ژنە سەربازە بەریتانییەکان لە قوڵایی دەریا رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە هەواڵ

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

بە هۆی هەراسانکردن و گێچه‌ڵه‌ى به‌ ژنە سەربازە بەریتانییەکان لە قوڵایی دەریا فەرماندەی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا لە دژی ئەم رەفتارانە وەستایەوە و هەر بۆیە بڕیاریدا دەستبکات بە لێکۆڵینەوە بكرێت و راستى رووداوه‌كان ئاشكرا بكرێن.

ماڵپەڕی  رۆژنامه‌ى (وەتەن) بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە سەبارەت بە گێچه‌ڵى سێکسی بۆ سەربازە ژنەکان لەژێر دەریاکانی بەریتانیا و لێدوان وەرگرتن لێیان بۆ گوتنی راستیەکان.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا ژنێک بە ناوی سوفی بروک، لە کاتی لێدوانی بۆ رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی، دەڵێت، "من یەکەم ژن بووم پەیوەندیم بە تیمێکی دەریاییەوە کرد، زۆر نزیک بوومەوە لەوەی کە لە ژیانێکی باش بژیم، خەریکبوو ببم بە یەکەم ژنی كه‌شتى ژێر دەریایی، بەڵام لە سەرەتاوە هیچ پشتگیری و پاڵنەرێک بۆ کارکردنەکەم نەبوو".

سوفی بروک دەربارەی ئەو گێچەڵانەی کە پێیکراوە ئاماژەی کردووە، "جارێک هاوکارێکی خۆم لەسەر جێگاکەی خۆمدا بینی لە کاتی خەودا کە ئەفسەرێکی دەریایی بوو بە زۆر ماچی دەکردم، هەروەها جارێکیان، وێنەی رووت و(50) پێنس لە کابینەکەمدا جێهێڵدرابوو، ئەمەش پێشنیاری ئەوەبوو کە لە بەرانبەردا کردەوەی سێکسی لەگەڵ ئەنجام بدەم".

ئەو ژنە سەربازە دەریاییە باسی لەوەشکردووە "ئەگەر بێتو ژنەکان بە ئاشکرا سه‌ركۆنه‌ى ئەم گێچەڵە سێکسیانەیان کردبا، دووردەخرانەوە و رێگریان لێدەکرا لە تەواوکردنی ڕاهێنانەکانیان". ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە، زۆربەی ژنان داوای ئەنجامدانی کردەی سێکسیان لێدەکرا لە لایەن پیاوانی هاوپیشە، هاواریان لێدەکرا یاخود توندوتیژی جەستەییان بەرانبەر دەکرا. فه‌رمانده‌ى هێزى ده‌ریاوانى به‌ریتانى ئه‌دمیرال بێن كى په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت له‌ناو هێزه‌كانیدا گێچه‌ڵ به‌ ژنان بكرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێشوتر لە بەریتانیا تەنیا پیاوان بۆیان هەبوو ئەم کارە ئەنجام بدەن، بەڵام لە ساڵی 2011 لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی دەرفەت لەبەردەم ژنانیش واڵ ابوو، ببن بە ئەندامی هێزە دەریاییەکان، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2019، ژنان تەنیا %1 کارمەندەکانی ژێر دەریاییەکانی بەریتانیا پێکدەهێنن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین