فێڵێکی بانکی ناوەندی ئێران لە بازاڕی دراو ئاشکرا دەبێت ئێران

نوچەنێت: یۆرۆنیوز

نرخی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی لە سەرەتای هەفتەی نوێدا لە بازاڕی کراوەی تاران درێژە بە ڕەوتی بەرزبوونەوەی خۆی دا و ٣٦ هەزار تۆمانی تێپەڕاند. بەرپرسێکی ئابووریی ئێرانیش دەڵێت: لە دوو ساڵی ڕابردوو هەرکاتێک بازاڕی دراو دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کێشەکەیان چارەسەر دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بە ٣٥ هەزار و ٢٠٠ تمەن دەستی بە کارەکانی کردووە، بەڵام لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەدواوە ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە هۆی ئەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتن تێکبچێت و ڕابگیرێت. ئەم نرخە بەرزبووەوە بۆ ٣٦ هەزار و ٤٠٠ تمەن و دواتر ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٥-١١-٢٠٢٢ کەمێک دابەزی و گەیشتە ٣٦ هەزار و ٩٠ تمەن.

بەڵام بانکی ناوەندی ئێران ڕێژەی ڕەسمی دابینکردنی دۆلاری لە تۆڕی فەرمی ئاڵوگۆڕەکانی ژێر چاوەدێریی خۆی ڕۆژی شەممە بە ٢٩ هەزار و ٢٤ تمەن دیاری کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، مەسعوود دانشمەند، ئەمینداری گشتی پێشووی ماڵی ئابووریی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ وێبسایتی فرارو، بە ئاماژەدان بەوەی کە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا، ئەو وروژاندنەی بازاڕە کە لە تمەن دەستی پێکردووە . گوتیشی: "بەهۆی بەردەوامی نائارامییەکانی وڵات، هەفتەی ڕابردوو بازاڕی دراو زۆر وروژاوە". بەجۆرێک نرخی دۆلار بەڕێژەی ٢٠٪ گەشەی کرد. لە لایەکی ترەوە خواست لە بازاڕیشدا زۆر بوو، هەر دابینکردنێک کە لەلایەن بازاڕ سازەوە دەکرا، بازاڕ دەیکڕی.

 دانشمەند دەشڵێت: لەم هەفتەیەدا ئەگەر دۆخی وڵات ئارام نەبێت، ئەوا بازاڕی دراو دەتوانێت بەردەوام بێت لە جوڵەی بەرەو سەرەوە. بێگومان جگە لەم بابەتە، هۆکاری دیکەش لە گرانکردنی نرخی دۆلاردا بەشداربوون. لەم ڕووەوە بەهۆی ئەوەی حکومەت دراوی پێویستی نییە، تەنها دەیەوێت بە قسەکردن چارەسەری بازاڕ بکات، کە لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک کاریگەری نییە”.

دانشمەند ئاماژەش بەوە دەکات: لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەرکاتێک بازاڕی دراو دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، هەواڵی ئازادکردنی حەوت ملیار دۆلاری سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشوور دەهاتە ئاراوە، کە تەنیا هەواڵ بوو. ئێستاش بەرپرسانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ئابووری باس لە ئازادکردنی ئەو دراوانە دەکەن لە کۆریا و وڵاتانی دیکە. بەڵام بازاڕ کاردانەوەی ئەرێنی نییە بەرامبەر بەم بابەتە، چونکە بۆی دەرکەوتووە کە ئەم هەواڵە تەنها قسەیە بۆ چارەسەر و رووی ڕاستەقینە وەرناگرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین