ئێران: 227 پەرلەمانتار داوای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران دەکەن ئێران

نوچەنێت: رادیۆ فەردا

لە کاتێکدا خەڵکی ناڕازی هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران و بەشێک لە ئەندامانی دیکەش هەواڵی لێدانیان لە لایەن خەڵکەوە بڵاو کردەوە، ٢٢٧ ئەندامی ئەو دامەزراوەیە لە بەیاننامەیەکدا خۆپیشاندەرانی ئێرانیان بە "محارب" ناوبردووە و داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە بۆ "تۆڵەسەندنەوە" حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ بکەن.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ئەم مانگە لە دانیشتنی گشتیی پەرلەمان خوێندرایەوە، خۆپیشاندەرانی ئێران بەراورد کران بە "داعش" کە بە گوتەی ئەو نوێنەرانە "بە چەکی سارد و گەرم دەستدرێژی دەکەنە سەر گیان و ماڵی خەڵک".

ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیەندرا کە هاوکات لەگەڵ مانگرتن و کۆبوونەوەی خەڵکی مەریوان، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر نووسینگەی شیوا قاسمی، نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا ئەنجومەنی نوێنەران.

هەر لەو ڕۆژەدا جەواد نیکبین، نوێنەری کاشمەر لە پەرلەمان کە هاوکات حوجەتولئیسلامە، ڕایگەیاند ''دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەکەی لەناو قەرەباڵغیدا گیری خواردووە، لەلایەن ٣٠ بۆ ٤٠ گەنجەوە لێیدراوە. دواتریش بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، "هەندێک لەم ڕەفتارانە مافی ئێمەیە و پێویستە شەقمان لێبدرێت".

لە میانەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئێران، جگە لە کوژران و برینداربوونی سەدان خۆپیشاندەر، هەزاران خۆپیشاندەریش دەستبەسەر کراون و بەشێکی زۆریان بە "محاربە" تۆمەتبار کراون.

بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی سیاسی و ئەمنی بە "محاربە" لە دژی هەر کەسێک، مەترسی سپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی هەیە.

پێشتر ئەحمەد خاتەمی، یەکێک لە کەسایەتییە توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە ناڕازییە دەستبەسەرکراوەکان، قسەی بۆ بەرپرسانی دەزگای دادوەری کرد و ڕایگەیاند، کە دەبێ بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ "ئەم ئاژاوەگێڕانە"دا بکرێت کە "ئارەزووی ئاژاوەگێڕی دووبارە لە ئارادا نەبێت". 

غوڵامحسێن موحسینی ئژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، داوای لە دادوەرانی لێپرسراوی مامەڵەکردن لە دۆسیەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە کرد، خۆیان لە دەرکردنی "حوکمی لاواز" بۆ ئەو کەسانە بەدوور بگرن؛  کە بە "توخمە سەرەکییەکان"ی ناڕەزایەتییەکان ناوی برد.

هەروەها ٢٢٧ پەرلەمانتارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەبێ ئەوەی ناوی کەسێک یان گروپێکی دیاریکراو بهێنن، داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە "لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە" و ئەوانەی کە "بوونە هۆی ورووژاندنی ئاژاوەگێڕەکان، وەک هەندێک لە سیاسییەکان" مامەڵە بکرێت.

لەبەیاننامەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختیان لەوە کردۆتەوە کە داواکاری نوێنەران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران "بەبێ دواکەوتن" جێبەجێ بکرێت.

پێشتریش لە رۆژی چلەی ژینا ئەمینی، کە ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت لە ئێران زیاتر بوون و تەشەنەیان کرد، تەقە لە زیارەتکارانی شاهچەراغ_ ی شیراز کرا و کە کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کاری "داعش" بووە.

بەڵام بە بەراوردکردنی ئەم ڕووداوە لەگەڵ ڕووداوەکەی سینەما ڕیکس_ی پێش شۆڕشی ئیسلامی، خۆپیشاندەران ئەم تەقەکردنەیان بە کاری حکومەتیان زانی، کە بۆ ناشرینکردنی ناڕازییان ئەنجامیداوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین