی میر جەلادەت دەستنووسەکانی رەوشەن خان کە زۆر دڵسۆزانە هەمووی خستە ژێر دەستم و سوودم لێ وەرگرت، هەڵبەتە ئەوەیش لە خەمخۆری خۆی بووە بۆ بنەماڵەکەی کە ئەو مێژووە بپارێزێت کە مێژووی بنەماڵەکەیان پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەیە.

نوچەنێت: ئەو بەرهەمانەی چین کە پێشتر بڵاوت کردۆتەوە؟

بوخاری وشیار: وەکو بەرهەمی چاپکراوە سێ شیعریم هەیە کە لە ساڵەکانی پێشوتر چاپکراون وەکو ( کوخەکەم لەمبەر دەریاچەکەیا، شەست و نۆ خەونی مردوو، ترامیلکە ) و هەروەها کتێبی مەستورەی ئەردەلان کە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی و مێژوویە لەسەر مەستوورە کە لە ناوەندی رۆشنبیری مەم و زین چاپ و بڵاوکرایەوە، هەروەها کۆمەڵێک کتێبی چاپ نەکراویش هەیە، کە لە ساڵی داهاتوو بۆ چاپ دەنێردرێن یەکێک لەوانە کتێبی دیوەکەی تری دڵدارە کە لێکۆڵینەوە ئەدەبیە لەسەر ژیانی دڵدار.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین