هونەرمەندێکی کورد بەشداری لە پێشانگای شێوەكارانی جیهان دەكات کولتوور

نوچەنێت

لە نێو (42) هونەرمەند لە سەرانسەری جیهان، شێوەکاری کورد حەمە هاشم هەڵبژێردراوە بۆ بەشدارییکردن لە چالاکی "جیهان لە ئاژاوەدا " کە تیایدا لە ڕێگەی هونەرەوە، وێنای ئەو کوشتار و ناسەقامگیرییە بکەن کە مرۆڤی هاوچەرخی ماندوو کردووە.

ڕۆژی سێشەممە (2026/2/24) هونەرمەند و شێوەکار حەمە هاشم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی 28ی شوبات، لە شاری گوا لە وڵاتی هیندستان، پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی جیاواز لەژێر ناونیشانی (جیهان لە ئاژاوەدا - World in Chaos) بکرێتەوە، مژاری سەرەکی کارەکانیش تیایدا، گوزارشتە لەو ئازارانەی کە سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنن و دەبنە زمانێکی هاوبەشی مرۆیی.

سەبارەت بە پێشانگاکە حەمە هاشم ئەوەی خستەڕوو کە  پێشانگاکە لەلایەن  "دێ بێلاس ئاڕتێس" ڕێكخراوە و لەلایەن دكتۆر(یۆلەندا دێ سۆسا) سەرپەرشتی دەكرێت، "ئەوان خۆیان ئەو هونەرمەندانەیان هەڵبژاردووە كە كارە هونەرییەكانیان، لە سەر ڕیتمی گوزارشتكردن لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشییەكانی جەنگ نیشان دەدەن بۆیە (42)  هونەرمەندیان، لەسەرانسەری دنیا هەڵبژارد بۆ پیشانگاكە". 

هەروەها گووتیشی بەشداریی هونەرمەندێکی کورد لە ناو دڵی ئەم نمایشە نێودەوڵەتییەدا، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دیدگایەکی جیاواز لەسەر ئەو نەهامەتی و ئاژاوەیەی جیهانی گرتووەتەوە بگاتە بینەری بیانی، چونکە "هونەر باشترین ئامرازە بۆ گوزارشتکردن لەو خەمە گەردونییانەی کە هەمووان تێیدا هاوبەشن". 

هەر لەبارەی ئامانجی بەشداریی کردنییەوە، حەمە هاشم گووتی، لە کاتێکدا جیهان بەدەست جەنگ و ئاژاوە سیاسییەکانەوە دەناڵێنێت، هونەر وەک ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانی ئەم نەهامەتییانە دەردەکەوێت، منیش وەک شێوەکارێکی کورد کارەکەم لەسەر نەهامەتی و باری نا درووستی كۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤی كوردە،  كە هەر دەچێتە بواری ئەو بابەتەی كە بابەتی سەرەكی پێشانگاكەیە (جیهان لە ئاژاوەدا). 

چالاکی جیهان لە ئاژاوەدا، لە گەلەری (دێ بێلاس ئارتێس) لە ئاڕت کەمپەر بەڕێوەدەچێت، ئێوارەی 28ی شوبات دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو بە ڕووی سەردانیکەراندا کراوە دەبێت، نمایشەکەش بانگەوازێکی بێدەنگە بۆ تێڕامان لەو دۆخە پڕ لە ئاژاوەیەی کە مرۆڤایەتی تێی کەوتووە و هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مانا لە نێوان ڕەنگ و وێرانکارییەکاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین