ئەمریکا: ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران نازانین ئێران

نوچەنێت: رادیۆ فەردا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو تۆمەتەی بە مەشقپێکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق کە ئێستا لە ئەلبانیان، ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە ئەم ڕێکخراوە بە "نوێنەری" گەلی ئێران نازانێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پاڵپشتی یان مەشق و ڕاهێنان بەو رێکخراوە دەکات لە ئەلبانیا دوورە لە راستییەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمریکا پاڵپشتی و ڕاهێنان بە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق ناکات لەسەر تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی یان لەسەر هیچ پرسێکی تر، هاوکاری دارایی بۆ ئەو ڕێکخراوەیەش ناکات. هەروەها هیچ پەیوەندییەکی بابەتیی نییە لەدەرەوەی پرسەکانی نیشتەجێکردنیان، کە " لە ساڵی ٢٠١٦ تەواو بووە".

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا، شاهین قوبادی، گوتەبێژی ڕۆژنامەوانی رێکخراوی موجاهدینی خالقی ئێران لە پاریس، گوتی: هەڵوێستی ئەمریکا نیشاندەری "سەربەخۆیی"ی ئەم ڕێکخراوەیە، سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی جەختی لەسەر پشتیوانی ئەم رێکخراوە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەکردووە.

چەند ساڵێک دوای ڕووخانی سەدام حوسێن لە عێراق، ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق، گوازرانەوە بۆ ئەلبانیا.

هەفتەی ڕابردوو گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئەلبانیا، ئەو بانگەشەیەی کرد کە ئەمریکا ڕاهێنان بە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە دەکات.

بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەڕەوەی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوه که سەڕەڕای ئەوەی وڵاتەکەی ناوی موجاهیدینی خەلقی له لیستی ڕێکخراوه تیرۆریستییەکان له سێپتامبەری ٢٠١٢ لابرد، بەڵام ئەم ڕێکخراوه" وەک بزووتنەوەیەکی دیموکراتی دژ به ڕژیم" نازانێت و ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بکات".

لە کۆتاییدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە "نیگەرانی جددی" وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە موجاهدینی خەلق، "لەوانەش تۆمەتبارکردنی بە خراپبەکارهێنانی ئەندامەکانی".

تۆمەتی ڕاهێنانی ئەمریکییەکان بە ئەندامانی موجاهدینی خەلقی ئێران، لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە وروژێنرا.

ناسر کەنانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی سێپتەمبەردا گوتی ئەمریکا "پشتیوانی هەمەلایەنە" لە سازمانی موجاهدینی خەلق دەکات و واشنتۆن ئەندامانی ئەم رێکخراوەیە "لە بواری ئەلیکترۆنی" ڕاهێنانیان پێدەکات و پێداویستیشیانی بۆ دابین کردووە.

ئەم تۆمەتە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە، کە حکومەتی ئەلبانیا لە مانگی ئەیلولدا هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکەی ڕاگەیاند. ئەم وڵاتە هاککەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار زانی و پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران پچڕاند.

سازمانی موجاهدینی خەلق، کە یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دەیەی دوایی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێراندا وەک گروپێکی سیاسی – سەربازی، دەستی بە چالاکییەکانی کرد. ئەم ڕێکخراوە پشتیوانی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بە ڕێبەرایەتی خومەینی کرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، چووە ریزی ئۆپۆزسیۆنەکانەوە و هەڵمەتێکی چەکداری بۆ ڕووخاندنی حکومەت دەستپێکرد.

ئەم ڕێکخراوە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، هاوکاری ڕژێمی سەدام حوسێنی کرد و دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، دوو هێرشی سەربازی کردە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا شکستی هێنا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین