ژنان زیاتر لە پیاوان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن هەواڵ

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

لە توێژینەوەیەکی تایبەت بە رێکخراوی سوفوسیک لە سویسرا دەرکەوتووە، کە ژنان کەمتر لە پیاوان خواردنیان بەردەکەوێت، بەهۆکاری ئەوەی کە ژنان خۆیان دەستبەرداری خواردن دەبن تا بە دەمی مێرد و هاوسەر و منداڵەکانیان بگات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (30/تشرینی یەکەم/2022) ماڵپەڕی سویس بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی سوفوسیک لە سویسرا، هەڵساوە بە سازدانی راپۆرتێکی مەیدانی و دەریخستووە، ژنان زیاتر لە پیاوان بەدەست برسێتی و کەم خۆراکی دەناڵێنن، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە پێشووتر "(828) ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند، بەڵام ئێستا دوای کۆڕۆنا و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا ئەو رێژەیە بەرزتر بووەتەوە". 

لەم توێژینەوەیە ئەوەش خراوەتەڕوو، کە بە رێژەی (%10) ژنان زیاتر لە پیاوان بەدەست کەمی خۆراک و بەدخۆراکی دەناڵێنن، بەم هۆیەشەوە لە هەر سێ ئافرەت یەکێکیان کەمخوێنە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی خۆراک  یاخود خراپی جۆری خواردنەکە.

لە ئەنجامی ئەم راپۆرتە مەیدانییەدا دەردەکەوێت "لە هەر چوار خێزان یەکێکیان بە برسێتی دەخەون، هۆکاری ئەوەیش کە خۆراک کەمتر بەر ژنان دەکەوێت ئەوەیە کە ژنان خۆیان بۆ منداڵەکانیان و مێردەکانیان دەستبەرداری خواردن دەبن تا بە دەمی ئەوان بگات".

رێکخراوی سوفیسیک ئەم توێژینەوەیەی لەسەر 14 هەزار خێزان ئەنجامداوە، نیوەی باشووری گۆی زەوی، واتە لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی، ماوەی توێژینەوەکەش لە نێوان (2020)تا (2022) بووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین