جلوبەرگ لە کەرەستەی خۆپاراستنەوە بۆ سیمبولی ئایدیۆلۆژیا بیروڕا

بەهرە ‌حەمەڕەش

کاتێک جەستەی ژن لە جەستەی مرۆڤێکی ئاساییەوە، دەکرێتە پەیکەری نمایشی ئایین، مۆدە و سیاسەت، لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایی، ئاگر لەم جەستەیە بەردەدرێت. لە کاتی شەڕ و توڕەبووندا، دەکرێتە ئامرازی شەڕەجنێو و خۆ بەتاڵکردنەوە. بازرگانانی ئایین، سیاسەت و سەرمایەداری، بە پێی بەرژەوەندییەکانیان پۆشتەی دەکەن و رووتی دەکەنەوە. هەروەها دەیکەنە مۆڵگەی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە و عەشیرەت. ئیتر خاوەندارێتی ئەم جەستەیە، بۆ هەموو کەس دەگەڕێتەوە، جگە لە خودی ژن خۆی نەبێت. لەم کاتەدا، دەبێ چاوەڕوانی سەرهەڵدان و ناڕەزاییەک بن، کە ئیتر لە جیاتی ئاگر بەردان لە جەستەی خۆی، ئەو لەچک، پەڕۆ و پاتاڵە بسوتێنن، کە کراوەتە بار بەسەریانەوە و ئاگر لە شەقامەکان بەردەن.

بە پێی ئەفسانە و چیرۆکی ئایینەکان، دوای ئەوەی، کە حەوا بەرهەمی داری قەدەغەکراوی خوارد، لەوێوە هەستیان کرد کە رووتن، لەم رووداوەوە چەمکی داپۆشین بە گەڵای هەنجیر دەستیپێکرد. هەروەها بە پێی مێژوو، لە سەرەتادا مرۆڤ بە گەڵای درەخت و پێستی ئاژەڵەکان خۆی لە گەرما و سەرما پاراستووە. تا گەیشتە ئەو قۆناغەی، کە جگە لە خۆپاراستن بۆ بابەتی جوانکاری و رازاندنەوەش سود لە جلوبەرگ وەربگیرێت. هەردوو ئاراستە بەشێوەیەکی ناتەندروست و دوور لە پێداویستی مرۆڤ رۆیشت، کەواتە لە جیاتی جل لە قۆناغی یەکەم بۆ پاراستنی مرۆڤ لە قۆناغی دووەم بۆ ئەستاتیکا و رازاندنەوە، وەک باسمان کرد لەوێوە بەرەو پرۆسەی یەکتر شکاندن و ناوزڕاندن دژی یەکتر لە نێوان ئەم دووبەرەیە بەردەوامە.

لە بنەمادا جلوبەرگ پەیوەندی بە رووکەش و فۆرمەوە هەیە، نەک ناواخن و بیرکردنەوەی مرۆڤ، چونکە ئەوەندەی رواڵەت پیشان دەدات، ئەوەندە گوزارشت لە بیروباوەڕی مرۆڤ ناکات. ئەوەی حوکم بە رەفتار، گوفتار و هەڵسوکەوتەوە دەکات، بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤە. تێڕوانین و جیهانبینینە نەک رواڵەتی. وێڕای ژینگەی سروشتی و کەشوهەوا، ئەگەر سەرنجێک بدەینە جوگرافیای وڵاتان دەزانین، کە ژینگەی سارد و گەرمی کەشوهەوا، چەند کاریگەری لەسەر کلتور، جلوبەرگ و رەنگی جلوبەرگەکانیشەوە هەیە. بۆ نموونە، عەرەب لەبەرئەوەی لە بیابان و ئاو و هەوای گەرمن، دشداشە لەبەر دەکەن و رەنگی جلەکانیان رەش و سپییە، کە رەنگدانەوەی سرووشتی دەشتە. بەهەمان شێوە، جلوبەرگی رەسەنی کوردیش، بە حوکمی ساردی کەش و هەواوە لە چەند پارچەیەک پێکدێت، کە رەنگا و رەنگە، دیارە ئەمەش بە هۆی سرووشتی کوردستانەوەیە.

جلوبەرگ لە پێداویستی و خۆپاراستنی لە سەرما و گەرماوە، چووەتە داپۆشینی شوێنی حەرام و شەرم، کە کۆمەڵێک ئەندام لە جەستەی مرۆڤدا هەیە، پێویستە داپۆشرێت ئەمەش بووەتە بەشێک لە دابوونەریت یان بەشێک لە پرۆسسی هزری ئایینی. بە پێی مێژوو، لەچککردن بەر لە هاتنی ئایینەکانیش بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما هەر بەکارهاتووە. وەک چۆن جاران لە گوندەکان، شەرم بوو ژن و پیاو سەریان رووت بێت و هیچی بەسەرەوە نەبێت. ئەمە بەشێک بوو لە پرۆسەی کۆمەڵگە، بەڵام نەبەسترابووەوە بە حەرام و حەڵاڵ، ئەوکاتە ئایین زیاتر لە مەودایەکی دوور لە سیاسەت و نزیک لە سۆفیەت بوو، بەڵام کاتێک ئایین تێکەڵاوی سیاسەت بوو، ئەم چەمکانە کێشەی کەوتە سەر و بووە جێگەی مشتومڕ. تا گەیشتە ئەوەی، کە رەوشت و بێ رەوشتی، پەیوەستی رواڵەتی مرۆڤ بکەن و بەهۆی جلوبەرگەوە ژنەکان بکوژرێن. هەروەها ریشی پیاوێک نیشاندەری باش و خراپی بێت، لە جیاتی هەڵسوکەوتی! بۆیەش دەبینین لەژێر ریشی درێژ و رواڵەت پەرستی و جل پۆشینەوە جۆرەها فێڵ و تەڵەکە لە رۆژهەڵەتی ناوەڕاست دەکرێت.

ئەم مۆدێلە و کۆمەڵێک چەمک و مۆدەی تر، بوونەتە میکانیزم و ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی ژن، دوای پێشکەوتنی کەناڵە جیاوازەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمەڵێک کلتوری جیاواز لە جیهان هاتنە ئاراوە، خەریکە کلتورێکی جیهانی، جێگەی کلتوری تایبەتی کۆمەڵگەکان بگرێتەوە، یانیش بەلانیکەم کلتورە ناوچەییەکان لاواز بکات. بۆیە لەم سەردەمەی تەکنەلۆژیا و خێراگەیشتنی هەواڵ و زانیارییەکان، ئەستەمە بتوانرێت ئایدیۆلۆژیایەک بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپینرێت. 

کەواتە ئێمەی کورد زیاتر مۆدێل و چەمک و دیاردەکان لە ئایدیۆلۆژیاوە وەردەگرین مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، نەک بە پێچەوانەوە، لەبەرئەوە لێکدانەوەی هەڵەمان بۆ ئەم چەمک و دیاردانەکردووە، لە جیهانی مۆدێرندا یەکەمجار مەعریفە دروست بووە، لەسەر بنەمای مەعریفە مامەڵە و رەفتاریان لەگەڵ مۆدێل، چەمک و رووداوەکان بە دیزاین و خۆماڵی کردووە.

ئەگەر لە بواری پراکتیکییەوە تەماشای رەفتار و ئەنجامی ئەم پرۆسەیە بکەین، ئەوە نزیکترین نموونە کوشتنی ژینا ئەمینیە، کە وایلێهات ببێتە هۆکاری راپەڕین و ناڕەزایی لە ئێران و جیهان، ئەگەر ئێمە لەڕێگەی چیرۆکی ژینا ئەمینی ئاوڕێک لەو چەند ساڵەی کۆتایی بدەینەوە، لە سودان، تونس، رۆژئاوای کوردستان شەڕی داعش و ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان بوونەتە سیمبول دژی چەوساندنەوە و خەبات بۆ ئازادی مرۆڤ؛ ئەمەش لە ماندوێتی میدیا زەبەلاحەکانی جیهان دێت. راپەڕینی ژن لە سودان، وەک ئایکۆنی شۆڕشی مێ (ئالاء ساڵح) پەیکەری بۆ دروستکرا. لێرەوە ئەمجۆرە رەفتارە لەگەڵ ژن لە ماڵەوە تا سیاسەت، کوشتنی نیوەی وزەی کۆمەڵگەیە و رێگریە لە پەروەردەیەکی راست، کە دەڵێن دایک یان خێزان قوتابخانەی یەکەمە و لە سیاسەتدا، کە دەڵێن خاک دایکە لە ئاییندا دەڵێن بەهەشت لە ژێر پێی دایککاندایە. ئەمانە کۆمەڵێک تیۆر و رەفتاری هاودژن و پێویستی بە لەسەر وەستانێکی جددییە، چونکە تاکو ژن بە بیانوی جیاواز سەرکوت بکرێت، مەحاڵە کۆمەڵگەکان لە سەر ئاستی جیهانی و لۆکاڵی بتوانن ئارام بژین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین