کۆماری ئازەربایجان دەستگیرکردنی گروپێکی چەکداری سەر بە ئیتلاعاتی ئێران رادەگەیەنێت ئێران

نوچەنێت: یۆرۆنیوز

دەزگای ئەمنی کۆماری ئازەربایجان، دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی کە لە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە پێکهاتووە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات بە نهێنی بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ پەرەپێدانی بیروباوەڕی ئایینیی توندڕەو دامەزراوە، ئاشکرا دەکات.

بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئەمنی کۆماری ئازەربایجان، ئەندامانی ئەم گرووپە ١٩ کەسییە، ناسراو بە "بزووتنەوەی یەکگرتوویی موسڵمانان" کە پارەیان لە ئێرانەوە وەرگرتووە، بۆ ڕاهێنانی سەربازی لە ڕێگەی وڵاتانی جیاجیا بردرانە تاران و سوریا و پاسپۆرتی ساختەیان بۆ دابین کراوە.

دەزگای ئاسایشی کۆماری ئازەربایجان باس لەوە دەکات، کە لە ئۆپەراسیۆنی ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا، زنجیرەیەک کتێب و ڤیدیۆیی پڕوپاگەندەی بیرۆکەی ئایینی توندڕەو و دژایەتیکردنی بیرۆکەی گەشەپێدانی مۆدێرن و حکومەتی عەلمانی، کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتبووە ناو کۆماری ئازەربایجان، دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی خراونەتەڕوو، یەکێک لە ئەندامانی ئەم گروپە بە ناوی «اورخان اسدف» لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە وڵاتی سێیەم کە ناوی نەهاتووە، دەستگیر کراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی قوبرس، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستگیرکردنی «اورخان اسدف» ڕاگەیاند بە تۆمەتی پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی چەند بازرگانێکی ئیسرائیلی لەم وڵاتەدا. دواتر تۆمەتبار کرا بە بەکارهێنانی پاسپۆرتی ساختە و سپیکردنەوەی پارە.

لەم ساڵانەی دواییدا، کۆماری ئیسلامی هەمیشە ڕەخنەی لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی کۆماری ئازەربایجان و ئیسرائیل گرتووە. دوای شەڕی ئەم دواییەی ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان کە بووە هۆی دەستپێکردنی هەوڵە جدییەکانی باکۆ بۆ دروستکردنی دەروازەی زەنگزۆر، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ساردتر بووە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سوپای پاسداران مانۆڕێکی ئەنجامدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو شتەی کە دەوترێت "سنووردارکردنی ڕێگای ترانزێتی ئێران بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی باکۆ و بە پشتیوانی تورکیا" و "پەرەپێدانی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کۆماری ئازەربایجان" لە ناوچەی سنووری دوو وڵات بەڕێوەچوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین