جه‌مال كۆچه‌ر : حكومه‌تى بێ بودجه‌ جه‌سته‌یه‌كى ئیفلیجه‌ کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ كاریگه‌رى نه‌بوونى بودجه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێ، "حكومه‌تى بێ بودجه‌ جه‌سته‌یه‌كى ئیفلیجه‌".

جه‌مال كۆچه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت دوێنێ هه‌ینى 30/ ئه‌یلوول/ 2022 باس له‌ خراپى دواكه‌وتنى بودجه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت ئه‌وا حكومه‌ت هیچ شتێكى پێناكرێت و ناتوانێ خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش بكات، ته‌نیا وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌بێت. نموونه‌ى حكومه‌تى بێ بودجه‌ وه‌ك جه‌سته‌یه‌كى ئیفلجه‌، نه‌وه‌ك ناتوانێ ئابوورى به‌ره‌و پێش ببات، به‌ڵكو ئابوورى به‌ هۆى ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌وه‌ به‌ره‌به‌ره‌ پاشكشه‌ ده‌كات و ته‌نانه‌ت زیان به‌ كه‌رتى تایبه‌تیش ده‌كه‌وێت".

 كێشه‌ى فره‌ مووچه‌یى ده‌مێكه‌ دركى پێكراوه‌ و به‌ڵام تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌

له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى جه‌مال كۆچه‌ر باسى له‌وه‌ كرد، مه‌زنده‌ ده‌كرێت به‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س زیاتر له‌ دوو مووچه‌یان هه‌بێت و ده‌شڵێ، "ئێستا باس له‌ دوو مووچه‌ ناكرێت، به‌ڵكو باس له‌ فره‌ مووچه‌یى ده‌كرێت، كه‌ زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ ئابوورى عێراق گه‌یاندووه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونى ده‌كاته‌وه‌، كێشه‌ى فره‌ مووچه‌یى ده‌مێكه‌ دركى پێكراوه‌ و به‌ڵام تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌. ئه‌و نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ كاتى خۆى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى عێراق داواى قه‌رزى له‌ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌، بڕه‌ خوازاره‌كه‌ شه‌ش ملیار دۆلار بووه‌، كه‌چى ئه‌وان پێیان راگه‌یاندووه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ عێراق هه‌یه‌ و ده‌توانێ به‌ یه‌ك بڕیار زۆر زیاتر له‌ شه‌ش ملیار دۆلارى ده‌ستبكه‌وێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ نزیكه‌ى 250 هه‌زار كه‌س زیاتر له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌.

دواتر جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان بۆ نوچه‌نێت باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ سه‌رده‌مى حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌سانێك هه‌ن چوار مووچه‌یان هه‌یه‌ و  له‌سه‌ردەمى كازمیش، ئه‌حمه‌د مه‌لال ته‌ڵاڵ كه‌ ماوه‌یه‌ك گوته‌بێژى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى بوو به‌ راشكاوى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتوویه‌تى، "چیتر باس دوو مووچه‌ ناكرێت، به‌ڵكو ئێستا باسى فره‌ مووچه‌یى ده‌كرێت".

جه‌مال كۆچه‌ر دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وانه‌ى زیاتر له‌ دوو مووچه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌سانى هه‌ژار نیین، بۆیه‌ مووچه‌كانیان زۆره‌. به‌ مه‌زنده‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌گه‌ر بڕیارى بڕینى ئه‌و مووچانه‌ بدرێت، ئه‌وا ساڵانه‌ 10 تا 18 ملیار دۆلار بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین