چیمەن ساڵح: ناهیدە شێخ سەلام یەکێکە لەو ژنە دەگمەنانەى بیرەوەرییەکانى خۆى نووسیوەتەوە کولتوور

تایبەت بە نوچەنێت:

کتێبى (ئەوەى لەبیرمە)، کە بیرەوەرییەکانى (ناهیدە شێخ سەلام)ـە، بۆ جارى دووەم چاپ دەکرێتەوە، چیمەن ساڵح بەر لە (20) ساڵ بیرەوەرییەکانى ناهیدە شێخ سەلام تۆمارکردووە و دواتر نووسیویەتەوە و چاپى کردووە دەڵێت، "ئافرەتی کورد زۆر بە دەگمەن بیرەوەرییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە، ناهیدەش یەکێکە لەو ژنە گرنگەگانی کوردستان بۆیە پێمان باشبوو دووبارە بیرەوەرییەکانى چاپ بکەینەوە."

چیمەن ساڵح نووسەر و وەرگێڕ، وەک ئامادەکارى کتێبى (ئەوەى لە بیرمە) بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەوە یەکەم کتێبى من بوو، ئەوکات من لە زارى خۆییەوە زانیارییەکانیم تۆمارکرد و دواتر لەدوو توێى کێتبێکدا بڵاوم کردەوە، تاوەکو ئێستا دەیان کەس خوێندنەوەیان بۆ کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نووسیوە."

سەبارەت بە ناوەڕۆک و گرنگى ئەم کتێبە، چیمەن ساڵح دەڵێت، "ڕۆڵی گرنگی ئافرەتی کورد نیشان دەدات لە ڕابردوو، ناهیدە شێخ سەلام یەکەم ژن بووە، بۆتە ئەندامی سەرکردایەتیی پارتى لە ساڵانی پەنجاکان، دامەزرێنەری یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە، هەروەها چالاکی رۆشنبیری و سیاسی هەبووە، ناهیدە کچی شێخ سەلامى هاوسەری نووری شاوێس بووە، هەمووی ئەوانەى لە مێژووی خۆی و هاوسەر و باوک و چەند کەسێکى تر لە خێزانەکەی  روویداوە، باسیکردووە، کە گرنگییەکى زۆریان هەیە بۆ مێژووی نوێی کورد."

ئامادەکارى کتێبى (ئەوەى لەبیرمە)، نووسینەوەى بیرەوەرى لەلایەن ژنانەوە بە گرنگ ناودەبات و دەشڵێت، "زۆر گرنگە ئافرەتانیش بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە، چونکە مێژوو بە تەنها هی پیاو نییە، بەڵکو هی ژن و پیاوە، بەیەکەوە مێژوو دروست دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی پیاو پێشەنگ تر بووە بۆیە زیاتر پیاوان بیرەوەرییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە، بۆ نموونە کە باسی فەلسەفە یان زانست و سیاسەت دەکەی، ئەوە کۆمەڵێک ناوی پیاوت دێتە بەرچاو، لەبەر ئەوەی ئافرەتان بەشداربوونەکانیان لاواز بووە، ئەوانی هەشبوون بیرەوەریان نەنوسراوەتەوە."

جێگەى ئاماژە پێدانە چیمەن ساڵح نووسەر و وەرگێر، تا ئێستا چەندین کتێبى چاپکراوى هەیە لەوانە: چۆن وادەکەی میدیا کارت بۆ بکات، رۆژنامەنوس لەبەرامبەر یاسادا، زاراوەکانی سیستەمی نوێی جیهان، بۆرییەکانی ئاوەکانی حوکمڕانی، جیهان لە گێژاودا بەزمانی ئینگلیزی نوسراوە، وەرگێڕانى ڕۆمانى: پاسکیلی کورد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین