نەتەوە یەکگرتووەکان داواى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستاندنى سووریا ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا داوای کرد بەخێرایی گفتوگۆکانی ئاشتیی بە بەشداری وڵاتانی عەرەب، یەکێتی ئەوروپا، ئێران و تورکیا دەست پێ بکەنەوە. ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەوروپیش لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕەتیان کردەوە دان بە حکومەتی بەشار ئەسەددا بنێن.

بە پێی هەواڵێکی "دویچە ولە"، گێر پیدەرسۆن، نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووڕیا هاوکات لەگەڵ دەیەمین ساڵی دەستپێکردنی شەڕ لەو وڵاتەدا داوای کرد دووبارە و بەخێرایی گفتوگۆکانی ئاشتی دەست پێ بکەنەوە. بە وتەی پیدەرسۆن کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە.

پیدەرسۆن وتوویەتی لەو گفتوگۆیانەدا پێویستە وڵاتانی خاوەن مافی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها ئێران و تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا بەشدار بن.

گفتوگۆکانی ئاشتیی لە نێوان حکومەتی بەشار ئەسەد و هێزە دژبەرەکان کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پلانیان بۆ داڕێژراوە، تا ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە.

هاوکات ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئیتالیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد ڕەت کردەوە. وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە کە پلانەکەی بەشار ئەسەد بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ نابێ ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەوروپی جەختیان کردووەتەوە کە "ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە پیویستە تاوانباران سزا بدرێن".

ئەو پێنج وڵاتە هەروەها داوایان کردووە کۆتایی بە پێکدادانەکان لە سووریا بێت و جەختیان کردووەتەوە کە: " نابێ ڕێگا بدەین ئەو تراژیدیایە بۆ دەیەیەکی تر درێژەی هەبێت". هاوکات پێداگرییان لەسەر ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک وەک تاقە ڕێگاچارە بۆ ئەو قەیرانە کردووەتەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین