ئاژانسێكى ئه‌ڵمانى: ئاکپارتی لە تورکیا دژایەتی ئافرەتە هونەرمەندەکان دەکات هەواڵ

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

بەپێی راپۆرتێکی ئەڵمانی دەسەڵاتی ئاکپارتی لە تورکیا دژایەتی ژنە هونەرمەندەکان دەکات، کۆسپ دەخاتە بەردەمیان بۆ سازدانی کۆنسێرت و تۆمەتی ئەخلاقی دەخاتە پاڵ ناویان و پێیوایە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگاکەیان ناگونجێ.

رۆژی (پێنجی تشرینی دووەمی/2022) ئاژانسی هەواڵی دوچیە ڤیلەی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتی ئاکپارتی تورکیا، بە بیانوی تێکدانی کۆمەڵگە رێگريی لە ژنە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی تورکیا دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرت و ئاهەنگ.

لەو راپۆرتەدا ژنە هونەرمەندێکی تورکی بەناوی ئیلکای ئەکایە دەڵێت "چەندەها ئاهەنگی تر قەدەغە کران بە تایبەتی هی خانمە هونەرمەندەکان، بەڵام من وای نابینم ئەو قەدەغە کردنە بەهۆی تێکدانی ئارامی کۆمەڵگه‌ بێت، بەڵکو بۆ کۆتوبەندکردنی ژنە لە ماڵەوە".

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، مۆسیقاژەنەکانی رۆک و پۆپی وڵاتی تورکیا ترسیان هەیە کە وڵاتەکەیان بە زۆر بە ئاینی بکرێت و ئازادییەکان سنووردار بکرێت. هەروەها ئیلکای ئەکایە دەشڵێت "ئەمە دەبێتە هۆی بڕینی بژێوى من و هەموو تیپی مۆسیقاکان، پێویستە هاوڵاتیانی تورکیا هەڵوێست لە دژی ئەو بڕیارە وەربگرن و بێ دەنگ نەبن لە زەوتکردنی ئازادییەکان".

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند مانگی رابردوودا رێگريی لە چەندەها ئاهەنگ و كۆنسێرتى ژنه‌ هونه‌رمه‌نده‌كان کراوه‌ و لەگەڵئەوەش ژمارەی بەشداربووانی ئاهەنگەکان بەراورد بە ساڵانی تر رووی لە زیادبوون کردووە. دووپاتی ئه‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و ژنانه‌ى رێگرییان لێده‌كرێت، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌  گۆرانییه‌كانیان باسى به‌هاكانى ئازادى و سه‌ربه‌ستى ده‌كه‌ن.
 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین