بەڕێوەبەری تیپی هونەرە مللییەکانی هەولێر: تیپه‌كه‌مان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بەدرەدین بابەکر که‌ بە "بەدر هەولێری" ناسراوه‌، بەڕێوەبەری تیپی هونەرە مللییەکانی هەولێره‌، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێ، "هێواش هێواش تیپەکەمان بەرەو لەناوچوون دەچێت، کە نمایشەکانی باس لە کولتووری کوردی دەکات، کولتووریش ناسنامەی ئەو گەلەیە دەردەخات، تیپەکەمان لای سەرۆک بارزانی خۆشەویستە، دەیان جار نمایشمان هەبووە جەنابی سەرۆک نەڕۆیشتووە تاکو چالاکی ئێمەی دیوە"

نوچەنێت: دەمەوێت تۆزێک باسی ئەزموونی ژیانی خۆت بکەیت، لەکه‌ییەوە لەناو تیپی هونەرە مللییەکان کار دەکەی؟

بەدر هەولێری:  ساڵی (1990) ئێمە تیپێکمان دامەزراند بە ناوی تیپی مۆسیقای هەولێر، من بووم بە ژەنیارێک لەناو ئەم تیپە چەندین چالاکی و کاری هونەریمان لەدەرەوە و ناوەوە ئەنجامداوە. لەکۆتایی ساڵی(2010) من بووم بە بەڕێوەبەری تیپی هونەرە مللییەکانی هەولێر تاکو ئێستا بەردەوامم.

نوچەنێت: لەسەر دەستی کێ  هونەرە مللییەکان دامەزراوە و ساڵی چەند دامەزراوە؟

بەدر هەولێری

بەدر هەولێری: لەسەر دەستی چەند هونەرمەندێک وەک (شێرزاد سەرسپی، شێرزاد عەبدولرەحمان، جەودەت شاکر، جەلال سەعید) بە راوێژی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، مامۆستا وریا ئەحمەد، مامۆستا رزگار کۆمەڵێک هونەرمەندی دەست رەنگینی ئەم شارە دامەزراوە.

نوچەنێت: گۆرانیبێژانی هونەرە مللییەکان کێ بوون؟

بەدر هەولێری: خوالێخۆشبوو (جەلال سەعید، قادر زیرەک، کاک نیزام، میران هەرکی، سەعید گاباری، نەجمەدین ئاوارە، ساڵح سەرچناری) چەندانی تر کە تابلۆکانیان بە کۆرس دەگوتەوە.

نوچەنێت: ئێستا ئێوە رۆڵتان چییە، کە لەناو هونەرە مللییەکاندا لە چ روویەکەوە گرنگی بە هونەرە مللییەکان دەدەیت؟

بەدر هەولێری: جگە لەکاری ئیدارییم کە بەرپرسم لێی زیاتر لەدابەشکردن و دەستنیشانکردنی میوزیک بۆ کاری هونەری تابلۆکان، یان ئەو تابلۆیانەی کە کۆنە کوالێتی تێکچووە، دووبارە من میوزیکی بۆ دەکەمەوە و تۆماری دەکەین ئیتر چ کاری کۆن بێت یاخود نوێ.

نوچەنێت: هونەرە مللییەکان چۆن توانیویەتی ئەو رێچکەیە بشکێنێت لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا، کە بتوانێت کوڕان و کچان بێنێتە ناو هەڵپەڕکێ؟ بە تایبەت کچان، چونکە لە کۆمەڵگه‌ی کوردی تۆزێ زەحمەتە رێگە بە کچەکانیان بدەن بێنە ناو گرووپی هەڵپەڕکێ؟

بەدر هەولێر: بەڵی راستە ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو ئافرەتەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردران لەناو ئەم تیپە، بەڵام ئێستا ئێمە (12) ئافرەتمان هەیە کە هەمووشیان خەڵکی ئەم شارەن ئێستا ئەوەی بڕوانامەی هەیە روودەکاتە ئەم تیپە، ئافرەتمان زیاترە لە کوڕان، کۆمەڵگه‌ ئێستا چاوی کراوەتەوە. و لەیادی (50) ساڵەیدا کتێبک چاپ دەکەین تایبەت بە ژیان وئەرکی ئەم تیپە.

نوچەنێت: گرووپی هونەرە مللییەکان لە چەند ئەندام پێکهاتووە؟ چەند ئافرەت و چەندیان کوڕن؟

بەدر هەولێری: ئەندامانی تیپ پێکهاتووە لە (14 کچ 12 کوڕ) لەڕووی گڕێبەست، هەمیشەییشمان هەیە، بەڵام ئەندامانمان هەمووی پێکهاتوون لە (25) کوڕ و کچ لەسەر ستەیج.

نوچەنێت: چۆن توانیوتانە هونەرە مللییەکان ببەنە دەرەوەی وڵات و کولتووری کوردی بە کولتووری وڵاتان ئاشنا بکەن؟

بەدر هەولێری: دەتوانم بڵێم دوای راپەڕین هیچ شتێک بۆ ئەم تیپە نەکراوە ، بەڵام دوای دەستبەکاربوونم لەڕێگەی دۆست و برادەرانم توانیم لە ساڵی (2010) ئەم تیپە بەرمە دەرەوە بەشداری فیستڤاڵی جیهانیان پێبکەم، لە وڵاتی پۆڵۆنیا و سلۆڤاکیا (17) رۆژ لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی پۆڵۆنیا و سلۆڤاکیا ئێمە نمایشی بەرهەمەکانی خۆمان بکەین.

نوچەنێت: هونەرە مللییەکان تا چەند گرنگە بۆ کولتووری کوردی؟ بەتایبەت کە ئەم گرووپە رێچکە شکێنێکی تەواوی پێویستە؟

دەتوانم بڵێم دوای راپەڕین هیچ شتێک بۆ ئەم تیپە نەکراوە

بەدر هەولێری: کولتووری کوردی بەتەنیا لە بواری هونەرە مللییەکان نییە، زۆر بوار دەگرێتەوە، هونەرە مللییەکان لەچوار بەش پێکهاتووە، کاتێک جلوبەرگ لەبەر دەکات رەنگێکی هونەری تەشکیلی دروست دەکات، گۆرانی کە دەگوترێ کە فۆلکلۆرە مقامن دەچێتەوە بواری میوزیکی، هەڵدەپەڕێت لەگەڵی دەچێتە بواری شانۆ.

نوچەنێت: هونەرە مللییەکان چەند تابلۆی هەیە و تابلۆکانیان چین؟

بەدر هەولێری: هونەرە مللییەکان نزیکەی (42) تابلۆی هەیە، تابلۆکان لە (کوێستان، زەمبیلفرۆش، بێری، شێخان، هەولێری سەردەم، هەولێری کۆن، پێشمەرگە، مێرگوڵان، رازیانە) چەندانی تر.

نوچەنێت:ئێوە دەتوانن سەما و هەڵپەڕکێ تێکەڵ بەیەک بکەن وەک شێوەی تابلۆیەک؟ بیرۆکەی تابلۆکان هی کێیە؟

بەدر هەولیری: لە تابلۆی هەولێر هەندێ جوڵەی سەردەمیانەمان تێکردووە تابلۆی کۆن و نوێمان تێکەڵکێش کردووە سەردەمیانەیە، کە دەستی دەگرێت و دەیڕفێنێت دەچێتە قاڵبی سەما، لەم دواییانەدا لەسەر داوای كونسوڵی یۆنان تابلۆیەکی سەردەمیانەی کوردی یۆنانی دروست کرد، بەڵام دارایی رەتی کردەوە دەڵێت بودجە نییە، ۆرک شۆپمان کردووە لەگەڵ عەمانی ئیسپانی کۆمەڵێک راگۆڕینەوە و بیرۆکەمان کردووە. کاتێک ئێمە لە ئوردن بەشداری فیستڤاڵی عەرەبی نێودەوڵەتیمان کرد، لەوێ دوای کۆتایی فیستڤاڵەکە گوتیان دەمانەوێ هەڵپەڕکێیەک دروست کەین پێکەوە واتە فەڵەستین و کورد و ئوردن راهێنان ئێمە لەگەڵ هی ئەوان چەند تێکەڵکێشکمان کرد، بیرۆکە دەگەڕێتەوە سەر خاوەن ئەنجامدەر.

نوچەنێت: ئایا توانیوتانە دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ئەم گرووپە، چونکە توانای ماددی و مەعنەوی بەهێزی دەوێت؟

بەدر هەولێری: من ئێستا گلەییم لە حکومەتی هەرێم هەیە لەم کات و ساتەدا، هەر دەڵێت پارە بەشی مووچە ناکات شتی گرنگتر لەپێشە، لە سلێمانی و دهۆک کارو چالاکی دەکرێت، لە هەولێر ناکرێت، نموونەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەیە چوار کەشفی بۆ هاتووەتەوە هەمووی بە پارەی خەیاڵی، بەڵام هی ئێمە شتێکی بچووکە جلوبەرگە بۆ ئەو تیپەکە و هەموو جلەکانیان رزیوە لەساڵی(2014) هیچ هاوکارییەک نەکراوە دینارێکی بۆ تەرخان نەکراوە، هەرشتێکیش هاوکاری لەگەڵ نەبێت هێواش هێواش لەناودەچێت وەکو مۆم دەتوێتەوە و نامێنێ پێویستە بەرپرسان ئاوڕێک لەم تیپە بدەنەوە کە بە تیپی دایک ناسراوە. ئەم تیپە لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە زۆر خۆشەویستە، لەوانەیە دەیان جار نمایشمان هەبووە جەنابی سەرۆک نەڕۆیشتووە تاکو چالاکی ئێمەی دیوە، نموونەشمان هەیە لە داستانی کۆڕێ. داوای گرێبەستی نوێمان کردووە، چونکە هەندێکیان لەناو تیپەکە تەمەنیان بەسەرچووە ئەو تاقەتەیان نەماوە، ئێمە چیمان لە وڵاتانی تر کەمترە.

نوچەنێت: کار و بەرنامەی تازەتان لەبەر دەستە؟

بەدر هەولێری: دوو تابلۆی نوێمان هەیە یەکیان بەناوی (کارمامز، خانزادی میری سۆران) هەروەها تابلۆى "بارزانی نەمر" کە ئێمە پێش کۆڕۆنا ئامادەمان کردبوو بەڵام کۆڕۆنا نەیهێشت. تابلۆیەکیش هەفتەی رابردوو کردمان بۆ یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر، ئیتر کاروچالاکیش ئەو فیستڤاڵانەی کە هەیە بەشداری دەکەین کە پێکهاتووە لە نەتەوەکانی تر هەرچەندە لەسەر خوانی بەتاڵ هیچ کارێک ناکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم بودجه‌یه‌كى باش دابین بکات بۆ ئەم تیپە بۆ ئەوەی ئەم تیپە بمێنێتەوە.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین