ئایا ئێران ده‌توانێ سیناریۆى له‌شكركێشى توركیا دووباره‌ بكاته‌وه‌؟ ناوخۆیی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌ كۆكردنه‌وه‌ى هێزێكى سوپاى پاسداران ده‌كه‌ن له‌ نزیك سنوورى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن ئێران به‌ نیازى ئه‌نجامدانى له‌شكركێشییه‌كى سنوورداره‌ له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان. ئێران كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا به‌رده‌وام بۆردومانى خاكى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌، به‌ پاساوى بوونى هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، به‌ڵام هێنده‌ى توركیا هه‌وڵى بۆ له‌شكركێشى نه‌داوه‌، بۆیه‌ ئێستا پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئاخۆ ئه‌م وڵاته‌یش سیناریۆكانى توركیا دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر توركیا پشت به‌ رێككه‌وتنێكى كۆن ببه‌ستێت كه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌عس به‌ستوویه‌تى، ئێران بۆ له‌شكركێشییه‌كه‌ى پاساوى چى ده‌بێت؟

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئێران هێزێكى زۆرى له‌نزیك سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ نیازه‌ له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان له‌دژى كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشان و حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران ئه‌نجام بدات.

سادق زه‌ندى ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێرى كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت پشتڕاستی ئه‌و زانیارییانه‌ى كرده‌وه‌، به‌ڵام دڵنیا نه‌بوو له‌وه‌ى ئاخۆ ئێران هێرش ده‌كات یان نا. سادق زه‌ندى گوتى،  "ئەگەر خوانەخواستە لە ئەگەری هەر هێرشکردنێکدا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێمە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ئامادەکاریمان وەرگرتووە، بەڵام ئەگەر ئێران هێرش بکات، چی دەکات بەرانبەر کچ و ژنانی رۆژهەڵات لە بەرانبەر ئەو  هێرشانەدا ، دەڕژێنە سەرشەقامەکان لە دژیان دەوەستن، ئەوان بە هێرشی سەربازی  بۆمان دێن  ئێمە بە خۆپیشاندان وەڵامیان دەدەینەوە".

حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان: هه‌میشه‌ پارێزگارى له‌ پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین
 

محمد نەزیف قادرى به‌رپرسى ناوه‌ندى په‌یوه‌ندییه‌كانى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران له‌ لێدوانێكى بۆ نۆچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد، ئێران هاوشێوه‌ى توركیا رێككه‌وتنێكى كۆنى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق هه‌یه‌ و  كه‌ له‌ مێژوودا به‌ ناوى "سه‌عد ئاباد" ده‌ناسرێت، ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ دژایه‌تیكردنى كورده‌، محه‌مه‌د نه‌زیف قادرى ده‌ڵێ، "ئەو سیاسەتە تا ئێستاش، درێژەی هەیە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران و عێراق، ته‌نانه‌ت تورکیاش هەموویان،  پێکەوە هاوکارییان هەبووە"

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى قادرى گوتى، "لە هەموو حاڵەتێک ئەو سیاسەتانە ئەو دەستێوەردانانە، ئەو هێرش و پەلاماردانەی خاکی کوردستان، لە دیدی ئێمە و لە دیدی هەموو خەبات گێڕانی کوردەوە مەحکومە و هیچ رەوایەکی نییە و هیچ پاساوێکی نییە".

زۆرجار كاتێك توركیا له‌شكركێشى بۆ ناو خاكى كوردستان ده‌كات، په‌كه‌كه‌یش وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ داوا له‌ هه‌ردوو لا ده‌كات كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ سنوورى خاكى هه‌رێم ببنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئێران ئۆپراسیۆنى له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌وا وه‌ڵامى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵات چى ده‌بێت؟ محه‌مه‌د نه‌زیف قادرى له‌و وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ گوتى، "دۆخی ئێمە و پەکەکە دوو شتی لێک جیایە، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت ئەو کۆمەڵە حزبانەی کە لە چواچێوەی ناوەندی هاوکاری پێکەوە هاوخەباتن و پێکەوە سیاسەتی هاوبەشیان هەیە، سیاسەتیان هەرگیز ئەوە نەبووە، لە هەرێمی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، جووڵەیەک بکەن، زیان بە حکومڕانی باشوور بگەیەنێ، خەڵکی مەدەنی لە ئاواییە  سنوورەکان بە ئامانج بگیرێ، خەڵک لە ژیان و گوزەرانیان بێبەشبن و مەترسی و دڵەڕاوكیان هه‌بێت. بۆیە ئێمە لە هەموو حاڵەتێک، دۆخی هەرێمی کوردستانمان بە گشتی لەبەر چاو گرتووە،  لەو پەیوەندییەشدا، هەمیشە رامانگەیاندووە و راشدەگەیەنین، گۆڕەپانی خەباتی ئێمە رۆژهەڵاتی کوردستانە هەروەک ئێستا دەبینن هەموو شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جووڵەی تێکەوتوە".

عەتا سەقزی به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشان له‌ سلێمانى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "میدیاکانی ئێران باسیان کردووە، ئەو هێزانەیان ئامادەکردووە هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کەوا بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و سنوور ببەزێنێت دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ هیچ پاساوێكیان نییه‌". 

عه‌تا سه‌قزى پێیوایه‌ له‌ رووى ناوه‌ندى بڕیاره‌وه‌ له‌شكركێشى و جووڵه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران له‌ هى توركیا جیاوازه‌، توركیا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى خۆیه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى پێده‌درێت، كه‌چى بڕیارى جووڵه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران له‌ لایه‌ن خودى عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى و سوپاى پاسدارانه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمه‌ڵه‌ باس له‌وه‌یش ده‌كات چاوه‌ڕوانى هه‌ر پێشێلكارییه‌ك له‌ ئێران ده‌كرێت، چونكه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و له‌وه‌ته‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران دانراوه‌، بێ سڵكردنه‌وه‌ى پێشێلكاریى ده‌كات.

له‌كۆتایى قسه‌كانى عه‌تا سه‌قزى گوتى، "ئێمە ئەم چەند ساڵە کە لە هەرێمی کوردستانین، بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان وەک گلێنەی چاومان هەوڵمانداوە تێکۆشاوین، ئەم چەند ساڵە شەڕی چەکداریمان راگرتووە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە حاڵەتێکە دوو سێ کەس کە بە هۆکاری رێکخستن دەڕۆن بۆ شەڕی چەکداری ناچن، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەی کە هەڕەشە دەکەن بەئاشکرا ئێمە مافی رەوای خۆمانە بەرگری لەخۆمانە، کە سنوور ببەزێنێت بێتە ئەودیو، ئێمەش بەرانبەری دەوەستین بەپێی توانای خۆمان شەڕی لەگەڵ دەکەین، رووبەڕووی دەبینەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین