محەمەد مەولود: هونەری کوردی لە غەرقبووندایە کولتوور

دیارى چوچانى- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئەکتەر و شانۆکار محەمەد مەولود، لە دیمانەیەکى تایبەت بە نوچەنێت، باس لەوە دەکات هونەری کوردی نەک لە قەیراندایە، بەڵکو لە "غەرقبووندایە"، محەمەد مەولود ئێستا خەریکی کاری کورتە فیلمە بۆ کەناڵێك و گلەییش لە وەزارەتی رۆشنبیری و کەناڵە کوردییەکان ھەیە.

لە ساڵانی رابردوو لە کۆمەڵێک فیلم و دراما بەشداربوویت، ئێستا کەمتر بەشدارن ئایا ھۆکاری کەمبوونەوەی فیلم و درامای کوردییە؟ بۆچی فیلم و دراما کەمتر بەرھەم دێن ؟

سه‌رقاڵى كارێكى نوێى نواندنم

تا ئێستاش بەردەوامم لەکاری کورتە فلیم بۆ کەناڵی "دیمەن"، چونکە کەناڵەکە ناوخۆییە کەم کەس دەیبینێ، بە ناشکوری نەبێ کەناڵە تیڤیەکانی خۆمان دەستیان نووقاندوە لە ئاست هونەرمەندان، هیچ کارێک وەرناگرن.

وەزارەتی رۆشنبیری تا چەند گرنگی بە فیلم و درامای کوردی دەدات ؟

کام وەزارەت؟ بە ناو وەزارەتێک هەیە ئەویش پێی دەڵێن "وەزارەتی رۆشنبیری".

پێتوایە ھونەری کوردی لە کوردستان لە قەیراندایە؟ گەر لەقەیراندایە چی بکرێت تا بکەوێتەوه‌ سەرپێی خۆی؟ 

هونەری کوردی نەک لە قەیراندایە، بەڵکو لە غەرقبووندایە هیچ لایەن و دەزگایەک وەک پێویست ئاوڕی لە هونەرمەندان و درامای کوردی نەداوەتەوە، هونەرمەندان یەکگرتوو نین هەر گرووپە بە لایەک کار بۆخۆی دەکات، تا هونەرمەندان ئاوا بن بارودۆخه‌كه‌یش هەروا دەبێ.

پێتوایە تا چەند بینەری فیلم و دراما کوردییەکان رووی لە کەمبوونەوەیە؟ چی بکرێت تا جارێکی تر بینەر بە دراما کوردییەکان شاد بێتەوە ؟ 

ئەگەردرامای کوردی نەبێ بینەر سەیری چی بکا! فلیمی کوردی دانەبەزیوە بەڵکو بینەر تامەزرۆی فلیمە کوردیەکانە، نەک دراما بیانیەکان، بە داخەوە لە وڵاتێکی بێ خاوەنین.

ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندیش نه‌بوومایه‌
هه‌وڵم ده‌دا ببم به‌ هونه‌رمه‌ند

دۆخی شانۆ و دراما و فیلم لە کوردستان چۆنە ؟

دۆخی شانۆ ودراماکانمان لەخوار سفرەوەیە، ئەگەر لایەنێکی مەعنەوی هاوکارت نەبێ ناتوانی لە هیچ کارێکی شانۆ و دراما ئەنجام بدەیت، چونکە لەم وڵاتەی ئێمەدا ئەوەی گرنگی پێ نادرێ هونەر و هونەرمەندانە، بەداخەوە.

دراما بیانییەکان بە شێوازێکی بەربڵاو زۆربوون لەسەر شاشە کوردییەکان، تا چەند ھەبوونی ئەو دراما بیانیانە پێویستە بۆ کوردستان ؟

دراما بیانییەکان سەرانسەری تیڤیەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، ئەو درامایانە لەگەڵ کولتووری کوردەواریدا گونجاو نییە، شیرازەی زۆر لە خێزانەکانی تێکداوە، ئەو درامایانە بوونەتە هۆی هەڵوەشادنەوەی سەدان خێزان.

زۆرێک لە ھونەرمەندان گلەیی ئەوەیان ھەیە دەڵێن ھونەر ناتوانێت ژیانی ھونەرمەندان دابین بکات، دیدی ئێوە لەم بارەیەوە چۆنە ؟

هیچ کاتێک هونەر نەیتوانیوە بژێوی هونەرمەند دابین بکات، بەڵکو ئێستا زۆربەی دراماکان بووە بەخۆبەخش، دەبێ بۆ ژەمە خواردنەکان لەفە لەگەڵ خۆت بەرى، ئەوجاش دوای هەموو ماندووبوونێک کارەکەت لێ وەرناگیرێ.

ئایا کاری نوێی ھونەرییەت ھەیە؟

بەڵێ ئێستا لە کارێکی نوێدا کاردەکەم بۆ کەناڵی دیمەن، بانگهێشت کراوم لەکەناڵێکی ترەوە.

کۆمەڵێک ھونەرمەندی لاو و تازەکار ھاتوونە نێو ھونەر، تا چەند لە شێوازی پەروەردەکردنیان ڕازیت ؟ پێشنیارت بۆیان چییه‌؟

من پیرۆزبایی و دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە کاری جوان و خزمەت بە هونەر و کولتووری کوردی دەکەن، هیوادارم سەرکەوتوبن.

ھیچ کام لە منداڵەکانت یاخود نەوەکانت کاری ھونەری ئەنجام دەدەن ؟

من وەکو خۆم هیچ سوودێکم لە هونەرەکەم نەبینیوە، بەڵکو بووەتە رێگریی زۆرشت لە ژیانم، بەڵام هیوایەتی منداڵیمە هونەرم خۆشدەوێ بۆیە ناتوانم دەسبەرداری بم.

ساڵانێکی زۆر سەرقاڵ بوویت بە کاری ھونەری و دراما، گەر کاری ھونەریت ئەنجام نەدابوایە پێت خۆش بوو چ کارێکی دیکە بکەیت لە ژیانت ؟

كه‌ ده‌چینه‌ سه‌ر كارى هونه‌ریى ده‌بێ 
له‌فه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان ببه‌ین

من لە ساڵانی حەفتاکانەوە سەرقاڵی کاری هونەریم، ئەگەر هونەرمەند نەبوومایە هەوڵم دەدا ببم بە هونەرمەند، چونکە هونەرو هونەرمەندان لای من زۆر پیرۆزن.

لەو رۆڵانەی لە درما و فیلمەکاندا بینیوتە، کامیان زۆر نزیک بووە لە خۆتەوە؟ پێتوایە ھونەرمەند دەبێت ئەو رۆڵەی وەریدەگرێت نزیک بێت لە خۆیەوە ؟

ئەو رۆڵەی دەدرێ بە ئەکتەرێک مه‌رج نییە لە کەسایەتی خۆیەوە نزیک بێت، تۆ رۆڵی کەسایەتی کەسێکی تر دەبینی، جاری وا هەیە رۆڵی کەسێکی شێت یان پیاوکوژێک دەبینی کە لە كه‌سایه‌تى ئەو ئەکتەرەوە زۆر دوورە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین