هه‌رێم له‌سه‌ر كێشه‌ داراییه‌كان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى نوێ ده‌كات کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ به‌غدا به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانییه‌كان به‌ نیازن له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق باسى كێشه‌ داراییه‌كان بكه‌ن، به‌رپرسێكى تریش ده‌ڵێ، "كێشه‌كان به‌ ته‌كنیكى چاره‌سه‌ر بكرێن باشتره‌ نه‌وه‌ك به‌ سیاسه‌ت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/ تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌ نیازن له‌ كاتى گفتوگۆى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق باس له‌ كێشه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم بكه‌ن و له‌وێوه‌ گره‌نتى چاره‌سه‌ركردنیان وه‌ربگرن.

كه‌چى به‌رپرسێكى ترى كورد له‌ به‌غدا كه‌ نه‌یویست ئاشكرا بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ سه‌رنجى خۆى دا و هه‌نگاوێكى وه‌هاى به‌ باش نه‌زانى. ئه‌و به‌رپرسه‌ كورده‌ گوتى، "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا ده‌ڵێ هه‌رێم داهاتى نه‌وتى نه‌ناردووه‌، هه‌رێمیش ده‌ڵێ به‌غدا پاره‌ى نه‌ناردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ كێشانه‌ به‌ لیژنه‌ ته‌كنیكیه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن باشتره‌، نه‌وه‌ك له‌ ژوورى كۆبوونه‌وه‌ سیاسییه‌كان". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌شڵێ، "به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌ردوو لا له‌سه‌ریانه‌ قه‌ره‌بووى هاووڵاتیانى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و زیانه‌ى له‌ ساڵانى رابردوو به‌ هۆى ئه‌و ناكۆكییه‌وه‌ به‌ریانكه‌وتووه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین