بۆچى عامرى سه‌ردانى هه‌ولێرى نه‌كرد؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

هه‌ر چه‌نده‌ له‌دواى دوورخستنه‌وه‌ى نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ دانوستاندنه‌كان به‌ هۆى ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌دره‌وه‌، بڕیار بوو هادى عامرى نوێنه‌رایه‌تى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بكات، كه‌چى ئه‌مڕۆ فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌گه‌ڵ حه‌لبووسى سه‌ردانى هه‌ولێریان كرد، سه‌رچاوه‌كان باس له‌ بوونى ناكۆكییه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن عامرى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دایه‌ ره‌زامه‌ندى سه‌در له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت وه‌ربگیرێت، كه‌چى لایه‌نه‌كانى تر ده‌یانه‌وێ به‌سه‌ر ره‌زامه‌ندى سه‌در باز بده‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10/تشرینى یه‌كه‌م/2022 شاندێكى لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌ ناوى "ئیدارى ده‌وڵه‌ت" سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و بۆ تاوتوێكردنى دۆسیه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار وپێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كۆبوونه‌وه‌. 

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت جیا له‌ حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و نوێنه‌رى هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌، محه‌مه‌د شیاع سوودانى كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو، فالح فه‌یاز سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى عه‌تا نوێنه‌رایه‌تى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كرد، ئه‌مه‌یش به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بۆچوونانه‌ بوو كه‌ گوایه‌ دواى دوورخستنه‌وه‌ى نورى ماللیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، هادى عامرى نوێنه‌رایه‌تى لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌كات.

عامرى نایه‌وێ به‌سه‌ر سه‌در بازبدات
 

نورى مالیكى به‌ ئه‌زموونترین سه‌ركرده‌ى شیعه‌ بوو له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى، هه‌روه‌ها له‌ناو به‌ره‌كه‌دا خاوه‌نى زۆرترین كورسى بوو، به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌و گرژییانه‌ى له‌ سێ مانگى رابردوو له‌نێوان نورى مالیكى و ره‌وتى سه‌در به‌ رێبه‌رایه‌تى موقته‌دا سه‌در دروست بوو، لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بڕیاریان دا، مالیكى له‌ دانوستاندنه‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى گرژییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌ برى ئه‌و هادى عامرى وه‌ك دووه‌م سه‌ركرده‌ى به‌ره‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند جارێك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ هادى عامرى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌ردانى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كه‌ن. كه‌چى تا ئێستا ئه‌م دیداره‌ رێكنه‌خراوه‌، هادى عامریش له‌ گفتوگۆكاندا هیچ په‌یامێكى نوێى نییه‌.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، دوێنێ له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئێستا لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت گوێ به‌ ره‌زامه‌ندى سه‌در نه‌ده‌ن، به‌ڵكو به‌ ناوى "ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت" كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردى و سوننه‌كان سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرن و حكومه‌ت پێكبهێنن. به‌ڵام هادى عامرى سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ره‌زامه‌ندى ره‌وتى سه‌در له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك وه‌ربگیرێت.

هادى عامرى كه‌ سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى فه‌تح ده‌كات و ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌یش دواى ده‌وڵه‌تى یاسا گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى شیعه‌یه‌ له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى، به‌وه‌ ده‌ناسرێت كه‌ به‌رده‌وام كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در هه‌یه‌، پێشتریش ئه‌و كاته‌ى سه‌در له‌گه‌ڵ پارتى و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى به‌ره‌ی رزگاركردنى نیشتمانیان راگه‌یاند، بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌، چه‌ندان جار سەدر داواى له‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح و هادى عامرى كرد بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ و له‌ پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ به‌شدار بن، ئه‌مه‌یش به‌ ئامانجى دوورخسنه‌وه‌ى یه‌كجاریى نورى مالیكى و هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، به‌ڵام فه‌تح پێشوازى له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ى سه‌در نه‌كرد و ئه‌وه‌ بوو سه‌در به‌ هۆى سێیه‌كى په‌كخه‌رى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ نه‌یتوانى حكومه‌تى زۆرینه‌ پێكبهێنێ و دواجار له‌ حوزه‌یرانى رابردوو ره‌وته‌كه‌ى له‌ په‌رله‌مان كشایه‌وه‌.

هادى هامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در و هاوپه‌یمانى فه‌تحه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ زۆرینه‌ى ملیشیاكانى شیعه‌ تێیدا به‌شدارن و هه‌موویان سه‌ر به‌ ئێرانن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین