دوو گەنجی كورد فیلمی (مرۆڤایەتی یان شۆڕش) بەرهەمدەهێنن کولتوور

نوچە نێت: چرا كوردستانی

دوو گەنجی کورد، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کورتە فیلمێکەوە، وەك خۆیان دەڵێن، دەیانەوێ پەیامی کۆتاییهێنان بە سەردەمی پاڕانەوە  لە بەردەم داگیرکەراندا بڵاوبكەنەوە و دەڵێن، دەمانەوێت بە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگە بڵێین، "ماف نادرێت، بەڵکو دەسەنرێت".

شەهرام سوبحانی سیناریۆنووسی کورتە فیلمی (مرۆڤایەتی یان شۆڕش) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچە نێتی ڕاگەیاند، ئەم کورتە فیلمە لە دەرهێنانی (چەکۆ ئاسریس) تابلۆیەکی هونەریی پەروەردەییە کە تێیدا پۆلی خوێندن دەکرێتە سەنگەری هۆشیاری، چیرۆکەکە گێڕانەوەی مامۆستایەکە کە لە بری وانەی ئاسایی، تۆوی کوردایەتی و خۆناسین لە هەناوی نەوەی نوێدا دەچێنێت.

ئەو هونەرمەندە گووتیشی، بەرهەمەکە کنە و پشکنینە بۆ خاڵە لاوازە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاکی کورد و خستنەڕووی نەخشەڕێگایەکی نوێیە؛ نەخشەڕێگایەک کە تێیدا "چەمکی بێهێزیی پاڕانەوە بۆ مرۆڤایەتی ڕەت دەکرێتەوە و جێگەکەی بە فەلسەفەی شۆڕش و بەرخۆدان دژی داگیرکەران پڕ دەکرێتەوە".

لە بارەی بیرۆکەی فیلمەکەوە، شەهرام سوبحانی بۆ نوچە نێت ئاشكرای دەكات، بیرۆکەکە زادەی ژان و تێڕامانە لە واقیعی تاڵی سیاسیی کورد؛ ئەو واقیعەی کە تێیدا گوتاری سیاسی خەریکە لە بازنەی بەزەیی و پاڕانەوەدا دەخولێتەوە، هەروەها بینیمان نەوەی نوێ پێویستی بە ناسنامەیەکی بەهێزە، "ئامانجیشمان گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەیە؛ لە چاوەڕوانیی دەستی دەرەکییەوە بۆ باوەڕبەخۆبوون و پشتەستن بە هێزی بازووی نەتەوەیی و بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی هونەرێک خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هۆشیاری نیشتیمانی بکات‌‌. 

دەشڵێت ئەم بەرهەمە کارێکی سەربەخۆ و خۆرسکە، ئێمە داوای پاڵپشتیمان لە هیچ لایەنێک نەکردووە، چونکە باوەڕمان وایە هونەری ڕەسەن و شۆڕشگێڕ دەبێت لە هەر کۆت و بەندێکی دامەزراوەیی ئازاد بێت کە ڕەنگە تیشکی پەیامەکە کەم بکاتەوە. سەرمایەی ئێمە، باوەڕی پتەومانە بەو دۆزەی هەڵمانگرتووە.

شەهرام سوبحانی و چەکۆ ئاسریس، دوو گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بەبێ بوونی هیچ هاوکاریی و پاڵپشتییەک، یەکەمین بەرهەمیان لە بواری سینەمادا بڵاوکردەوە و پلانیان وایە کە بەردەوامی بەو کارە هونەریانەیان بدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین