كاروانى نه‌ى: به‌ كارێكى نوێ ده‌رده‌كه‌ومه‌وه‌ کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

کاروان مەحمود ناسراو بە "کاروان نەی" لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێ، "کاری هونەری زۆرم لەبەردەستدایە، بەم نزیکانە کۆنسێرتێک بۆ گرووپی شەم بە سەرپەرشتی خۆم ئەنجام دەدەن".

نوچەنێت: ماوەیەکە کاروان بێدەنگە هۆکاری چییە؟

کاروان نەی: سەرقاڵی کاری هونەرییم کە ئەوانەش ماوەیەکی زۆرە پێوەی خەریکم، کارەکانم بەرەو کۆتایی دەچن. لە هەموو روویەکی هونەرییەوە خۆمم بێدەنگ کردووە دەمەوێت لە ئایندەدا لە پرۆگرامەکاندا دەردەکەوم دەمەوێت کاری نوێم پێبێت، هەم خۆم خۆشحاڵ بم بە کارەکانم، هەمیش جێگای رەزامەندی بینەربێت.

نوچەنێت: چۆن بوو ئامێری "نەی" هەڵبژارد؟ بۆچی ئەو ئامێرە؟

کاروان نەی: من زۆر عاشقم بە هونەر و مۆسیقای رەسەن، هونەری مۆسیقای سونەتی بە تایبەت، کە ئامێری نەیش ئامێرێکی باڵادەستە لە گرووپێکی سونەتیدا، ئامێرێکی دڵنشینە و دەنگێکی سەرنجراکێشى هەیە لەگەڵ زۆربەی مه‌قامە کوردییەکان یاخود میلۆدییە کوردییەکان زوو تێکەڵاوی کارەکە دەبێت، ئەوە هۆکاری هەڵبژاردنی ئامێرەکەیە.

پێم خۆشبوو وەرزشوان بوومایە

نوچەنێت: چەند کاری کلیپت هەیە؟

کاروان نەی: کاری کلیپ من بۆ خۆم تا ئێستا چوار بۆ پێنج کلیپم هەیە کاتی خۆی ساڵانی (1998) دوو کلیپم کرد لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان کە بۆ یەکەمجار بڵاوبووە، بەم دواییانەش دوو کلیپم بڵاوکردووەتەوە کە هەردووکیان لەسەر ئەستۆی کەناڵی کورد ماکس بووە، تاڕادەیەکی باش خۆم دڵخۆشم بە ئەو دوو کلیپە چونکە دوو گۆرانی کوردییە کە خۆم لێی رازیم.\

 

نوچەنێت: بەشداری هیچ ئۆرکێسترای میوزیکی کردووە وەکو ئامێری نەی؟

کاروان نەی: بەڵی زۆرێک لە کارە هونەرییەکانم لەگەڵ ئۆرکێسترا و گرووپی گەورەکان و لەگەڵ فیستڤاڵ و کار و چالاکییە گەورەکانی دەرەوەی کوردستان و ناوەوەی کوردستان بە ئامێری نەی بەشداریم کردووە، لە ئەوروپاش چەندین کۆنسێرتم کردووە هەر بە ئامێری نەی.

نوچەنێت: بۆ کاری فیلم "نەی"ت ژەنیوە؟

کاروان نەی: بەڵێ له‌ ساڵانى رابردوو بەشدار بووم لە چەند درامایەک هەر بە نەی، ئێستاش بۆ کورتە فیلمێک ئامێری نەیم ژەنیوە کە لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە.

نوچەنێت: بۆچی ژەنینەکانی کاروان زۆربەی غەمگینە؟ ئایا هیچ هەیە لەپشت ئەو ژەنینە؟

کاروان نەی: غەمگینی ژەنینەکە لە دەنگی ئامێرەکەدایە، ئەو ئامێرە خۆی هەر بەو شێوەیە، ئەو دەنگەی لەو ئامێرە دێتە دەرەوە بەو شێوەیە غەمگین و سەرنجراکێشە و بۆ هەر مه‌قام و میلۆدییەک کە دەیژەنی، ئێمەی کوردیش رۆژانە رووبەڕووی زۆر شت دەبینەوە کاریگەریمان لەسەر دروست دەکات رەنگە ژەنینەکەی منیش بەو شێوەبێت ئەو شێوازە غەمگینەی بەخۆوە بینیوە.

نوچەنێت: گەر هونەرمەند نەبوویتایە حەزت لە چ کارێکی تر بوو بیکەی؟

کاروان نەی: پێم خۆشبوو وەرزشوان بوومایە، بەڵام بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە من هونەرمەند نەبوومایە، چونکە لەڕاستیدا ئەوەندە عەشقی میوزیک و گۆرانیم بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە چی بم.

نوچەنێت: کارت بۆ چەند هونەرمەند کردووە؟ چیت هەیە بۆ ئەوانەی کە ناویان نەهێناوی لەو کارانەی بۆ ئەوانت کردووە؟

کاروانە نەی: لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەکان کارم کردووە لەڕووی ئاوازدانان و میوزیک، کاری بەنارمەی تەلەڤزیۆنیم زۆرن، ناتوانم ناوەکان بڵێم رەنگە ناوی کەسێکیان بڵێم هەقی ئەویتر بخۆم، من هیچ جیاوازییەکم لەنێوان هونەرمەندەکاندا نەکردووە ئەوەی کاری بە من بووبێت لە دەرەوە و ناوەوە من کارم بۆ کردووە، لە هەموو روویەکەوە ئاواز و مۆسیقا و ژەنینیش.

نوچەنێت: دۆستایەتیت چۆنە لەگەڵ هونەرمەندان بە گشتی؟

کاروان نەی: لەگەڵ تەواوی هونەرمەندان دۆستایەتیم باشە، هەتا ئەو هونەرمەندانەشی، ئەگەر جارێک ئازاری دڵیان دابم یاخود ئەوانەی کە من کارم لەگەڵ کردوون و ناوی نەنووسیوم من هەر هاوڕێیەتیم باشە، هونەر خۆی هەر بۆ خۆی پەیامێکی ئاشتی و برایەتی پێیە.

نوچەنێت: کاری نوێت لەبەردەستە، یاخود پرۆژەی تازەتان لەبەردەستە؟

لە لای من یەکتر قبوڵکردن لە کارە هونەرەیەکە جوانتر و گرنگترە

کاروان نەی: من کاری نوێم لەبەردەستە، لە هەمانکاتدا سەرپەرشتیاری گرووپێکم بە ناوی گرووپی شەم، لە راهێنانم لەگەڵ گرووپەکەم بۆ کاری کۆنسێرتی تایبەت بە گرووپەکە، لە مانگی ئایندەدا ئەو کۆنسێرتە ئامادە دەبێت هیوادارم کە بتوانین بە باشی کۆنسێرتەکە ئەنجامبدەین.

نوچەنێت: بۆ هونه‌ر به‌ گشتى چیت هەیە ؟

کاروان نەی: ئەوەی کە من هەمە بۆ هونەر بە گشتی هەموو هونەرمەندان بەدەر لەکاری هونەری پێکەوە دڵسۆزی یەکتر بن و پشتی یەکبگرن و ئەمە لە کارێکی هونەری باشترە پشتگیری و گوێگرتن لەیەکتر باشە، لە لای من یەکتر قبوڵکردن لە کارە هونەرەیەکە جوانتر و گرنگترە، چونکە وەک دەبینین لە هەندێک روودا یەکتر قبوڵ ناکەن ئەمەش باش نییە لەڕاستیدا، گەر بیروڕای یەکتر وەرنەگرین ئەمە وا دەکات کارەکانمان بە باشی نەڕوات ئومێدەوارم هەموو لایەک پشتگیری یەک بکەن.

نوچەنێت: هەر وەک دەزانین لەبەر کارەکانت زۆر سەرقاڵی، چۆن کاتەکانت رێکخستووە بۆ ماڵەوە؟ چیت هەیە بۆ خێزانەکەت؟

کاروان نەی: من زۆربەی کارەکانم دەکەوێتەوە شەوەوە هەندێکجار بە حکومی لایڤ میوزیکەوە زۆرجار دوور دەکەوتمەوە لە منداڵەکانم سەرقاڵی دەکردم، کاری میوزیک کاری ستۆدیۆ، ماوەیەکی زۆرە وازم لە کاری لایڤ میوزیک هێناوە، ئێستا ئاگاداری مناڵەکانم و کارەکانم دەکەم، ئاگاشمان لەیەکە بڵێی و نەڵێی کاری هونەری سەرقاڵت دەکات تۆ دەبێت زیرەکانە هاوسەنگییەک دروست کەی لەنێوان خێزانەکەت و کارە هونەرییەکان، ئەوە بۆ من مایەی خۆشحاڵییە کە شتەکانم تێک نەداوە، وەکو یەک هاوسەنگیم دروست کردووە. خێزانەکەم هەمیشە هاوکارم بووە و لەپشتم بووە، ئەگەر بێت و نەتوانم چاکەی ئەو بدەمەوە بەراستی زوڵمم لێکردووە، من بەردەوام سەرقاڵم بەهۆی کارەکانمەوە بۆیە لێرەوە داوای لێبوردنی لێدەکەم و هەمیشە سوپاسی دەکەم دڵسۆز لە خۆم دڵسۆزتر هاوکاری لەکارە هونەرییەکانم دەکات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین