کاروان حەمید حەلاق: هەموو کارە هونەرییەکانم لەسەر ئەرکى خۆم ئەنجامداوە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

هونەرمەند و میوزکژەن، کاروان حەمید حەلاق لە دیمانەیەکى کورتى نوچەنێت دا، قسە لەسەر کارە هونەرییەکانى خۆى دەکات، هاوکات باس لەوەشدەکات، لە هەموو کارە هونەرییەکانیدا لە ئەوروپا، بەجلوبەرگى کوردى بەشدار دەبێت، وەک خۆى دەڵێت، ئەمەیش لە پێناو زیاتر ناساندنى کولتوور و هونەرى کوردى بە نەتەوەکانى تر.

دەقى دیمانەى هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت:

نوچەنێت: چالاکی هونەریت هەیە لە ئەوروپا؟

کاروان حەمید حەلاق: چالاکییەکانم زۆرن و بریتین لە بەژداریکردن لە کۆنسێرت،  ڤیستیڤاڵ، بەشداریکردنم لە بۆنە و یادەکان لە وڵاتی هۆڵەندا.

نوچەنێت: هەندێکیان لە کار وچالاکییەکان دادەبڕێن هۆکار چییە؟

کاروان حەمید حەلاق: دابڕانی هونەرمەندە مۆسیقییەکان دوو هۆکار هەیە، یەکەمیان، گرنگی نەدان و پشتگوێ خستنیان، دووەم هۆکار، بژێوی ژیان وات لێ دەکات سەرقاڵبیت بەکارێکی ترەوە دوورت دەخاتەوە لە هونەرەکەت.

نوچەنێت: پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ هونەرمەندە بیانییەکان؟

کاروان حەمید حەلاق: پەیوەندییەکی باشم هەیە لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی کە کارم لەگەڵ کردوون جا چ لە هۆڵەندا بێت یا هەر نەتەوەیەکی تر.

نوچەنێت: چەند کاری کلیپت هەیە؟

کاروان حەمید حەلاق: زیاتر لە (10) کاری کلیپم هەیە کە هەموویان لەسەر مەسرووف و گیرفانی خۆم بەرهەمم هێناون و بڵام کردوونەتەوە.

نوچەنێت: چەند کۆنسێرتت ئەنجامداوە؟

کاروان حەمید حەلاق: کۆنسێرتم زۆر ئەنجامداوە، بە دیاری کراوی ناتوانم بەدەست نیشانی بکەم، لەبەر ئەوەی زۆر زۆرن ساڵانە بەدەیەها کۆنسێرت ئەنجام دەدەم، لە ساڵی (2008)وە تاکو ئێستا بەردەوامم بۆیە ناتوانم بەدیاری کراوی بڵێم چەندە.

نوچەنێت: وەک میوزیسیان لەرێگەی هونەرەکەتەوە چیت بە وڵاتان ناساندووە؟

کاروان حەمید حەلاق: لەرێگای هونەرەکەمەوە زیاتر هەوڵمداوە زمان و کولتووری کوردی بەڕۆژئاوا ئاشنا بکەم و پیشانیان بدەم کە کورد کێیە و چییە؟ چ هەگبەیەکی دەوڵەمەندی هەیە لەڕووی کەلتوور و میوزیک و جلوبەرگ و زمانەوانییەوە.

خاڵێکی گرنگیش کە شایەنی باسکردنە من هەمیشە لە هەموو کۆنسێرت و ڤیستیڤاڵەکان و لایڤ میوزیککەکان، من جلوبەرگی کوردی دەپۆشم و شانازی پێوەدەکەم، کە زۆرجار پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە ڤیستیڤاڵەکان دەبێتە مایەی سەرنج ڕاکێشان و تێڕامانی خەڵکی، خەڵکی ئامادەبوو پرسیارم لێدەکەن دەربارەی کولتوور و جلوبەرگەکەی، حەز دەکەن وێنەم لەگەڵ بگرن کە ئەوە من خۆشحاڵ دەکات.

نوچەنێت: ئەندامی ئۆرکێسترای پارتووتی، میوزیسیانەکان هەستیان چۆنە بەو بەرهەمانەی کەتۆ پێشکەشیان دەکەی؟

کاروان حەمید حەلاق: لە تیمەکەمان رێزێکی زۆرم دەگرن و هەمیشە بەچاوی رێز و خۆشەویستییەوە لێم دەڕوانن، ئەو بەرهەمانەی کەمن پێشکەشی دەکەم یاخود هەڵیاندەبژێرم، دەبێتە جێگای خۆشحاڵی و سەرنج راکێشانی میوزیسیانەکانی هاوڕێم زۆر بەدڵیان دەبێت. من زیاتر کار لەسەر بەرهەمە رەسەنەکان و گۆڕانییە کۆنەکان دەکەم، بۆیە ئەندامانی ئۆرکێسترا زۆر بەدڵیانە و هەمیشە دەست خۆشیم لێ دەکەن.

نوچەنێت: کێ هاوکار و پالپشتی کاروان حەمیدە لە وڵاتی هۆڵەندا لە کارەکانیدا؟

کاروان حەمید حەلاق: لەڕووی هاوکارییەوە خێزانەکەم و هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشتیم دەکەن، دەمەوێ سوپاسیان بکەم کە هەمیشە خەمخۆر و پاڵپشتم بوون لە کارەکانم، هەروەها لەڕووی مادییەوە کەس هاوکاری نەکردووم پاڵپشتم نەبووە ئەوەی کردوومە و دەیکەم لەسەر ئەرک و مەسرووف و گیرفانی خۆمە و تا ئێستا هیچ پاڵپشتییەکی نەکراوم لەلایەن هیچ کۆمپانیا و دەزگایەکی حکومییەوە.

نوچەنێت: کاروان لە ئێستادا بەچییوە سەرقاڵە، کاری نوێی لەبەردەستە؟

کاروان حەمید حەلاق: من رۆژانە جگە لە کاری هونەریەکەم سەرقاڵی کارو ژیانی خۆمم، خەریکی ئیش و کردن و دابین کردنی بژێوی ژیانم، بۆیە بۆ کاری نوێ هەمیشە وتوومە و دەیڵێم کاری نوێ زۆرە، بەڵام پێویستی بە هاوکاری و لایەنی ماددیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کارێکی باش و پڕۆفیشناڵ و کوالێتی بەرز پێشکەش بکەی.

لەبەر ئەوەی من کارەکانم هەمووی لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆمە بۆیە لە توانامدا نییە زووزوو بەرهەم پێشکەش بکەم، بۆیە بە هیواشی کارەکانم دەکەم دەمەوێ کارەکانم کەم و پوخت بێت نەوەک زۆر و بۆر، هەر بۆیە لە ئێستادا دەڵێم بەڵێ کاری تازەم لەبەردەستە، بەڵام نازانم کەی بڵاو دەبێتەوە یان بە تەواوی ئامادە دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین