قادر جەلال: ھونەر نابێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی ژیان کولتوور

دیارى چوچانى: تایبەت بە نوچەنێت

ھونەرمەند قادر جەلال لە دیمانەیەکی ھونەری تایبەت بە نوچەنێت ئاماژە بەوە دەکات، ھونەر نابێتە سەرچاوەی سەرەکى بژێوی ژیان کردن  و ئەمەیش وایکردووە "منداڵەکانم حەز و خولیایی بوون بە ھونەرمەندیان" نەبێ.

ئەو هونەرمەندەى بوارى شانۆ و سینەما ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر هونەرى کردبایە، دەبوو میکانیکى چاککردنەوەى ئۆتۆمبێل.

 

دەقى دیمانەکەى ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ هونەرمەند قادر جەلال:

نوچەنێت: سەرەتای دەستپێکردنتان وەکو کاری شانۆ لەناو تیپی شانۆی پێشڕەو دەستان پێ کرد؟ شانۆگەرییەکانی ئەوکات بینەرێکی زۆریان ھەبوو ئایا ئەوە قورسای تیپی پێشڕەو بوو، یاخود ئێستا بینەری شانۆ لە قەیراندایە؟

قادر جەلال: دوو ساڵپێش ئەوەی بچمە تیپی پێشڕەوی شانۆ لە چالاکی قوتابخانە کاری شانۆیم کردووە و شانۆگەری باشم پێشکەش کردووە دوای ئەوە چوومە تیپی پێشڕەوی شانۆ، وە ھەموو تیپێکی شانۆ جێگەی دەستی دیارە، بەڵام جیاوازی ھەیە لە کارەکانیان، جیاوازی تیپی پێشڕەو ئەوە بوو لە ساڵی 1972 دامەزراوە، تاوەکو ئێستاش هەرماوە و مێژووى پڕ پەخشى شانۆگەرییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دواى کۆرۆنا دوو بۆ سێ ساڵ خەڵکی لە بینینی شانۆگەرییەکان دوورخستەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەم تا زۆرێک چالاکی ھەر ھەیە لە شاری سلێمانی و خەڵکیش ئاشنا دەبن بە شانۆ. 

نوچەنێت: تاچەند گرینگە ژیانی ھونەرمەند لەو ڕۆڵە بچێت کە دەیبینێت؟ 

قادر جەلال: نەخێر چونکە ئەوکارئەکتەری کە شانۆگەرییەک دەکات ڕۆڵی تێدا دەبینێ دەگمەنە دەقاو دەق کەسایەتی ئەوکەسە بگرێتەوە، کە خۆی لەڕاستی ھەیەتی، زۆرترین کاتەکان ڕۆڵی کەسایەتییەک دەبین کە دوورە لە کەسایەتی خۆی.

نوچەنێت: ھونەرمەند قادر جەلال کام لە ڕۆڵەکانی کاریگەری لەسەر هەبوو و وای لێکرد بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە گەیاندییە ئەوەی ئێستا بەدەستی ھێناوە؟ 

قادر جەلال: بەھرە تاکە ھۆکارە لەھەر بوارێکدا ھەبیت، تا ببێت بە دەستپێکی یەکەم بۆ کارەکە، منیش وەک خۆشەویستیەک بۆ ھونەر،  وەک ئەشقێک بۆی ئەو بەھرەیەی کە تێمدابوو وای لێ کردم ڕوو بکەمە کاری شانۆی و ھونەری و دراما و فیلم پاش ئەوەیش ئەوە وەک سەرەتایەک بوو بە ئەشقێکی ئەبەدی 

نوچەنێت: لەکارەکانی خۆت بەشێوەیەکی گشتی لە کام کاریان زۆر ڕازی بوویت؟ ڕەنگ دانەوەی قادر جەلال لەکام کاری ھونەری بوو؟

قادر جەلال: لە زۆرێک لە کارەکانی خۆم ڕازیم و لەوانەشە ھەندێکیان زۆر ڕازی نەبم تێدا، بەڵام لە ھیچ کارێکم ناڕازی نیم و ھەموویانم خۆش دەوێت، ڕەنگ دانەوەی من لە ھونەردا ڕەنگە ئەوە لەلای دەرھێنەر بێت یاخود بینەری ئازیز. 

نوچەنێت: درامای (نامەکانی ئەشرەف_پڕۆفیشناڵ) دوو درامابوون کە توانیت ڕۆڵێکی زۆر سەرکەوتوی تێدا ببینی ھەبوونی ئەم جۆرە درامایانە تا چەند لەم کاتەدا پێویستە ؟ 

قادر جەلال: نەک تەنھا نامەکانی ئەشرەف یاخود پڕۆفیشاڵ، ھەموو درامایەک ئەگەر پەیامێکی جوانی لەپشتەوە بێت، لە یادەوەری خەڵکی دابمێنێتەوە و کاری خۆی کرد بێت ئەو درامایە سەرکەوتووە. 

نوچەنێت: دوای ساڵانێکی زۆر بەشداری کردنت لە فیلم و دراما و شانۆ خزمەت کردن بە ھونەری کوردی ھونەر چی دەگەیەنێت لای تۆ؟

قادر جەلال: ھونەر بووە بە بەشێکی زیندووی ژیانی من لەم تەمەنی کە ئێستا تێیدام، ھونەر بووە بەبەشێکی ژیانم و ھەموو خولیایەکی منی داگیر کردووە.

نوچەنێت: پێت خۆشە منداڵەکانت ڕێچکەی تۆ بگرنەبەر ؟ یاخود وەک تۆ ببن بە ئەکتەر؟ 

قادر جەلال: یەکێک لە منداڵەکانم بۆ ماوەی 55 ڕۆژ بەژداری کرد لە شانۆگەرییەک وەک حەز و ئارەزوویەک، بەڵام دواتر ئەو حەز و خولیایەی نەما، منداڵەکانی تریشم زۆر پێیان دەڵێم بۆ کاری ھونەر بەڵام ڕەنگە ئەو حەزەیان نەبێت بۆ ھونەر. 

نوچەنێت: تاچەند وەزارەتی ڕۆشنبیری ھاوکاری ھونەرمەندانی وەک ئێوەی کردووە کە ساڵانێکە بەبێ دابڕان کاری ھونەری دەکەن؟

قادر جەلال: لە ئاستێکی زۆر زۆر نزم ھاوکاری ھونەرمەندان کراوە و لە ئاستی پێویست نییە، لەبەر ئەوە زۆربەی کارەکان ھونەرمەندان وەکو ئەرکێک بکەوێتە سەرشانی یاخود زۆرجار داوا لە خەڵکانی سەرمایەدار دەکرێـ بۆ ھاوکاری کردنى کارە هونەرییەکان ھەتا کارەکەی بچێتە سەر.

نوچەنێت: ھونەر بۆ ھەموو ھونەرمەندێک دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی؟ 

قادر جەلال: نەخێر لەئێستادا لەو بڕوایەدا نیم ھونەر ببێت بە سەرچاوەی ژیان بۆ ھیچ ھونەرمەندێک، چونکە ئێمە ھێشتا نەگەشتووینە ئەو ئاستەی خۆمان تەرخان بکەین بۆ کاری ھونەری و زیاتر کاری ھونەرام ھەبێت، بە بەژداریکردن لە کارە ھونەرییەکان داھاتێک بۆخۆمان وەربگرین، لەبەر ئەوە نەخێر نابێتە سەرچاوەیەکی گرنگى ژیانمان.

نوچەنێت: گەر کاری ھونەریت ھەڵنەبژاردایە بۆ ژیانت پێت خۆش بوو لە چ بوارێک کاربکەی حەزت بۆ کام بواری کارکردن ھەیە؟

جەلال قادر: لەبەر ئەوەی ھونەر نەیتوانی من بژییەنێت، ناچار بووم دەست بدەمەکارێکی تر بۆ بژێوی خۆم و ماڵ و منداڵم، ئەگەر ھونەرم نەکردایە ئەوکارەی خۆم کە دەمکرد بەردەوام دەبووم ئەویش کارێکی زۆر ناوازە و گرینگە، کە بەشى میکانیکی سەیارەیە.

نوچەنێت: لەگەڵ وەرزش کردن نێوانت چۆنە؟ تاچەند بۆ ھونەرمەند و کەسانی دیکە پێویستە گرینگی بە وەرزش کردن بدەن؟

قادر جەلال: وەرزش کردن کارێکی زۆر باشە بۆ ھەموو کەسێک، زۆرترین وەرزش من بیکەم، ئەوەیە ئێواران لە پارکی ئازاد مسافەیەکی زۆر دەڕۆم بەپیادە و ئەوە تەنیا وەرزشە کە من بیکەم.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین