سعوودیە داوای درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران دەکات ئێران

نوچه‌نێت

سعوودیە داوای درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی لەسەر ئێران کرد. ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە، ئەو داواکارییەى ڕۆژی سێشەم ١٦ی ئادار لە کۆبوونەوەی خۆیدا ڕاگەیاند.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "دەنگی ئەمریکا"، سەرچاوەکانی سعوودیە  ڕایانگەیاندووة ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە وتوویەتی بەهۆی بەردەوامی کەڵکوەرگرنی حووسییەکانی یەمەن لە چەکە پێشکەوتووەکان کە تاران ڕادەستی کردوون و ئەوانیش بۆ هێرشبردن بۆ سەر شارەکان و شوێنە مەدەنییەکان لە سعوودیە کەڵکیان لێ وەردەگرن، گەمارۆی چەکی ئێران پێویستە. 
مەلیک سەلمان، پاشای سعوودیە، سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیەى كردبوو  
هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعوودیە، بە مەبەستی پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن، لەگەڵ حووسییەکان کە لە سەنعا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە شەڕدایە. 
بە پێی ڕاپۆرتەکان، سعوودیە گەورەترین هاوردەکاری چەکە لە جیهاندا. 
ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم ناگات دەربڕیوە. 
ئةنتونی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەم لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفؤنی لەگەڵ مارتین گریفیس، نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی پێکدادانەکان لەو وڵاتە دەربڕی. 
پێشتر، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ٣ی ئادار لەمیانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ میدیاکان وێرای ئاماژە بە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی یەمەن، ئاماژەی بە ئێرانیش کرد و وتی: ئێمە لە بەیانییەکەی ئەمڕۆدا ڕامانگەیاند پەرەپێدان بە پێکدادانەکان لە یەمەن لە لایەن ئێرانەوە قەبووڵکراو نییە. ئێران هەموو سنوورەکانی لە ئاراستەی پەرەپێدان بە گرژیی و ناکۆکییەکان تێپەڕاندووە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین