پلانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ئیسرائیلییەکان ئاشکرا دەکرێت ئێران

نوچەنێت: ئێران ئینتەرناشناڵ

ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی تورکیا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە تۆمەتبارکردنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی لە تورکیا، کۆماری ئیسلامی باندێکی ماددەی هۆشبەر کە یەکێک لە سەرکردەکانیان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بۆ تیرۆرکردن ڕاسپاردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی پێشنیاری کردووە، کە کەسێک بە ناوی شاهین ئوتادی، کە بە تاوانی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر زیندانی کراوە و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، هاوکارەکانی هان بدات بۆ تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی.

میدیاکانی تورکیا لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو، کە تۆمەتبارانی دەستگیرکراو هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە هەواڵگری ئێرانەوە نەبووە و مافیایەکی ئێرانی سەرکردایەتیانی کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو ڕێبەری مافیا لە ئێران دەژی و لە ڕێگەی واتسئەپەوە لەگەڵ ئەو کەسانە پەیوەندیی هەبووە.

لە ٢٣-٦-٢٠٢٢ هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ تورکیا، میدیاکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی گروپێکی هەشت کەسی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ، ڕاگەیاند.

دوای ئەوە ڕاگەیەندرا کە کونسوڵی گشتی پێشووی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ (یوسف لوی سیفری) لەگەڵ هاوسەرەکەی، ئامانجەکانی تاقمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ بوون. کە پێش تیرۆرکردنەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل.

لە هەمان کاتدا میدیاکانی تورکیا لە زاری هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەوە ئاشکرایان کردووە، کە تیمی تیرۆرکردنەکەش چاودێری سێ ژنی ئیسرائیلی دیکەی کردووە بۆ تیرۆرکردن.

هەروەها بڕیارە نزیکەی دوو مانگی تر دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین