لەماوەی سێ مانگدا لە عێراق زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدراوە هەواڵ

ئا: هێما جەبار

بەپێی ئامارێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەماوەی چارەگی سێیەمی ئەمساڵدا، نزیکەی هەزار و 602 گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە(15/تشرینی دووەمی/2022) ماڵپەڕی (ئەلحورە) بڵاویکردەوە کە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایکردووە لەماوەی سێ مانگدا زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراوە، واتە هەزار و 602 پیاو ژنی دووەمیان هێناوە.

هەروەها ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق راشیگەیاندووە، پارێزگای بەسرە بە پلەی یەکەم دێت لە تۆمارکردنی (229) گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم، پارێزگای نەینەوا لە پلەی دووەمدایە بە تۆمارکردنی (220) گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم، لەگەڵ ئەوەش پارێزگای سەڵاحەدین پێشووتر لە پلەی یەکەمدا بوو بە تۆمارکردنی (201) گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم، هەروەها تەواوی رێپێدانەکانی هێنانی ژنی دووەم بەسەر پارێزگاکانی تر دابەشبوون.

ئامارەکە ئەو هۆکارانەی ئاشکراکردووە کە بووەتە هۆی زۆربوونی هێنانی ژنی دووەم، ئەوانیش وەکو، (نەزۆکی) واتە نەبوونی توانای منداڵبوون لە ژنی یەکەمدا، هەروەها نەخۆشی درێژخایەن کە کەمو کورتی و ساردبوونەوەی خستووەتە نێوان هەردوو هاوسەرەکە، یاخود خواستی پیاو بۆ فرە ژنی بۆ باشترکردنی ئاستی ئابووری، ئەمەش وایلێدەکات پەنا بۆ هێنانی ژنی دووەم ببات.

هۆکارێکی تری سەرەکی کە لە ئامارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختەیە کە ژمارەکەی هەزار و 526 حاڵەتە بەکۆی گشتی، زۆرترین پشک سەر بە پارێزگای بەسرەیە بە (233) حاڵەت، پارێزگای ئەنبار بە (181) حاڵەت لە پلەی دووەمدایە، دواتر پارێزگای نەینەوا (129)حاڵەت تۆمارکراوە.

یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە 188ی ساڵی 1959 کە پرسی فرە ژنی رێکخستبوو، بەر مەرجەی کە نابێت هیچ پیاوێک بە بێ مۆڵەتی دادوەر لە ژنێک زیاتر بێنێت، هاوکات لە ساڵی 2008 حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی بڕگەی یەکەمی یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959ی هەموارکردەوە و فرە ژنی لە کوردستان سنووردارکرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین