د. سەڵاح عەبدولواحید: هەستیاری لووت نەخۆشیەکی کووشندەنییە تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د.سەڵاح عەبدولواحید، پسپۆری نەشتەرگەری قووڕگ ولووت وگوێ له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى "نوچه‌نێت" باس له‌ هه‌ستاریى لووت ده‌كات و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كى مه‌ترسیدار نییه‌ بۆ ژیانى مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێ : مەترسی هه‌ستیاریى لووت لەوەدایە کە نه‌خۆش تووشی چەند هەستیاریتر دەکات"

د.سەڵاح عەبدولواحید، پسپۆری نەشتەرگەری قووڕگ و لووت و گوێ، سەرەتا  پێناسەیەکی هەستیاريی لووتی کرد و گووتی، "هەستیاریی لووت نەخۆشیەکی باوە بە تایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، هەموو تەمەنێك دەگرێتەوە، بەڵام لە گەوران زۆر زیاترە، هۆکاری سەرەکی تووشبوون بۆماوەیییە، دوای ئەوە هۆکاری ژینگەیی دێت".

ئەم پزیشکە باسی لە جۆرەکانی هەستیاریەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا دوو جۆری سەرەکی هەیە، وەرزی: واتا هەموو وەرزی بەهارێك نەخۆشەکە تووش دەبێت و بۆ چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێك درێژە دەکێشێت. بەردەوامی: بە درێژایی ساڵ نیشانەکان لە نەخۆشەکەدا هەیە، بە گشتی ٩ مانگ لە ساڵێکدا.

بەگوێرەی قسەکانی د. سەڵاح نیشانەکانی ئەم هەستیارییە ئەمانەن:  لووت گیران و خورانی لووت، هاتنەخوارەوەی ئاو بە لووت و پژمینێکی زۆر لەگەڵ خووران و فرمێسك لەچاوەکانەوە.

دواتر روونیکردەوە کە نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و د. سەڵاح عەبدولواحید گووتی: "ماوەی ئەو نیشانانە لەگەڵ تووندیيەکەی دەگۆڕێت لە نەخۆشێك بۆ نەخۆشێکی تر، هەموویان وەکو یەك نین لە ماوە و تووندی نیشانەکان. هەندێ نیشانەی تر هەیە کە هی  هةستيارييةكة نین بەڵکو هی ئەو نەخۆشیانەن کە بەهۆی حەساسیەکەوە تووشی بوون وەکو هەوکرنی جیوبەکان بە شێوەیەکی درێژخایەن یان تووشبوون بە هەوکردنی گوێی ناوەڕاست"

زۆرجار هه‌ستیاریى لووت دواى ته‌مه‌نى 40 ساڵى نامێنێ
 


بە بروای ئەم پزیشکە مەترسی هەستیاريی لووت لەوە دایە هه‌ندێك جار نەخۆشەکە تووشی چەند هەستیاریيەکی تر دەبێت، د. سه‌ڵاح گووتی: "ئەو کەسانەی تووشی هه‌ستیاریى لووت دەبن لەوانەیە لە هەمان کاتدا یان دوایی تووشی نەخۆشیەکانی تریى هه‌ستیاریى ببن وەکو ڕەبۆ یان ئیگزیما."

د.سڵاح عەبدولواحید له‌ دیمانه‌كه‌ى "نوچه‌نێت" باسى له‌ چۆنه‌یتى به‌كارهێنانى ده‌رمان كرد و گووتی، "چارەسەری سەرەکی بریتیيە لە وەرگرتنی چەند جۆرە دەرمانێك، کە ماوەی وەرگرتنی و چەندێتی دەرمانەکە لەسەر تووندی نەخۆشیەکە ده‌وه‌ستێت، هەندێ نەخۆش لەوانەیە یەك و دوو دەرمانی پێویست بێت بۆ ماوەیەکی کورت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکە، هەندێکی تر لەوانەیە دەرمانێکی زۆری بوێت و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ."

سەبارەت بەوەی ئایا هەستیاريی لووت پێویستی بە نەشتەرگەری هه‌یه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا د. سەڵاح گووتی، "نەشتەرگەری بۆ خوودی هه‌ستيارییه‌كه‌ پێویست نییە، بەڵام لەوانەیە هەندێ نەشتەرگەریی پێویست بکات وەکو خواری دیواری لووت بۆ ئەوەی دەرمانەکان باشتر بڵاوببنەوە بەناو لووتدا، یان نەشتەرگەریی بۆ چارەسەری هەوکردنی جیوبەکانەوە کە بە هۆی هه‌ستياریى لووتەوە دروست بوو.''

له‌ كۆتایى دیمانه‌كه‌ى  له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت د.سه‌لاح عه‌بدولواحید دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە نەخۆشی "هه‌ستياریى لووت نەخۆشیەکی کوشندە نییە و چارەسەریی هەیە، لەوانەیە دوای گەیشتن بە ٤٠ ساڵی هەر نەمێنێت، ئەوانەی لە منداڵیەوە تووش ده‌بن لەوانەیە دوای گەورەبوونیان نەمێنێت"
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین