رۆستەم ئاغالە: هونەر ناتوانێت منداڵێک لە برسێتی رزگار بکات کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

شێوەکارى کورد، رۆستەم ئاغالە، کە لە هەمان کاتدا مۆزەخانەیەکى تایبەتى لە کۆیە دروستکردووە، لە دیمانەیەکى تایبەت قسە لەسەر چەند کێشەیەکى بەردەم هونەرى شێوەکارى لە هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت، هونەر لە ناوەندەکانى خوێندن لە پاشەکشەدایە، هیچ گرنگییەک بە وانەى هونەر نادرێت لەلایەن حکوومەتەوە، هۆکارەکەشى بۆ "دواکەوتوویى کۆمەڵگە" دەگەڕێنێتەوە.

رۆستەم ئاغالە، سەبارەت بە فرۆشتنى تابلۆکانى لەو پێشانگایانەى کردووتیەوە دەڵێت، خەڵک لە کوردستان زۆر کەم تابلۆ دەکڕن و هونەرمەند ناتوانێ لەسەر فرۆشتنى تابلۆکانى بژى، بەڵام وەک باسى دەکات، لەسەر تۆڕى ئەنیتەرنێت، "بەڕاستی زۆر سوودمان لێ بینیوە، خەڵک لە ئەوروپا لە ئەمەریکا کارمان دەبینێت داوای تابلۆ دەکات و تابلۆی پێدەفرۆشین." 

ئەو گووتیشى، "لەداخی ئەو نەفرۆشتنی تابلۆ لە پێشانگا، من دەچم لەو دەشتە لە ژێر دارێک پێشانگا بکەمەوە یاخود لە کۆڵانێکی فەرامۆشکراو یاخود نەبینراو، بۆ کاتژمێرێک یا دوو کاتژمێر بەبێ دەیەکەمەوە، بەلامەوە گرنگ نییە کێ دەیبینێت ئەوەم پێ باشترە."

 

دەقى دیمانەى هونەرمەندى شێوەکار، رۆستەم ئاغەلە لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت:

نوچەنێت: بۆچی هونەری شێوەکاریت هەڵبژراد، چی وایلێکردی؟

رۆستەم ئاغالە: من هەڵم نەبژارد، چونکە ئەوە خۆی هەڵبژاردە نییە، زۆر شت لەوە زیاتر هەیە، لەو شوێنەی لەگەڵ کەسوکارتدا دەژی، یا لەو شارەی تێیدا دەژی، هەموو ئەوشتانە هیچی هەڵبژاردە نین، بەڵکو ڕێککەوتە یان شوێنی خۆت دیاری دەکات، ڕەنگە من لەکۆمەڵگایەکی تر بوومایە دەوروبەرم مۆسیقی بوونایە یاخود شتێکی تر بوایە، یان لە شارێکی تر فیتەر بوومایە، بەڕاستی ئەوانە هیچی هەڵبژاردە نییە، من بڕوام بەوەیە هەموو ئەوانە ڕێكکەوتە.

نوچەنێت: خۆت بەکام ستایل بەستووەتەوە و گرنگی پێدەدەی؟

رۆستەم ئاغالە: وەک خۆ بەستنەوە من خۆم بە هیچ شێوازێک نەبەستۆتەوە، تۆ ئەگەر بێت بەگشتی سەیری کارەکانی من بکەی لە (90) تا ئێستا شێوازی واقیعی و ئاماژەیە، واقیعی زاڵە بەسەر کارەکانمدا، بەڵام شتەکانم هەمووی ئاماژەیە، تۆ دار نابینی دارێکی ئاسایی گەڵای پێوەبێت، لە جیاتی گەڵا چاوەزاری پێوەیە، یاخود ئاسمان نابینی هەورێکی ئاسایی پێوەبێت، دەبینی ئاسمان رەنگێکی سوورە یاخود شتێکی ترە و لە ئاسمان ناچێت، بۆیە ئەوانەی هەڵمبژاردووە لە ناویاندا واقیعی و ئاماژەیە زیاتر و هەندێجار کارێکی روون بۆ هەموو ئەو شتانەی، کە دادەنرێت بۆ قوتابخانەکان تەنیا گوڵێکم کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەو گوڵەم کردووە؟ چونکە ئاشنایە بەمن مرۆڤ خۆیبە دەستکرد بەخێوی ناکات بە خۆڕسک دروست بووە، بۆ نموونە گوڵی شەکرە بایی، کەرەخۆرە یا چاوبازە، ئەوانە لەناو کارەکانما زۆرە، ئەوەش واتای ئەوەیە لای من گوڵ بەشێکە لە دڕک ئازادی بەشێکە لە ناخۆشی ناخۆشییەکانیش دیوێکی تریان هەیە کە خۆشییە.

نوچەنێت: تابلۆکان زیاتر گوزارشت لەناخی خۆت دەکەن؟

رۆستەم ئاغالە: دیاری کراو نییە شت زۆرە، هەندێک کات کاری ئەبستراک دەبینی هیچ فۆڕمێک نادات، تەنیا رەنگە بۆیە لەو کاتەدا پێویست بە پرسیار ناکات دەتوانی بڵێی کارەکەت ئەبستراکە و گوزارشت لە ناخی خۆت دەکات، بەڵام کاتێک تۆ نیگارت کێشا فۆڕمی دیاری کراوت هەبوو فۆڕمەکان زۆرن (مرۆڤە، ئاژەڵە) یاخود هەرشتێکی تر ئەوکاتە کارەکە فراوانتر دەبێت زیاتر دەچێتە ناو کارەکە، ئیتر تۆ تێدەگەیت کە هونەرمەندەکە لەیەک کاردا ئیش ناکات، بەڵام بەگشتی کاری من ئیشکردنە لەناو فۆڕمی کوردی و ئەوشتانەی کە کەمتر دەستیان بۆ بردراوە، بۆ نموونە (شاە ماران) لەناو کاری مندا زۆر هەیە، بابەتێکی تازەیە لەناو هونەری کوردیدا ئێستا واخەڵکی لاسایم دەکاتەوە و کار دەکات لەسەر ئەوە، بەر لەمن ئەو کارە هەر نەکراوە.

نوچەنێت: ئایا ناونیشان گرنگە بۆ تابلۆ؟ لە چییەوە ناونیشان سەرچاوە دەگرێت؟

رۆستەم ئاغالە: من خۆم ئەو ناونیشانانە دادەنێم کە سەرنج راکێشن، زۆرکەس هەبووە هاتووە لەناو ناونیشانی من کارێکی دروست کردووە، منیش زۆرجار لەناونیشانی خەڵکی ترەوە کارمکردووە، زۆرجار ناونیشان وەکو دەرگایەک وایە بۆ ئەوەی بچیتە ناو بابەتەکەوە، هەنێکجاریش هەندێ بابەت بەڕاستی نۆکۆمێنتە هیچی وای ناوێت بۆیە پێویستی بە هیچ نییە و ناونیشانی هەر نەبێت باشترە، ناونیشان نرخی کارەکە بەرز ناکاتەوە، بەڵام دەبێت بە دەرگایەک، هەندێکجار بابەتی گەورە یاخود ناونیشانی گەورە بەرهەمی تر لەدایک دەبێت یا داهێنانە، بەڵام وانییە زۆرجار بابەتی هاوڕێکانی خۆم دەبینم نەک هەر تابلۆ ، چیرۆک، شیعر، زۆر شتی تر،،، ناوەڕۆکێکی خراپی هەیە بۆ نموونە وەک ئامادەکردنی هەواڵێک لەو ماڵپەڕانە، مانشێتەکەی سەرنج راکێشە بەڵام ناوەڕۆکەکەی هیچ نییە، بۆیە بۆ سەرنج راکێشانی هەر شتێک ناونیشان گرنگە، چونکە ئەگەر بێت و وانەبێت کارەکە لاواز دەکات، زۆرجار تابلۆم هەبووە چاپمکردووە لەناو ئەلبوومە ناونیشانی هەیە، جاری وا هەیە کە پۆستی دەکەم حەز ناکەم بەو ناونیشانە پۆستی کەمەوە، با خەڵکی ئازاد بێت چی بۆ دادەنێت لەچوارچێوەی کاری من دەرچێت.

نوچەنێت: لە ئەمڕۆدا هونەری شێوەکاری لە کوردستان گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟ ئایا لەگەڵ سەردەمدایە یاخود هێشتا لە لاسایی کردنەوەین؟

رۆستەم ئاغالە: هەندێک کاری پێرفۆڕماڕس دەکات یاخود کاری ئنستردەیشن دەکات، بڕوایان بە کارەکەی ئێمە نییە بڕوایان بە نیگار کێشان نییە، دەڵێن "نیگار کێشان هەموو خەمەکان یاخود هەموو ئازارەکانی مرۆڤ هەڵناگرێت، هەر بۆیە شێوازی دەربڕینی ئێستا زۆر گۆڕاوە، لەچاو (20) ساڵ بەر لە ئێستا خەڵک پەنا بۆ زۆر شت دەبات، هەیە پارچە قوماشێک هەڵدەواسێت یاخود کارێکی ڤیدیۆیی دەکات ئەمە دەبێتە هونەر، هەندێکجار خەڵک قاپ و قاچاخی داناوە لەسەر شەقامێک کەسێک دێت فۆتۆی دەگرێت کارەکە خۆی هی ئەو کەسە سادەییە، بەڵام  بیری لێنەکردووەتەوە ئەوە بکاتە کارێکی هونەری چونکە بیرکردنەوەی ئەو جیاوازە، بۆ ئەوەی نەکردووە، بۆ ئەوەی کردووە کە قازانجێکی ماددی دەستکەوێت، یان کەسێک دەیبینێت و چێژی لێ وەردەگرێت دووبارەی دەکاتەوە بە شێوازێکی تر و دەیکاتە کاری خۆی، بۆیە هونەر لە ئێستادا زۆر لە گۆڕاندایە لە بواری شێوەکاری پێشکەوتنێکی زۆر باش هەیە و ئەو پێشکەونتە جاری وا هەیە کۆمەڵگا لەگەڵی ناڕوا، ئێمە زۆر سوپاس گوزارین ئەگەر کارێکی واقعی بکەن، گەر بێیتە سەر لایەنی چێژ بین زۆربەی کەس دەڵێت: حەرامە، یاخود تابلۆی مرۆڤ حەرامە تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە لە حەرام و حەڵاڵ دەرنەچووە، هەرکەسێکیش دەڵێت، وانییە بەڕاستی تا ئێستا لەناو خەڵکدا نییە، و کەسی واش هەیە هەر کارێک نمایش دەکات دەچێت چەند هونەرمەندێک و برادەرێک دەهێنێت و قسەی زل زل دەکات. 

نوچەنێت: شێوازی بازارکردن تابلۆ چۆنە؟ لەرێگای کردنەوەی پێشانگا هونەرمەندی شێوەکار دەتوانێت تابلۆکانی بە بازار بکات، تابلۆکان زیاتر بەکێ دەفرۆشن، کێن ئەوانەی دەیکڕن

رۆستەم ئاغالە: بازارەکە بەگشتی وا بەهێزە نییە بەو شێوەیە، هونەرمەند بەڕاستی پێشانگا دەکاتەوە ئەگەر خەیاڵی ئەوەی هەبێت کەوا کارەکانی دەفرۆشرێن ئەوا خەیاڵی خاوە، لەبەر ئەوەی تۆ کاتێکی دیاری کراوت هەیە سێ بۆ چوار رۆژت هەیە، تۆ دەتەوێ ئەو خەلکانە بێن و کاری تۆ ببین و بیکڕن لێت، ئەوە سەختە بەتایبەت تۆ لەیەک شاردا پێشانگا بکەیتەوە ناتوانی لەناو مانگێکدا ئەو پێشانگایە بگوازیتەوە و ئەو جرت و فرتە بکەیت، ئەی بوارەکەی تر چییە  کە دەتەوێ زۆر ترین خەڵک یاخود بینەر کارەکانت ببینێت بەتایبەت ئەگەر پڕۆفیشناڵ بیت؟ ئەوە تۆڕی ئینتەرنێتە کە ئێمە بەڕاستی زۆر سوودمان لێ بینیوە، خەڵک لە ئەوروپا لە ئەمەریکا کارمان دەبینێت داوای تابلۆ دەکات و تابلۆی پێدەفرۆشین، بازارەکە وا نییە بەو شێوەیە، بەڵام بۆ کەسێکی وەکو من خراپ نییە، چونکە من لە زووەوە لەو بوارە کاردەکەم خەڵکەکە هەمووی دەمناسێت، لە ساڵی (2016) یەک پێشانگام کردووەتەوە تا ئێستا پێشانگام نەکردووەتەوە، لەداخی ئەو نەفرۆشتنی تابلۆ لە پێشانگا من دەچم لەو دەشتە لە ژێر دارێک پێشانگا بکەمەوە یاخود لە کۆڵانێکی فەرامۆشکراو یاخود نەبینراو، بۆ سەعاتێک یا دوو سەعات بەبی پلان بەلامەوە گرنگ نییە کێ دەیبینێت ئەوەم پێ باشترە.

نوچەنێت: هونەرمەندی شێوەکار دەتوانێت لەرێگەی هونەرەکەیەوە داهات بۆخۆی دابین بکات؟

رۆستەم ئاغالە: خەڵکی هەمووی بۆخۆی هەوڵدەدا، بەڵام ئەگەر بڵێین کۆمپانیا هەبێت یاخود تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بازار بۆ هونەر دروست بکات نییە، من ئەوەم نەبینیوە، بەڵام لە سلێمانی رێکخراوی باڕ هەیە کە بەشێکیان هەیە بەناوی ئاڕت فرۆش، هەرچەندە نازانم چونکە من لەگەڵیان نیم نازانم چی دەکەن و چی دەفرۆشن، بەڵام ئەوەش دیاری کراوە لە رووبەڕێکی دیاری کراوە، رەنگە لە سەرەتاکەی شەش بۆ حەوت تابلۆ بفرۆشرێت، بەڵام دواتر ئەوەش وشک دەبێت، هونەر ناتوانێت مناڵێک لە برسێتی رزگار بکات، تەنیا بە بڕوای من هونەر دەتوانێت (رێز، پێکەوە ژیان، هێمنی) تەنیا لەبواری کەلتوور و هونەردا ئێمە دەتوانین ئەوە باشتر بکەین ئەگینا سیستەم ناتوانێت باشتری بکا خۆ ئەگینا سیستەم بە بەردەوامی بەدوای تۆوە نییە.

نوچەنێت: چۆن بتوانین هونەری شێوەکاری بەرجەستە بکەین، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستادا چۆن دەسگیرۆیی گەنجەکان دەکەی؟

رۆستەم ئاغالە: (10) ساڵ بەر لە ئێستا دروست بوونی هاوکاری کەشی هونەری فێر بوون و راهێنان زۆر باشتر بوو لە ئێستا، دەزگاکان زۆر بوون، ئێستا ئێمە وەزارەتی رۆشنبیریمان هەیە خۆی ئامادە نییە کاری کولتووری بکات، چەند ساڵە چالاکییەکی وەزارەتی رۆشنبیریم نەدیووە، بۆیە کەشەکە بۆ خەڵکی زۆر خراپە بۆ ئەوانەی کە ئارەزوو مەندییان هەیە کەشیان بۆ دروست بکەی، خول دەکرێتەوە، بەڵام ئەوە زۆر خراپە جگە لەوەی لەهاویندایە، ئەو مامۆستایەی بۆت گرتووە با مامۆستایەکی بەهێز بێت شتی باشی پێبێت و پێی بڵێت و تەواو.

نوچەنێت: چۆن بیرۆکەی مۆزەخانەکەت بۆ دروست بوو؟ بۆچی شاری کۆیە؟ بۆ شارەگەورەکان نەبوو؟

رۆستەم ئاغالە: ئەوە خەونی خۆم بوو، زۆرجار چۆن مرۆڤ لە قەرەباڵەغی شارەکان هەڵدێن و دەچنە ناو گەرەکێکی هێمن یاخود ستییەکان، منیش بەشێکە لەو راکردنە لە قەرەباڵەغی و هەراسان بوونی دەروونی من، بەڵام بەر لەوانە من خەونێکم هەبوو هەر لە کۆنەوە کە لە ساڵی (1990) لە کۆیە کارێکی وا بکەم، پەنام بردە بەر کۆنە خانوو و خەڵکی تر و حکومەتی هەرێم، نووسراوم دەنووسی داوام دەکرد کەمۆزەخانەیەک دروستکەم یا گەلەرییەک دروستکەم، ئەو پڕۆژەیە خەونێکی گەورەی زۆر لە مێژینەمە.

ئەگەر بهاتایە باڵەخانەیەکییان پێبدامایە لە هەولێر یا سلێمانی قبووڵم نەدەکرد، لەبەر ئەوەی من ئێستا دەتوانم لە کۆیە بیکەم بە سەد ساڵی تریش کەسێکی تر ناتوانێت بیکات، بەڵام لە ئاستی من لە هەولێر و سلێمانی هەیە راستە کەس نەچووەتەبەر ئەو هێرشە ئەو پاڵە پەستۆیە یان ئەو ئەرکە قوورسە، بەڵام من چوومەتەبەری پاش نۆ ساڵ توانیوومە لێی دەرچم لەوە ناچێت هەموو خەڵک بەرگەی ئەوە بگرێت، چونکە ئەوەی من کردوومە شۆڕشێکی گەورە نییە، بەڵام شۆرشێکە کە دەکرێت ئەو بیرۆکەیە لە زۆر شوێن و شاردا پەنای بۆ بەرێت، دواتر کۆیە لە نێوان دوو پارێزگادایە تاکە خاڵی کولتوورییە لەنێوان هەولێر و سلێمانی کە هەبێت، من دەزانم لە هەولێر وەکو بزنس سەرکەوتوو دەبوو، لە سلێمانی وەکو سەردانی خەڵک و دەزگایەکی کولتووری سەرکەوتوو دەبوو، بەڵام وەکو دەزگایەکی زادی وەکو خەونێکی کەسێک کە سەختی بینیوە، بەقورسی دروستی کردبێت ئەوە کۆیە لەبارە بۆ ئەوە.

ڕاستە کە خەڵک سەردانی زۆر ناکات، بەڵام من خەرجی ئەو مۆزەخانە بەڕێوە دەبەم، کە هیچ دەزگایەک لە کوردستاندا نە مۆزەخانە نە گەلەریی هەیە، ئەگەر کەسێک تایبەت بۆخۆی بەڕێوەی بەرێت، ئێستا ئەوانەش نەماوە یا لە بودجەی حکومەت یا لە بودجەی حزبە هەر هیچیان نەماوە، گەلەری زاموا داخراوە لە کۆیە هەبوو لە سلێمانی هەبوو لە هەولێر، هەندێک دەزگای وەکو مێرگ و ئەوانە هەبوون دەمێکە هیچیان نەماوە، لەبەر ئەوە ئێستا دەسەڵات بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو شوێنەی پارەی بۆ فڕە نەدات یا نەیدا پێی دادەخرێت، دەزگای (ئاراس)یش نموونەیەکی وابوو.

نوچەنێت: هونەرمەندان تا چەند هاوکارت بوون لە هەماهەنگی مۆزەخانەکە، تا چەند توانیویانە کارەکانیان جێگیرکەن، یاخود پێشکەشی خەڵکی بکەن لەگەڵ کارەکانتدا؟

رۆستەم ئاغالە: زۆرکەم هەبووە بەدەست دەژمێردرێت ئەوانەی کە هاوکارم بوون، چونکە هەندێکیان توانیم تابلۆکانیان لێبکرم راستەوخۆ یاخود لەو چەند ساڵە پارەیان بدەمێ، هەرچەندە چەند هونەرمەندێک ماوە کە دەبێت پارەی تابلۆکانیان پێبدەم کە لێم کڕیوون، هەندێکیان ئارامیان نەگرت رۆژی کردنەوەکەی کارەکانی خۆیان بردەوە، بەداخەوە لە ناو هونەرمەندان هاوکارییەکی وا نەکراوم کە شایەنی باس بێت، بەڵام هونەرمەند هەیە وەکو (رێبین سالار) کە خەڵکی کۆیەیە ئێستا لە سلێمانی دادەنیشێت هاوکاری کردووم، لەسەرەتای بناغەوە لەگەڵم بووە پشتوو پەنام بووە، هەم وەک هونەرمەند هەم وەک هاوڕێ، بەڵام دواجار ئەو لە هاوڕێ دەچوو نەک هونەرمەند، چونکە هەر لەگەڵمدا بووە ئەوەشی پشتوو پەنام بووە خێزانەکەی خۆم و خوشک و براکانم بووە.

نوچەنێت: لەداهاتوودا بەرنامەت چییە بۆ خۆت؟ مۆزەخانەو گەلەرییەکەت، بیرت لێکردووەتەوە فراوانی بکەی؟

رۆستەم ئاغالە: مۆزەخانەکەم خۆی پڕۆژەیە، من خۆم پڕۆژەم هەتا ئەو رۆژەی دەمرم، پڕۆژەم تابلۆکانم دوای خۆشم پڕۆژەن بە بەردەوامی چ خەڵک کاری بۆبکات یاخود چاپی بکات یاخود خوێندنەوەی بۆ بکات یاخود بیکڕێت، من خۆم پڕۆژەیەکی زیندووم بە بەردەوامی هەندێکجار دەڵێم دەبێت ئەو خەڵکە بیریان لەوە کردبێتەوە، کە پڕۆژە چۆنە یاخود پڕۆژەت چییە، من بۆ خۆم هەموو رۆژێک تابلۆیەکی تازە دەکەم کاری من نیگار کێشانە بەبەردەوامی، بەڵام پڕۆژەیەکی دیاری کراو وەکو مۆزەخانەکەم کە دروستم کرد هەبێت شایەنی زۆر قسەکردن بێت نیمە، کەسێکم بڕیاریشمداوە لە ساڵی (2013) ناچمە ستۆدیۆی هیچ تەلەڤزیۆنێک، ئەو پڕۆژانەی کە هەیە بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن باسی ناکەم، هەر بۆیە لەو چەند ساڵەی رابردوودا ملم نایە بەر ئەو دەشت شوێنانەی کە پێشانگای تێدا دەکەمەوە کەسێک نەهات، بۆ نموونە من پار ساڵ چوومەتە گۆمی فێڵاو لەوێ پێشانگام کردەوە لەوێ کە خەڵکی بەو بەیانییە زووە نەی دەتوانی بێتە ناو ئەو بەفر و شوێنەوە، ئەوە پڕۆژەیە باسم نەکردووە و لەوێش رێگەم بە هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نەدا بێت چاوپێکەوتن بکات وتم ئەگەر دێن (پارە) و حەقی خۆمە، هەموو ئەو راگەیاندنانەی کە ناسراون  پێم وتوون (دوو هەزاردۆلار) بدەن کێ دەیەوێت با تەسویر بکات و بابەتەکە بکات بە هی خۆی، بەڵام بەبێ بەرامبەر من کارەکانم لە پشتی خۆم دەکەم و لەسەر گیرفانی خۆم و ئەوشار ئەوشار دەکەم تۆ بێیت بێبەرامبەر ببێت بە بابەتێک بۆ تۆ لە کەناڵەکەتدا نیوسەعات سەعاتێک دایدەبەزێنیت ئامادە نیت دینارێک بدەی منیش ناهێڵم و بۆشی نییە تەسویر بکات.

بەڕاستی ئەوە بیرکردنەوەمە تا ئێستا هەر کاتێک راگەیاندنەکان هاتنە سەر ئەو قسەیەی من فەرموون بابێن من پڕۆژەم هەیە لەگەڵیان دەچم رێگە بەو کەناڵە دەدەم، هەتا بۆ زانکۆکانیش حەقی خۆمم پێنەدەن بەڕاستی ناچم بۆ هیچ زانکۆیەک وانەیەک بڵێمەوە، هەرچەندە من وا پارە پارست نیم پارە هیچ نییە من چیم لە راستیدا، بەڵام ئەو ئامادە نییە رۆژێک زیادبکات بەبێ بەرامبەر وانە بڵێتەوە یاخود فەرمانبەرانی راگەیاندنەکان بەبێ بەرامبەر کار ناکەن و ئامادە نین بەبێ بەرامبەریش یەک رۆژ کار بکەن، زانکۆی تایبەتەکانیش هەروەتر بە پارەیەکی چاک ئیش دەکەن پارە خەرج دەکەن ئەی بۆ ئامادە نییە بۆ وانەیەک بڕێک پارە بدات، کە بۆ جوانکردن و ناوبانگی زانکۆکەی خۆیەتی؟ منیش ئەوەندە ئەزموونەی خۆم هەیە نایفرۆشم بەخۆڕایی لێرە پێویستە هونەرمەند رێز لە توانا و قسەکانی بگیرێت کاتێک هونەرمەندێکی باش کە قسەی کرد خەڵکی دەبێت بێدەنگ بێت، هونەرمەند نابێت ئەوەندە بچووک بێت ئەوەندە خۆی نیگەران بکات بۆ ئەوەی کە بەشدار نەبووە لەو شوێنانە یاخود بوونی نییە، من لەو شوێنانە گەر بانگێشت نامەم بۆ نەنێرن ناچم، دەمەوێت بچمە هەر شوێنێک شوێن و رێزی خۆمم هەبێت، جاری وایە بانگێشتیشت بۆ دێت وەکو پێویست رێزت لێناگیرێت وەکو بەرپرسێک یاخود وەزیرێک یا پارێزگارێک بەخێرهاتنت ناکرێت، من خۆم لەو بەرزتر دەبینم بۆچی؟ من بیرم هەیە و داهێنان و تێکۆشانم هەیە بەڵام ئەو بە هەڵبژاردنی پلەو پۆستی سیاسی چووەتە ئەو شوێنە، نەک لەبەر ئەوەی لە کەلتوور تێنگات یاخود لە کارەبا تێناگات، من لەبەر ئاستی رۆشنبیری و داهێنانی خۆم دەڕوانم و دەچمە شوێنەکە.

نوچەنێت: لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان، ئێستا گرنگی بە وانەی نیگار کێشان نادرێ، یاخود بەبێ بایەخ سەیر دەکرێت هۆکار چییە؟

رۆستەم ئاغالە: ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە هەیە، کە وەزارەت بڕیاریدا گوتی: نابێت لە فڵان شوێن یاریدەدەری قوتابخانە نەمێنێت نامێنێت گوتی: مامۆستا ئەوەندە حسەی نەمێنێت نامێنیت، هەر بۆیە لەسەرەتاوە گرنگی بەو وانەیە نادرێت، لەبەر دواکەوتووی ئەو کۆمەڵگایە، چونکە ئەوخەڵکانەی کە تا ئێستا سەرپەرشتیاری هونەرین لەناو پڕۆگرامی خوێندنن هونەرمەندی تێدانییە تێشدابێت کەسایەتی بەهێزنییە، خۆ ئەگەر لەوێشدابێت ئەو کەسە لەبوارەکەی خۆی کار ناکات و  تەنیا بڕوانامەیەکی هەیە و تەواو رۆژێک توانای ئەوەی نییە بڕواتە بەردەم وەزیرەکە قسەبکات، بڵێت هونەر لە پاشەکشەدایە رێز لە هونەر ناگیرێت وانەی هونەر بە وانەی گرنگ سەیر ناکرێت دەخرێتە وانەی شەشەمەوە بۆ ئەوەی قوتابی بڕواتەوە یاخود ژووری تایبەت بەو وانەیە نییە، هەتا مامۆستا قوتابی فێربکات هەموو ئەوانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، من کە لە کۆیە مامۆستا بووم لە  قوتابخانەیەکی ناوەندی داخلی ئیمتیحانم نەدەکرد و ساقیتم دەکرد بۆ ئەوەی فێربێت خۆی بۆ ئەو وانە ماندوو بکات، رۆژی ئیمتیحان دەفتەری وێنە و قەڵەم بۆیەی لەگەڵ خۆی هێنابێت و پێیبێت چەندان جار قوتابیم خستووە، چونکە گرنگییان بەو وانە نەدەدات، کە فێر بوون ساڵی داهاتوو خراپترین قوتابی لەباشەکە باشترین وێنەی دەکێشا،  بۆ ئەوەی داخلی بەکەلۆری بێت، و وانەی خۆشم نەدەدا بەیەک مامۆستا رێم نەدادە یەک مامۆستا وانەی من ببات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین