هێمن سارمەمی: نابێ بە وشەى نوێ دەق و تێکستى حەیران دەستکارى بکرێ کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

حەیرانبێژ هێمن سارمەمی، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاماژە بەوەدەکات، کە نابێ بە هیچ شێوەیەک دەستکارى تێکستى حەیران و لاوک بکرێ، باشتر وایە نوێبوونەوەى تێدا نەکرێ، میللەتى کورد زەریایەک لە فۆلکلۆرى هەیە.

حەیرانبێژ هێمن سارمەمی، پێشتر لە پێشبڕکێکى وەزارەتى ڕۆژشنبیرى پلەى یەکەمى لە هەولێر بەدەستهێناوە، لەم دیمانەیەدا باسى جۆرەکانى حەیران دەکات بە شێوەیەکى گشتى،  وەک خۆى دەڵێت، "هونەری حەیران بەڕاستی هەوادارێکی زۆر لە هەردوو ڕەگەز لەناو گەنجەکاندا هەیە، خەڵکێکی ئێجگار زۆر گوێ لە حەیران دەگرن." 

 

دەقى دیمانەکەى ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ حەیرانبێژ هێمن سارمەمى:

نوچەنێت: حەیران لەناو گەنجاندا هەواداری هەیە؟

هێمن سارمەمی: بەڵێ ئەمڕۆ لە بنەچەی هونەری حەیراندا بەڕاستی هەوادارێکی زۆر لە هەردوو رەگەز لەناو گەنجەکاندا هەیە، خەڵکێکی ئێجگار زۆر گوێ لە حەیران دەگرن، هەواداری حەیران بەو پێوەرەی ئێمە ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەکرێت یاخود لەهەر جێگایەک کە دەستخۆشیمان لێدەکەن زۆربەیان گەنجن، لەبەر ئەوە هەوادارى گەنجمان هەیە کە گوێگری حەیرانن. 

نوچەنێت: ئایا دەکرێت نوێکردنەوە لە حەیراندا بکرێت؟

هێمن سارمەمی: بەڕاستی من لەگەڵ ئەوەدا نیم دەق و تێکستی حەیران بە وشەی نوێ دەستکاری بکرێت، بۆ نموونە تۆ باسی هەندێک شتی سەردەمیانەی ئەلیکترۆنی نابێت هەبێت لەناو حەیراندا، بۆیە باشترە کە نوێ بوونەوەی تێدا نەکرێت، چونکە ئێمە وەک زەریایەکین لەفۆلکلۆر کەهەمانە، هەندێ وشە هەیە کاتی خۆی لەناو حەیران بەکار نەهاتووە، بەڵام ئێستا دەتوانین بەکاری بهێنین، بەڵام وشە کۆنەکان نەک وشەی نوێ.

نوچەنێت: چەند جۆرە حەیرانێک هەیە، سەرچیا و مەجلیسی لەم جۆرە دابەشکردنە هەیە، زیاتر حەز بەکامیان دەکەی؟

هێمن سارمەمی: هەندێک کەس هەیە دەڵێت دوو جۆری هەیە، بەڵام بەڕای من سێ جۆری هەیە (مەجلیسی، سەر چیایی، غەریبی) هەرسێ جۆرەکەش دەق و ئەدایان جیاوازە، سەرچیایی راستە بە دەنگێکی بەرز دەگوترێت، لەبەر ئەوە پێی دەوترێ سەرچیایی چونکە دەقەکە پەیامە، تێکستەکە جیاوازە واتە گفتوگۆیە لە نێوان کچ و کوڕدایە یاخود بانگکردنە، ئەوکەسەی کە حەیرانەکە پەیام دەچڕێت دەتوانێت پەیامەکەی خۆی بگەێنێت ئەوی تریش دەتوانێت هەر بەحەیران وەڵامی بداتەوە.

مەجلیسی، ئەوەیان زیاتر گێڕانەوەیە یا پیاهەڵدانە بە دەنگێکی نزم دەگوترێ لەناو مەجلیسدا، ئەوکاتە رەچاوی هەموو بارودۆخێک کراوە، ئەوکاتە دیوەخان ماڵ بووە ئەو حەیران بێژەی کە حەیرانی گوتووە دەست پارێزی لە وشەکان کردووە زۆر بە زەقی نەچۆتە ناو بابەتەکان، زیاتر پیاهەڵدانی باسکردووە و رەچاوی هەموو بارودۆخێکیش کراوە.

حەیرانی غەریبیش هەیە، ئەویش هەمان دەق و ئەدای جیاوازە ئەویش جۆرە لاواندنەوەیەکە، یاخود خەواندنی منداڵە، یا باس لە تەمەن دەکات،،هتد بەڵام زیاتر دابرانە بۆیە پێی دەڵێن حەیرانی غەریبی.

نوچەنێت: چەندان توێژینەوە لەسەر حەیران بڵاو کراوەتەوە، ئایا هیچیانت خوێندووەتەوە؟

هێمن سارمەمی: ڕاستە زۆرێک توێژینەوە کراوە لەسەر حەیران، زۆربەیانم خوێندووەتەوە، من خۆشم زیاتر لە (10) بابەتم نووسیوە لەسەر حەیران .

نوچەنێت: کەی دەستت بە حەیران کرد؟

هێمن سارمەمی: سەرەتای دەست پێکردنم من هەر لەمنداڵییەوە هەواداری حەیرانم، حەیرانم گوتووە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی من ساڵی (2010) لە بنکەی مەقام لە وەزارەتی رۆشنبیری پێشبڕکێی بەهرەمەندانی حەیرانیان ئەنجامدا، کە کۆمەڵێک حەیران بێژی گەنج بەشداریان تێدا کرد حەیران بێژی رۆژهەڵاتیشی تێدابوو، منیش بەشداریم تێدا کردبوو توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم.

نوچەنێت: حەیران گوتن بۆتۆ چی دەگەیەنێت؟

هێمن سارمەمی: بۆ من زۆر شت دەگەیەنێت، لەوانە پەیامێکە، یاخود جوگرافیای کوردستانە، لە هەموو گوندو چیاکانی کوردستان دەگوترێت و باس دەکرێت، راستە رەنگە زۆرکەس گوێی لێنەگرێت، بەڵام بۆ من جوگرافیای کوردستانە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین