هەژار زەهاوی: دەف لەناو تەکیە و خانەقادا هاتە ناو میوزیک و گۆرانی و شانۆوە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

هەژار زەهاوی میوزیسیانی ئامێری دەف، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت باس لە ئەزموونى لەگەڵ هونەرمەند سامى یوسف دەکات، کە چەندین کارى هونەریان پێکەوە ئەنجامداوە و وەک خۆى دەڵێت،  "زۆر کۆنسێرتمان لە وڵاتان ئەنجامدا، من لەڕێگەی سامی یوسفەوە زۆر هۆڵی باڵکێشی جیهانیم بینی، ئەو هۆڵانە لەگەڵ میوزیسانێکی کوردی یاخود هونەرمەندێکی کورد نەم دەدی."

تێکەڵکردنى ئاواز و میوزیکى کوردى بە دنیا مۆدێرنە، ئەو هونەرمەندە پێیوایە، "ئێستا کە تەکنەلۆژیا خێرا بووە جیهان مۆدێرن بووە، کۆمەڵێک شت ستانداردە کە ئەفەریقی بیت یاخود یابانی یا کورد یەکە، مۆسیقاش بەشێکە لەفەرهەنگ لەکۆمەڵگادا، دەبێت هەموومان مۆدێرن بین نەک تەنیا لەمیوزیک، بۆیە تۆ فەرهەنگی خۆتبە لەهەمانکاتدا هاوچارخیشبە."

 

دەقى دیمانەى ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ هونەرمەند هەژار زەهاوى:

نوچەنێت: هەژار زەهاوی چۆن پێناسەی میوزیک دەکات؟

هەژار زەهاوی: میوزیک بەشێکە لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی، مۆسیقا و هونەر هەر لە سەردەمی کۆنەوە هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی هەبووە، هەموو نەتەوەیەک لەگەڵ میوزیکدا ئاشنایەتییان هەبووە، جوگرافیای نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەیەکی تر کاریگەری دەکاتە سەر مرۆڤی تر، مێژووی نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەیەکی تر بەتایبەت ئاین، ئاینی هەندێک نەتەوەی تر زاڵە بەسەر میوزیکدا، هەندێک نەتەوەی تر پێچەوانەکەیەتی، بۆیە مۆسیقا لەگەڵ مرۆڤایەتیدا.

مرۆڤێک کە گەورە دەبێت کار دەکات بەرزی و نزمی دەبێت لە ژیانیدا، بەڵام کەلتوور بوونی لەگەل مرۆڤدا هەبووە، لەنەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر لە جوگرافیا بۆ جوگرافیایەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام مۆسیقا بەشێکە لەتەکوینی مرۆڤایەتی قۆناغ بۆ قۆناغیش جیاوازی هەبووە، نەتەوەیەک دەبینی (300بۆ400) ساڵ فەرهەنگی میوزیکی لەناو نەتەوەکەیدا هەبووە، پێگەی ئەو میوزیکە لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا گرنگ بووە.

بابەتی ئاینیش لێرەدا گرنگە، چونکە کە ئاین دێت لەگەڵ ئایندا دەبێت و نابێت هەیە، میوزیک مەلەوانی دەکات لەگەڵ ئەمانەدا.

نوچەنێت: دەف بۆ هەژار زەهاوی چییە؟

هەژار زەهاوی: من نزیکەی (28) ساڵە لەناو کاری هونەریم، ئامێری دەف کەلە تەمەنی(14) ساڵیدا دەستم پێکرد، هەمووکات بۆ من وەک جەزەبەیەک بووە بۆم، ئەوەی رایکێشاوم بۆ خۆی دەنگی دەفە، هەمیشە گوتوومە لە ئامێردا شتێک هەیە پێی دەگوترێ جنسی دەنگی ئامێر، کە دەبینی دەنگێکی زۆر مێژووی هەیە یان لەتیفانەی هەیە، ئامێری دەف کە هی سەردەمی ئێستا نییە، دەنگەکە دەنگێکی مێژووییە، ئەو دەنگەیە کە تۆ رادەکێشێت بۆ خۆی، بۆ من دەف هەمیشە ئامێرێک بووە گوزارشت لە دەنگێکی مێژووی کردووە، چیرۆکی دەفیش پەیوەندی هەیە بە مێژووی کورد، چونکە ئەم دەفە تەنیا لەناو فەرهەنگی ئێمەی کورددا دەبینرێت، نەتەوەی تر دەفی هەیە بەڵام بە شێواز و ژەنینی جیاواز.

نوچەنێت: دەف سەرەتا لە تەکییەکان بەکار دەهات، دواتر چۆن هاتووەتە ناو هونەری گۆرانی؟

هەژار زەهاوی: لەناو تەکییەکان هەمیشە دەف هەبووە، بەڵام بەبوونی مامۆستایەکی وەک بێژەنی کامکار و خێزانی کامکارەکان، لە رەوەندی چەند ساڵەی کۆتاییدا ئەم بازدانەی کرد، کە لەناو تەکییەو خانەقاکاندا دەف هاتە ناو میوزیک و گۆرانی و شانۆ، ئێمە ئامێرێکی ترمان هەیە تەمبوور لەناو کورددا کە لەناو ئەهل حەقدا لێیدەدەن ئاینی کاکەییەکان، تەمبووریش زۆر ئامێرێکی باڵکێشە کە چیرۆکێکی درێژی هەیە، بەڵام تەمبوور هێشتا لەناو ئەو کەوانە ئایینییەی خۆی ماوەتەوە، راستە باشتر دەژەنرێت لەسەر ستەیج، بەڵام ئەم دوو ئامێرە تەمبووری ئەهل حەق و دەف پەیوەندی راستەقینە و راستەوخۆیان هەیە بە نەتەوەی کورد، کە هەردووکیان سەرچاوەیەکەیان لە ئایینەوە دێت، دەف لەناو ئاینی ئیسلام کە سۆفیگەری و تەسەوف دێت، تەمبووریش لەناو ئاینی کاکەییەکان دێت، کە بە ئامێرێکی پیرۆز دایدەنێن، ئێمە دوو سەرچاوەمان هەیە لە هیچ نەتەوەیەکی تر نایبینی ئەم دوو ئامێرەن کە ریشەی دارەکەیان تەسەوف و فەلسەفە و مەزهەبە دروست نەکراوە، دارتاشێک نەهاتووە دروستی بکات یاخود لەکۆشک نەهاتووە، چونکە ئێمە کەلتووری کۆشکمان نەبووە، ئێمە نەتەوەیەک بووین بەهۆی جوگرافیاوە هەمیشە لەژێر سەفەوی عوسمانی و عەباسی بووین، دواتر ئێمە نەتەوەیەکین رەنگی جۆراوجۆرمان هەیە وەک بادینی، کەلهوڕی، سۆرانی ... هتد.

نوچەنێت: ئامێری دەف ئامێرێکی رۆژهەڵاتییە، تا چەند موڵکی کوردی بەسەرەوەیە؟

هەژار زەهاوی: ئامێری دەف، بە ژەنینەکەی بە سادەییەکەی لە کورددا هەیە، بۆنموونە تۆ دەڕۆیتە وڵاتانی خەلیج دەفیان هەیە شێوە، لێدان، قەبارە، گرتیان جیاوازە، یاخود هەر وڵاتیکی تر شێوە و قەبارە و ژەنینی جیاوازە، کەواتە ئامێری دەف لە ئامێرە کەوانەییەکانی خێزانی ئیقاعیە، لە زۆر نەتەوەدا هەیە، بەڵام وەک گوتم ژەنین، شێوە، قەبارە، پێگەی ئامێرەکە لەناو نەتەوەکەدا جیاوازە. ئامێری دەف هی تەسەوف و خانەقایە، بەڵام لەوڵاتێکی تر ئامێرێکە بۆ سەما بەکاردێت، وەک مۆسیقای سامبا، ئەو سێ شتە ئەو ئامێرە جیا دەکاتەوە.

نوچەنێت: هەوڵتداوە ئامێری دەف بکەیتە ئامێرێکی ئۆرکێسترایی؟

هەژار زەهاوی: تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئۆرکێسترای رۆژئاوایی هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ئۆرکێسترای رۆژهەڵاتییەوە، بەڵام لەوڵاتێکی وەکو ئێران زۆرێک کاری کلاسیکیان کردووە، ئامێری دەفی تێدا بووە، ئەمە تاقیکردنەوەیەکی باشە، بەڵام وەکو ریشە وەکو دار هیچ پەیوەندییەکی نییە بە میوزیکی کلاسیکی رۆژئاواییەوە.

گرووپی میوزیکی جیاوازە کە ئامێرێکی جیاواز بهێنیتە گرووپەکە بیژەنێ، بەڵام کە دەوترێ ئۆرکێسترا، واتە ئەو بازنە کلاسییکییە کە لەمیوزیکی رۆژئاواییدا هەیە، ئامێری دەف هەر سیناریۆیەکی بۆ بنووسی وەکو ئەکتەرێکە دەتوانێت رۆڵێکی چاکی هەبێت و بیکات، کەواتە دەف دەگونجێت، بەڵام بەپێی توانایی ژەنیارەکە.

نوچەنێت: رۆڵی ئافرەت لەبواری ژەنینی ئامێری دەف لە چ ئاستێکە؟

هەژار زەهاوی: زۆر باشە، بەگشتی گەشەپێدانێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، ژەنیارەکان ئێستا زۆر باشن، زۆریش باوە، ئێستا ئافرەتی دەف ژەنی چاکیش هەیە، هۆکارەکەش دەنگی ئامێرەکەیە، لە میوزیکیشدا بڤە نییە، هەمووی هونەرە، راستە چوارچێوەیەکی یاسا هەیە، بەڵام مەرجیش نییە من پەیڕەوی ئەو یاسایە بکەم.

نوچەنێت: کار کردنی تۆ لەگەڵ سامی یوسف تا چەند مۆرکیداوە بە هونەری سامی یوسف؟

هەژار زەهاوی: من لەگەڵ سامی یوسفدا چەند ساڵێک کارمان کرد، زۆر کۆنسێرتمان لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمەریکا، کەنەدا ئەزموونێکی زۆر باشبوو بۆ من لەڕێگەی سامی یوسفەوە زۆر هۆڵی باڵکێشی جیهانیم بینی، ئەو هۆڵانە لەگەڵ میوزیسانێکی کوردی یاخود هونەرمەندێکی کورد نەم دەدی، هونەرمەندێکی کورد ناتوانێت هۆڵێکی ئەمەریکا پڕ بینەر بکات، بەڵام سامی یوسف دەیکات.

من ئەزموونێکی زۆرم لەوەوە دی، هەمیشە پێگەی منی بەپێگەیەکی گرنگ دادەنێت لەسەر لیستێک، دەتوانێم بڵێم بەرگێک بوو لەناو چاپتەری ژیانمدا.

نوچەنێت: بەم دواییانە سامی یوسف گۆرانییەکی تۆمار کردووە بە زمانی کوردی، بیرۆکەی کێ بوو؟

هەژار زەهاوی: بیرۆکەی خۆیەتی.

نوچەنێت: چۆن دەتوانین لە دونیای مۆدێرن کە لە کەلتوورەکان تێکەڵدەبن مۆرکی ئاوازی کوردی بپارێزین و رەنگدانەوەی تێدا هەبێت؟

هەژار زەهاوی:ئێمە لەزەمەنێکداین ئینەرنێتمان هەیە،تەلەفونمان هەیە، کە (10) ساڵ بەر لە ئێستا ئەم تەکنەلۆژیایە نەبوو، ئێستا کە تەکنەلۆژیا خێرا بووە جیهان مۆدێرن بووە، کۆمەڵێک شت ستانداردە کە ئەفەریقی بیت یاخود یابانی یا کورد یەکە، مۆسیقاش بەشێکە لەفەرهەنگ لەکۆمەڵگادا، بەڵام من دەڵێم دەبێت کۆمەڵگا مۆدێرن بێت، نابێت مێژووش هەموو ئەو شتانە کۆبکاتەوە و فڕەی بدا، بڵێت چونکە ئێستا هەموومان مۆدێرنین، نەک لە کورد، لەزۆربەی وڵاتان شۆک دەبیت لە مۆدێرن بوونی وڵاتیان، دەبێت هەموومان مۆدێرن بین نەک تەنیا لەمیوزیک، بۆیە تۆ فەرهەنگی خۆتبە لەهەمانکاتدا هاوچارخیشبە.

لە کوردستانی باشوور ئێمە کاپتنێکی کەلتووریمان نییە بەبۆچوونی من، ساڵ بە ساڵیش دەمانەوێت مۆدێرن بین، بەڵام نازانین چۆن ببین

نوچەنێت: هیچ پلانێکت هەیە بۆ هێنانی گرووپی میوزیکی بیانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان؟

هەژار زەهاوی: بەهۆی زەهاوی میوزیک هاوسەوە لە مانگی ئەمساڵەوە کە شەش مانگ تێپەڕ بوو کۆنسێرتی چاکمان کرد، ئەمە وەرزی کوردی بوو، لەساڵی داهاتووەوە دووبارە بەنیازم هەر لە هەولێر، لەمانگی شەشەوە تا کو مانگی یانزە پێنج کۆنسێرتی تر ئەنجام بدەم، بەڵام ئەمجارەیان وەرزی ئینتەرناشناڵ دەبێت دەست پێدەکەین، واتە مۆسیقای گەلان کە جۆراوجۆربێت، واتە ئێمە چانسێک بدەین گرووپی ئینتەرناشناڵ بێت بۆ هەر مانگێک گوێبیستی میوزیکی نەتەوەیەک بین، بۆ قوتابیانی میوزیک وەکو فێرکارییەک  گوێبیستی نەتەوەیەک بن بۆ ئەوەی لەمیوزیک و ئاواز و گۆرانی نەتەوەیەکی تر بزانن، بۆ نموونە مۆسیقای فادۆ کە هی وڵاتی پرتوگالە دەبێت بزانن مۆسیقای فادۆ چییە، کارەکتەری چییە، ئامێرەکانی چین،گۆرانی چۆنە، ئەمە ئەجێندای ساڵی(2023) زەهاوی میوزیکە.

نوچەنێت: ئامێری دەف لەناو دنیای دینیدا زۆر بەکار دێت، وەکو زەهاوی هەوڵتداوە ئامێری دەف بکەیتە بنەمایەکی زانستی؟

هەژار زەهاوی: بەڵێ، تەنیا هەوڵی من نەبووە هەوڵی زۆرێک لە دەف ژەنەکانی تریش بووە، ئێستا ئامێری دەف لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لە ئێران پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆوە بینیوە، سەرووى (50) کتێبی دەف هەیە، من زیاتر  پراکتیک و ئینتاجم زۆرە، لەبواری فێربوون و کتێب نووسین نەخێر، دەف ژەنەکانی تر زۆر لە من باشتر چاکتر هەن کتێبیان نووسیوە، هەمیش خوێندکاریان پەروەردە کردووە، بەڵام هونەرمەندێک مەرج نییە هەم مامۆستایەکی چاک بێت، هەم ژەنیارێکی چاک بێت یا دەرهێنەرێکی چاک بێت شتی وا لەدنیا بوونی نییە، هەیە مامۆستایەکی باشە، بەڵام ژەنیارێکی باش نییە یاخود پێچەوانەکەی، ئێمە ناتوانین هەمووشتێک لەکەسێکدا کۆبکەینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین