سەڵاح رەئووف: پێش چەند ساڵێ مۆسیقای ژاڵەم کردە سەمفۆنیا کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سەڵاح رەئووف ئاوازدانەر و میوزیسانی كورد، یەکێک بووە لە نووسەری پۆلێنکردنی پەیژەکانی مۆسیقای رۆژهەڵاتی، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێ، "ئاواتەخوازم هونەرمەندانی ئێمە گوێ بە زانستیەکەی مۆسیقا بدەن، نەک هەمان سیستمە ماڵکاوڵکەریەکەی زریاب و فارابی و هاو بیرەکانی".

نوچەنێت: سەڵاح رەئووف کاری هونەری بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

بە هیچ کارێکی هونەری ناڵێم لاواز

سەڵاح رەئووف: کاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1969) بووم بە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئەندامی تیپی مۆسیقای چالاکی هونەری پەروەردەیی سلێمانی، وەک ئامێرژەن و مامۆستا لە ساڵی (1977-1979)و خولی شارەزایانی مۆسیقا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغداد بە پلەی نایابی یەکەمی سەر ئاستی عێراقم وەرگرت، یەکێک بووم لەدامەزرێنەرانی بەشی مۆسیقای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە ساڵی (1983). 

لە ساڵی(1998) لە وڵاتی هۆڵەندا ئەندامی کارای تیپی مەڵتی کولتووری هۆڵەندی میودانتا بووم دواتر ئەندامی کارای تیپی سەمفۆنی ئەپڵدۆرنی هۆڵەندی تائێستاش بەردەوامم، لەساڵی (2004-2008)راهێنەری مۆسیقای تیپی هونەری مللی نەتەوەیی سلێمانی بووم، خاوەنی پتر لە (14) کۆڕاڵم واتە گۆرانی بە کۆمەڵ و خاوەنی چەندین پەرتووکی تایبەت بە مۆسیقام وەک (فێربوونی کەمانچە، تیۆرەکانی مۆسیقا، پۆلێنکردنی پەیژەکانی مۆسیقای رۆژهەڵاتی...هتد)

نوچەنێت: چەند هونەرمەندت پێگەیاندووە؟

سەڵاح رەئووف: ژمارەی ئەو فێرخوازانەی لەبواری موزیک ژەنیندا هاوکاریان بووم و پێم گەیاندن زۆرن، لەسەرەتای ساڵی (1975) لە قوتابخانەی کوردی کوڕان و دوو قوتابخانەی سەرەتایی کیژان لە هەوڵی فێرکردنی ئامێرە مۆسیقییەکاندابووم، چەندین خوێندکاری ئەو فێرگەیانەم فێری ئامێرژەنین کردووە، هەروەها چەند کارێکی هونەری دراما لەژێر فۆرمی (ئۆپەرێت )مان ئەنجامدا کە لەفیستڤاڵەکانی چالاکی قوتابخانەکاندا پلەی نایابیان بەدەست هێنا، چەندین خوێندکاری پڕ بەهرەم دروست کردووە، لەسەرەتای ساڵی (1976)بیرم لە دروستکردنی تیپێکی مۆسیقای منداڵان کردەوە، ناوم نا تیپی مۆسیقای پیرەمێرد.

نوچەنێت: بیرۆکەی تیپ چۆن دروست بوو بیرۆکەی کێ بوو؟ وەکو تیپ لەگەڵ کام تیپدا بوویت؟  

سەڵاح رەئووف: لە ساڵی (1976-1977) تیپی مۆسیقای پیرەمێردم دامەزراندووە کە لەسەرەتای ئەو تیپەدا منداڵانم تێدا فێری مۆسیقا کردووە دواتر بووەتە تیپێکی سەردەمی تا ساڵی (1991) بوو بە یەکێک لەدامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای منداڵانی شاری سلێمانی، چەندین کاری گۆرانی و مۆسیقامان ئەنجامداوە، کە ئێستا چەندین هونەرمەندی خاوەن ئەزموونیان تێدا هەڵکەوتووە.

نوچەنێت: رۆڵی تیپی مۆسیقای مەولەوی و سلێمانی چیبوو لەبەرەو پێشبردنی هونەر؟

سەڵاح رەئووف: ئەوەی ئاشکرایە کە تیپی مۆسیقای مەولەوی ساڵانێکی زۆر پێش تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو، بۆیە هەردەم لە هزرمدایە ئەو کەسانەی هەستاون بە بنیاتنانی تیپێکی مۆسیقای وەکو تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای سلێمانی، لە بناغەی ئەرکی نەتەوایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە، لە هەستکردن بەگیانی نەتەوایەتی هونەریسازو ئاوازی مۆسیقای کوردی. و هەستکردن بەگیانی پێکەوە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئەو بنەما هونەریيە گەورەیەی هونەری سازو ئاوازی کوردی.

هیوادارم ئازیزانم تەنیا نمایشی تەلەڤزیۆنی بەچالاکی سەرەکی هونەریم نەزانن

نوچەنێت: ئەو کاتانەی کە شانازییان پێوە دەکەی کامانەن؟

سەڵاح رەئووف: سەرجەم ئەو ساتانەیە کە سەرکەوتوو بووم لەخزمەتکردنی هونەری سازو ئاوازی نەتەوەکەم.

نوچەنێت: مۆسیقای درامای ژاڵە چ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر بەرەو پێشچوونی تۆ؟

سەڵاح رەئووف: درامای ژاڵە پێگەیەک بوو بۆ زیاتر بڕوا بەخۆبوونم و بەردەوامیم لەو کارە گرنگانەی کە خزمەتی نەتەوەکەمی پێدەکەم و بە تایبەتی لەداڕشتنی ئاوازو مۆسیقا بۆ کارە درامیەکان جا کارەکان گەر کاری هونەری سەر شانۆ بێت یان بۆ پەخشی تەلەفزیۆنی بێت یا کاری ئاوازی مۆسیقی بۆ دراما سینەمایەکان کە بە پلەیەکی باش سەرکەوتوبوم.

یەکێک لەو یادگاریە جوانانەی کە هەرگیز بیرم ناچێت ئاواز و مۆسیقاکانم بوو بۆ یەکەم فیلمی سینەمایی کوردی لەسەر ئاستی کوردستانی باشور بەناوی (نێرگز بووکی کوردستان) کە لەسەرانسەری وڵاتی عێراق بگرە وڵاتە عەرەبیەکان و هەروەها فیستڤاڵە نێو دەوڵەتیەکانیش بەپلەیەکی بەرز ستایش کرام، ئاوازو مۆسیقاکانی ئەو فیلمە لەفیستڤاڵی نێو دەوڵەتی لە وڵاتی سوید کرا ئاوازو مۆسیقاکانی پلەی نایابیان وەرگرت. هەروەها بەرز کردنەوەی  ئاستی ڕۆشنبیری خۆشم هاندەرێکی باش بوو.

نوچەنێت: هەرچەندە ئێستا دراما لاوازە، بۆ چوونت لەسەر مۆسیقای دراما و فیلمە کوردییەکان چییە؟

سەڵاح رەئووف: هونەرمەندان بە ئاستی تواناو بەهرە و زانستی خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بۆیە من بەهیچ کارێک ناڵێم لاواز، هەموو کارێکی هونەری خۆی دەبێتە پێناسەی ئەو کارە، بەڵام ئەو کارانەی ئاستیان بەرزە زۆر بەزووی دەچنە نێو کۆمەڵگەوە و پێناسەی ئاستی جوانی ئەو کارە هونەریە بەمیللەت دەبەخشن، هەرکارە و بەئاستی توانا و بەرزی خۆی، بۆیە هەردەم کارە هونەریەکان خۆیان پێناسی خۆیانن و کەس ناتوانی کەم یان زۆری کات.

نوچەنێت: سەڵاح رەئووف ئێستا بەچییەوە سەرقاڵە؟

سەڵاح رەئووف: ژیانی سەڵاح رئووف هەر لەسەرەتای خولیابوونی بەکاری هونەری، هەر لەو بوارەدا بەپێی پێویستی قۆناغەکانی ژیانم هەڵسوکەوتم کردووە، سەرقاڵبوونم بەو تیۆرە مۆسیقاییانەی ئەوروپا و بەراوردیان بە تیۆری مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی و لە ئەنجامی ئەو بەراوردکردنەمدا لەنێوان ئەو دوو جۆرە جیاوازەی نێوان تیۆرەکانی مۆسیقای ڕۆژئاوایی و تیۆرەکانی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی، هەرچەندە ئەو نازانستیانەی ئێستا لە تیۆرەکانی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتیدا هەن، هەمان جۆری سەردەمی (17) هەمان پشێوی هەبوو لە مۆسیقای ڕۆژئاواییدا لەبەر ئەوەی مۆسیقای ڕۆژئاواییش پەیڕەوی سیستمە نابەجێ کەی کەنیسەیان دەکرد، هەر ئەو سیستمە لە سەردەمی زەریاب و فارابیدا گوێزرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەجۆرێکی زۆر ناشایستە تر بڵاویان کردەوە.

ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی ئەو بابەتەم، لەسەر بنەمای ئەو پەرتوکانەی کەباسیان لەسەر مۆسیقای ڕۆژهەڵاتیەوە هەبوو، پێداچونەوەیەکی باشم تێداکرد، بۆیە منیش گەیشتمە ئەو ئەنجامەی، مۆسیقای ڕۆژئاوایی خاوەنی یەک پەیژەی مۆسیقایە بەناوی (پەیژەی گەورە- diatonic scale).چوار پەیژەی لاوەکی بەهەمان ڕابەری پەیژە سەرەکیەکەوە لەسەر پلەکانی ( شەشەم – سێهەم– چوارەم– پێنجەم) بنیات دەنرێ. بەڵام مۆسیقای ڕۆژهەڵات ( خاوەنی دووپەیژەی سەرەکییە):
١-هەمان پەیژەی  ماژۆر- عەجەم-. diatonic scale  پلەدەنگیەکان بەم شێوازە ئەبن. ١- نیو پلەی دەنگی ٢- سێ چارەکە دەنگی 
٢- پەیژەی ڕاست (Rast Scale)  کە لەڕاپەری پەیژەی دۆ((C Rast پلەدەنگی سێهەم و حەوتەمی پەیژەکە خاوەنی پلەدەنگی سێ چارەکە دەنگین، کەواتە لەمۆسیقای ڕۆژهەڵاتیدا پلەدەنگیەکان بەم شێوازە ئەبن. 
١-نیو پلەی دەنگی ٢- سێ چارەکە دەنگی ٣- دەنگی تەواو. 
ئاواتە خوازم هونەرمەندانی ئێمە گوێ بەزانستیەکەی مۆسیقابدەن نەک هەمان سیستمە ماڵ کاولکەریەکەی زریاب و فارابی و هاو بیرەکانی.

نوچەنێت: بۆچی سەڵاح رەئووف چالاکی کەمە لە کاتێکدا تاکێک بووە لەبەرەو پێش چوونی مۆسیقای کوردی؟

سەڵاح رەئووف: بەپێی پێویست کارەکانم ئەنجام دەدەم، هیوادارم ئازیزانم تەنیا نمایشی تەلەڤزیۆنی بەچالاکی سەرەکی هونەریم نەزانن، چونکە ئەوەی باسمان کرد لەبواری زانستی مۆسیقادا بوو، بەڵام لەبواری مۆسیقاژەنیندا ڕۆژانە سەرقاڵم بەم کارە هونەریانەوە وەک کەمانچەژەنێك :هەفتەی جارێک لەگەڵ تیپی سیمفۆنی ئەپلدۆرن کەمان دەژەنم، پێش چەند ساڵێ مۆسیقای ژاڵەم کردە سیمفۆنی و لە میهرەجانێکی گەورەدا نمایشکرا.

زۆر لە مێژە لەگەڵ چەند هاوەڵێکی مۆسیقاژەندا گروپێکی مۆسیقامان بنیات ناوە هەفتانە بەردەوامین لە پرۆڤە، نمایشکردنی ئەو پرۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی هۆڵەنداش، ئەوە ماوەی سێ مانگ دەبێ ناوی گروپەکەمان ناوە (گروپی مۆسیقای حەیران) بەردەوامین لەچالاکی هونەری مۆسیقا.

نوچەنێت: پڕۆژەی داهاتووت چییە؟

سەڵاح رەئووف: پرۆژەی داهاتووم زۆرن زیاتر لە (30) ئاوازی دانراوم ئامادەیە، کە بیدەم بە گۆرانیبێژانی شایستە. گەورەترین کاری هونەریم کە لەسەرانسەری مێژووی ژیانمدا کە کردبێتم نمایشی (گۆڕستانی چراکان) بوو کە ماوەکەی نزیکەی یەک کاتژمێر بوو، بەڵام ئێستا سەرقاڵی کارێکم کە بە هەموو ژیانم لەکارە هونەریەکانمدا کاری هونەری وا دڵخۆشکەرم بۆ خۆم نەکردووە کەهیوادارم بەهەمان ئاستی ئەو بۆچونەی خۆم بگاتە بەرچاو و گوێی هەوادارانم، ئەویش ئۆپێرای (خەج و سیامەندە) ماوەی یەک کاتژمێر و نیوە، ئاواتەخوازم بەزووترین کات بتوانرێ نمایش بکرێ، هەروەها سەرقاڵی کاری تریشم، تا نەگەمە ئەنجام لێیان، ناتوانم باسیان بکەم.  

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین