رەوا جەمال: حەز بەکاری لایڤ موزیک ناکەم کولتوور

دیارى چوچانى: تایبەت بە نوچەنێت

ھونەرمەند ڕەوا جەمال لەدیمانەیەکیی ھونەری تایبەت بەنووچەنێت ئاماژە بەوەدەکات، چەند بەرھەمێکی نوێم ئامادەیە، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئێران ڕامگرتووە و دەڵێت، "لەناو خانەوادەکەم دەنگ خۆشمان ھەیە لە درێژەی دیمانەکە دەیشڵێت کاری دوێت پێویستە دەنگ و کەسایەتی ئەو دوو کەسە لەیەکەوە نزیک بێت."

لە بەشێکى ترى دیمانەکەدا، ئەو هونەرمەند دەشڵێت، "بەنیسبەت کلیپەوە گرینگە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەنیم ھەموو بەرھەمێک کلیپی بۆ بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر کلیپەکە لەخزمەتی کارە ھونەرییەکە نەبێت."

 

دەقى دیمانەکەى دکتۆر و هونەرمەند ڕەوا جەمال لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت:

نوچەنێت: دکتۆر ڕەوا یەکەم بەرھەمی هونەرى دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟ 

ڕەوا جەمال: یەکەم بەرھەمم پێشتر ھی من نەبوو، ڕاستی گۆرانی گۆرانیبێژەکانی تربوو دەمگوتەوە، بەڵام وەکو یەکەم بەرھەمی خۆم لە ساڵی (2013) یەکەم ئەلبومی خۆم بەناوی گەڕانەوە بڵاوکردەوە، کە لە (14) تراک پێکھاتبوو، بەڵام پێشتر لە ساڵی (2012) کاری کلیپم بۆ کردبوو.

نوچەنێت: دکتۆری ددان و ھونەرمەند دوو پیشەی جیاوازە، ئایا کاری دکتۆرییەکەت ڕێگر نەبووە لەبەردەم خزمەت کردن بە ھونەر؟ 

ڕەوا جەمال: نەخێر ھیچ ڕێگرییەک نییە، بەڵام سەرقاڵی دروست دەکات، دکتۆرییەکەم بووەتە مایەی ئەوەی کە بتوانم کارە ھونەرییەکانم بکەم، لەبەر ئەوەی زۆرینەی بەرھەمەکانم خۆم سپۆنسەری دەکەم، کارە پزیشکیەکەم نەبوایە ڕەنگە نەمتوانی بوایە ئەو دوو ئەلبوومەیش بڵاو بکەمەوە.

نوچەنێت: تاچەند بۆ ھونەرمەند گرینگە کلیپ ئەنجام بدات؟

ڕەوا جەمال: بەنیسبەت کلیپەوە گرینگە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەنیم ھەموو بەرھەمێک کلیپی بۆ بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر کلیپەکە لەخزمەتی کارە ھونەرییەکە نەبێت یان بڵێین تەواوکەری ئەو ئەرک و ماندووبوونە نەبێت، دروستە کلیپی جوان ئەکرێت، بەڵام زۆر دەگمەنن و زۆر کەمن و زۆربێ سیناریۆ و بێکاریگەرین، ھەندێکجار ھیچ پەیوەندییەکی نییە نە بە تێکست، نە بە ئاوازی گۆرانییەکەوە، بۆیە زۆر لەگەڵ کلیپ نیم، بەڵام ئەگەر بکرێت و لەخزمەتی کارە ھونەرییەکە بێت باشترە.

نوچەنێت: کاری نوێ لە پڕۆژەت ھەیە ئەنجامی بدەیت بۆ ھەوادارەکانت؟ 

ڕەوا جەمال: بەدڵنیایی ھەشت بۆ نۆ تراکی نوێم ھەیە، بەڵام لە ئێستا حەوسەڵەی ئەوەم نەبووە بڵاویان بکەمەوە، لەبەر ئەو بارودۆخەی ڕۆژھەڵات، ھەم خەم ساردییەکی زۆر ھەیە لەمیدیا و گوێگر و ھونەری کوردیدا، ھەندێک بەرھەمی کرچ و کاڵ دەبینی گوێگرێکی زۆری ھەیە، پێت حەیفە ئەو بەرھەمانە لەوکاتەدا بڵاو بکرێتەوە.

نوچەنێت: کام لە ئەندامانی خێزانەکەت پشتگیری تۆ بوون لە سەرکەوتنت لە ھەردوو پیشەکەت؟

رەوا جەمال: بێگومان لەھەردوو لایەنەکە چ پزیشکییەکە و چ ھونەرییەکەیش، دایک و باوکم زۆر پاڵپشت و ھاوکار و ڕێنیشاندەرم بوون، بەتایبەت لەلایەنی ھونەرییەکەم دایکم زۆر پشتوانی کردم.

نوچەنێت: لە ناو خێزانەکەت کەسانی دەنگ خۆش و بەھرەمەندی وەک تۆ ھەڵکەوتوە؟ 

ڕەوا جەمال: بەڵێ بەڵام شتەکە ڕێژەییە زۆر پڕۆفیشناڵ نین، کەسمان بەس باوکم دەنگێکی زۆر خۆش و باشی ھەیە ھەرچەندە ھەتا ئێستا گۆرانی نەوتووە لەبەردەم ئێمەیشدا، بەڵام جار جار گوێم لێی دەبێت لەکاتی نووسین گۆرانی دەڵێت، خوشکەکەیشم تاڕادەیەک دەنگی باشە، بەڵام دوو براکەی ترم مامناوەندن.

نوچەنێت: ھونەر چ شتێکی بەخشیوەتە ڕەوا جەمال؟ لە ھونەردا چ شتێک بێتاقەتت دەکات؟

ڕەوا جەمال: سوپاس بۆخوا سۆز و خۆشەویستی خەڵک و ڕێزێکی زۆر جوان، بەڕاستی لەم ڕۆژگارەدا دەتوانم بڵێم ئەوشتانە زۆر کەم بوونەتەوە لەناو خەڵکیدا، من ھەست بە سۆز و خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆر دەکەم لەبەرامبەرەکانەوە، کە دەیانبینم لەناو بازاڕ بێت لە دەرەوە بێت، ئەوە بێتاقەتم دەکات کە بەداخەوە ھونەر لەوڵاتی ئێمەدا تاڕادەیەکی زۆر فەرامۆشکراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتان بە ھونەر و فەرھەنگ و ئەدەب دەناسرێتەوە، ئێمە ھێشتا نەگەیشتووینە ئەو ئاستەی لە بایەخی ھونەر تێبگەین. 

نوچەنێت: گەر کارێکی دوێت ھەبێت پێت خۆشە لەگەڵ کام ھونەرمەند دوێت بکەیت؟

ڕەوا جەمال: کاری دوێت پێویستە ئەو دوو کەسە لەڕووی دەنگەوە زۆر لەیەک نزیک بن، ئافرەت بێت یاخود پیاوبێت فەرق ناکات بۆمەسەلەی دوێت، گرینگ ئەوەیە تۆن و خامەی دەنگیان لەیەکەوە نزیک بێت، ھەست و سۆز و عاتیفەیان لەیەکەوە نزیک بێت، لە ھەمووی گرینگتر ئەوەیە کەسایەتیان لەیەکەوە نزیک بێت، ڕەنگە بپرسی کەسایەتی پەیوەندی بەسەر دەنگەوە چییە، من ڕێزم ھەیە بۆ ھەموو خانم و پیاوە ھونەرمەندەکان، گرینگە بۆم کە کەسایەتی ئەو دوو کەسە گونجاو بێت، زۆرێک لە ھونەرمەندان بۆ مانەوەی ھونەرەکەیان.

نوچەنێت: کاری لایڤ موزیک ئەنجام دەدەن نێوانیت لەگەڵ کاری لایڤ موزیک چۆنە؟

ڕەوا جەمال: لایڤ موزیک نێوانم باش نییە لەگەڵى، ڕێزم ھەیە بۆ ھەموو ئەوانەی کاریکی لایڤ موزیک ئەنجام دەدەن، بەڵام کەشێکی ھونەری نییە و زیاتر بازرگانییە، دڵنیام ئەوانەی کاری لایڤ موزیک دەکەن ئەگەر لایەنە مادییەکە نەبێت، بڕواناکەم چێژێکی وا لەو کارەببینن، بەڵام بۆ پڕۆڤەکردن بە دەنگت کارێکی باشە، وە بۆ پەنجەی ژەنیارەکانیش بەھەمان شێوە بەردەوامییەکی باشە گەر ھەبێت، بەڵام وەکو خۆم مەیلم لێی نییە.

نوچەنێت: کام بەرھەمەی خۆت زۆر تایبەتە لەلات؟

ڕەوا جەمال: ئەو بەرھەمانەی لای خۆم تایبەتن بریتین لە: گەر لەدەستم بێ، مزگێنی تازە، دوای چی، بۆکوێ بڕۆم، شنەی با، زۆرن بەرھەمەکان، بەڵام من ئەوانەم لا تایبەتە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین