هێزەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا رەوانەی ئێران دەکرێن ئێران

نوچەنێت: ئێران ئینتەرنەشناڵ

لە بەغداوە ژمارەیەک هێزەکانی حەشدی شەعبی و کەتایب حزبوڵڵا بۆ مەشهەد گواستراوەتەوە. حزبوڵڵای لوبنانیش بەنیازە یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەرەکی ڕەوانەی تاران بکات بۆ ئەوەی یارمەتی حکومەتی ئێران بدات لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. 

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممەی رابردوو ٣١-١٠-٢٠٢٢، گەشتێکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی بەغداوە ژمارەیەک هێزەکانی حەشدی شەعبی و کەتایب حزبوڵڵای بۆ مەشهەد گواستراوەتەوە. ڕەنگە ئەم گواستنەوەی هێزانە بە ئامانجی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجامدرابێت.

هەروەها گەشتە تایبەتەکەی ڕۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی بەغدا، کە نزیکەی ١٥٠ کەس بووە و تەمەنیان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵان بوون، لەگەڵ یەکپۆشی تایبەت و جانتای ڕەش، کە لە بەشی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەکەوە بەرەو مەشهەد گەشتیان کردووە.

ئەم خەڵکە لە لایەن دوو ئێرانی ڕێنمایی کراون و هیچ کەسێک ڕێگەی پێنەدەدرا لە گەیتەکەیان نزیک بێتەوە (گەیتی ژمارە ٤٣).

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئێران ئینتەرناشناڵیان ڕاگەیاندووە، ئەو کەسانە لە هێزەکانی کەتایب حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی بوون و بە ئەگەرێکی زۆر بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران چوونەتە مەشهەد.

ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی لە چەند حەوتووی ڕابردوو، سەرەڕای سەرکوتی توند، درێژەی هەبووە و زۆرێک لە زانکۆ و قوتابخانەکانیش چوونەتە ریزی خۆپیشاندەرانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست چەند بەڵگەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە دەریدەخات حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵای لوبنان، بەنیازە یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەرەکی ١٣٣ و ٩١٠ ڕەوانەی تاران بکات بۆ ئەوەی یارمەتی حکومەتی ئێران بدات لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.

بە پێی ئەو بەڵگەنامانە، نەسروڵڵا فەرمانی داوە ٩ هەزار و ٥٠٠ سەرباز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و پاراستنی ئاسایشی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ئێران بکرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین