گوڵاڵە پێنجوێنی: ئاشقی مرۆڤێک بووم و شیعرم بۆ ئیشقی نوسیوە کولتوور

دیارى چوچانى- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

گوڵاڵە پێنجوێنی شاعیر لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ نوچەنێت باس له‌ ئه‌زموونى شیعرى خۆى ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئاشقی مرۆڤێک بووم و شیعریشم بۆ ئیشق نوسیووە". كاتێكیش باس له‌ ژیانى تایبه‌تى خۆى ده‌كات دەڵێ، "خواردنەکانی دەستم زۆر بەتامن و حەزم لە یاپراخ و سەروپێیە"

کەی دەستت بە شیعر نووسین كرد ؟ له‌ سەرەتادا شیعرت زیاتر لەسەر کام بابەت دەنوسی ؟ 

هەر لە منداڵیەوە خولیای نووسینی شیعر بووم، بەڵام ئیتر ترسی کۆمەڵگه‌ دەرفەتی ئەوەی بۆ نەدەڕەخساندم بەردەوام بم، ناچار بە شاراوەیی جارجارە شیعرم دەنوسی تا ساڵانی 2010 بۆ 2013 سەرەتای نووسینی شیعرم بەشاراوەیی بوو، دواتر لە 2016 بە ئاشکرا دەمنوسی. لە زۆربەی رووداو بەسەرهات و کارەساتەکاندا شیعرم نوسیوە، بەڵام زۆربەی شیعرەکانم لەسەر بابەتی ئیشق و کۆمەڵایەتی بووە.

لە ئایندەدا چەند بەرھەمێکی چاپکراوم دەبێت

لەم کاتەدا کاری ھونەری و کۆڕی شیعری لە چ ئاستێک دەبینی ؟

تا رادەیەیەک ئاستی کۆڕی شیعری و کارە هونەرییەکان بەردەوامیەکی باشی بە خۆیەوە بینیوە.

جیاواز لە  شیعر لە بوارەکانی نووسیندا وەک چیرۆک و پەخشان ھیچ بەرھەمێکت ھەیە ؟

چیرۆکم نیيە بەڵام بەرهەمی پەخشانم نوسیوە.

کاریگەری کام شاعیرت لەسەر بوو ھەتا توانیت دەست بکەیت بە نووسینى شیعر ؟ 

نالی، مەحوی، گۆران، قانیع، وەفایی.

کام شاعیر ھاوکارت بووە بۆ شیعرەکانت ؟

رەنگە لەسەرەتادا یەک دوو شاعیر ھەبووبن یارمەتی چەند شیعرێکیان دابم، نەک بە بەردەوام بن ھەتا ئێستا یارمەتیان دابم ھەڵەکانیان بۆ راست کردبمەوە، بەڵام ئیتر ھەر خۆم ھەوڵم داوە و خۆم شیعرم نوسیوە.

کەسەکانی دەوروبەرت بۆ چیرۆکەکانی خۆیان داوات لێ دەکەن شیعریان بۆ بنوسی ؟

بەڵێ کەسەکانی دەوروبەرم جار جارە داوام لێ دەکەن بۆ چیرۆکەکانی خۆیان و بۆ گۆرانیەکانیان شیعر بنوسم بەڵام من ئەوە دەنوسم کە ناخی دڵی خۆمەوە هەڵقوڵابێت.

لە ئێستادا سەرسامی کام شاعیری کە شیعرەکانی لای تۆ تایبەت بێت ؟

 ئێستاش شاعیری باشمان هەیە، بەڵام هەر یەکەو بە ڕێچکەی خۆیدا دەتوانێت پەرە بە شیعرەکانی بدات. شاعیری باش لای من ئەوەیە کە شیعرەکانی چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت.

ئه‌گەر شاعیر نەبوویتایە پێت خۆش بوو لە کام بوار کار بکەیت ؟

شاعیربوون رێگەی توانای دەرخستنی بەهرەکان لەکەس ناگرێت، من شیعریش دەنوسم ولە زۆربەی کارە هونەریەکانیش بەشداری دەکەم.

كۆمه‌ڵه‌ شیعر یان دیوانى چاپكراوت هه‌یه‌ ؟

نەخێر ھێشتا نیمە لە ئایندەدا چەند بەرھەمێکی چاپکراوم دەبێت.

ھیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکەت وەک خۆت دەستی نوسینیان ھەیە؟ تا چەند ھاوکاری ئەو کەسانە دەبیت کە سەرەتایی دەستکردن بە شیعر نوسینیانە ؟

لە خانەوادەی ماڵی باوکم، بەڵێ براکەم کتێبی چاپکراوی هەیە مناڵەکانیشم حەزیان بە خوێندنەوەی شیعر هەیە.

گوڵاڵە پێنجوێنی ئاشق بووە ؟

بەڵێ منیش وەک هەموو ئەو کەسانەی بەڕاستی ئاشق دەبن ئاشقی خوداو خاک وئاو ونیشتمان و وەتەنی خۆمم ئاشقی مرۆڤیش بووم و شیعریشم بۆ ئیشق نوسیوە.

لە دوای ناوەکەی خۆت ناوی پێنجوێنت داناوە ئەو شارە چی دەگەینێت لای تۆ ؟

من هەموو بستە خاکێکی نیشتمان و کوردستانەکەم خۆش دەوێت بەڵام لە پێنجوێن لەدایک بوم و زێدی باووباپیرانمە بۆیە لەدوای ناوەکەی خۆم ناوی پێنجوێنم داناوە.

دوور لە شیعر نوسین ھەندێک لە ناسراوەکانت دەڵێن خواردنەکانی گوڵاڵە زۆر بە تامە و تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە خۆت زیاتر کام خواردنەت حەز لێیە ؟

ناڵێم شێفێکی زۆر باشم بەڵام لێنانی خواردنەکانی خۆمم بەدڵە و زۆر حەزم لە سەروپێ ویاپراخە.

دەبینین لە زۆرێک لە کۆڕە شیعرییەکان بەشدار ده‌بیت و لە زۆرێک لە فیستیڤاڵەکان وەک کەسایەتێکی دیار ئامادە دەبیت تا چەند گرنگە شاعیرانی وەک ئێوە لەو کۆڕ و فیستیڤاڵانە بەشدار بێت ؟

بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە شاعیران لە کۆڕو کۆبونەوەو فیستیڤاڵ وسیمینارەکاندا ئامادەبن و کەسایەتیان دیار بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین