د.دارا جه‌لیل خه‌یات: ژمارەیه‌كى زۆر بازرگانى ژنمان هه‌یه‌ شیکاری ئابوری

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د.دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆكى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت باس له‌ كه‌رتى بازرگانى و هه‌لى كار ده‌كات له‌ كوردستان، ئه‌و له‌ به‌شێكى دیمانه‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات ژماره‌یه‌كى زۆر بازرگانى ژن له‌ هه‌ولێر هه‌ن، به‌نیازیشن ژنان له‌ ژووره‌كان به‌شدارى پێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ژوورى بازرگانى به‌شدار بن.

نوچەنێت: چۆن پێناسەی ژووری بازرگانی هەولێر دەکەی ئەرکی یەکێتی ژوورە بازرگانەکان چیە؟

د. دارا جەلیل خەیات: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، بەڕاستی ئێوە دەزانن ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە هەموو جیهاندا هەیە، ئیتر عێراقیش و کوردستانیش لەو دەوڵەتانەیە کە ژووری بازرگانی له‌ پارێزگاكان دامه‌زراندووه‌ و له‌ پایته‌ختى هه‌رێمیش ژوورى بازرگانى هه‌یه‌. 

هەرێمی کوردستان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی له‌ساڵی ( 2007 ) دامەزراوە، بریتیە لە ژوورەکانی هەرێمی کوردستان، کە هەولێر و دهۆک و سلێمانییە، بەم دواییەش برادەران لە هەڵەبجە ژووریان داناوە، لەگەڵ ئێمە ئەندامن. ئێمە دەزگایەکی پیشەیین، کۆکەرەوەی پیشەییەکانی بازرگانان و پیشەسازانین لە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەوەی دیاریشە لەپاش ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان کراوە، بە دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشەسازى و بازرگانی زۆر پێشکەوتووە چ بە رێژەی ئیشکەرەکان چ بە رێژەی ئەو ئیشوکارانەی ئەوان دەیکەن. ئێمە دێتە بیرمان لە پێشووتر بازرگانی زۆر لە لاى دامودەزگای دەوڵەت دەکرا.

ده‌بێ پارێزگارى له‌ دراوى قوڕس بكه‌ین
 

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیشوکارەکانی لە ( ٪100 ) داوه‌تە دەست کەرتی تایبەت، بۆیە ئەمە بارێکی زۆر قورس و بەرپرسیارەتیەکی گەورەیە. بۆیە ئێمە بەردەوام داوا لە برادەرانی خۆمان دەکەین، کە بە شێوەیەک کار بکەن نەک تەنیا ئیشوکارەکانی خۆیان بکەن، بەڵکو بۆ گشت هاووڵاتیان بکەن بەڵکو بتوانن بە شێوەیەکی رێکوپێک بازرگانی و پیشەسازی و هەروەها کەرتەکانی تریش، وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، هەر بابەتێکی فێرکردن بێت، ئێستا ئێمە دەبینینن کەرتی تایبەت بە قورسی دەچێتە ناو ئەم کارانە، دەتوانی زۆر ئیشوکار و دەرفەتی کار بۆ خەڵکانی هەرێم بدۆزێتەوە، هەروەها بتوانی خەڵکێکی تر کە لە دەرەوەی هەرێم بێت، لێرە سوود لەو فرسەتانە وەربگرێ.

نوچەنێت: رەوشی بازرگانی ئێستا لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟ بە گوێرەی خواستی ئێوەیە؟

د. دارا جەلیل خەیات: رەوشی بازرگانی ئێرە بە شەهادەتی هەموو کەسێك زۆر پێشکەوتوە هەروەک گووتم ئەو دەرفەتانەی رێککەوتوون بۆ کەرتی تایبەت کە ئیشوکاری لێ بکات، دەرفەتێکی باش هەیە، هیوادارم لە داهاتوو باشتر بێت، پاش چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی هەیە، بۆیە ئەمانە زۆر کاریگەری باشی دەبێت. هیواداریشن چ حکومەت چ پەرلەمان چ دامودەزگاکان ئاسانکاری زۆر بۆ پیشەسازان و بازرگانان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین کارەکانیان بگەینە ئاستێکی نێودەوڵەتی، هەروەک دەوڵەتەکانی کە دەیانبینین.

نوچەنێت: وەکو یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی پیشەسازی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیتان لەگەڵ وڵاتانی جیهانی چۆنە؟

د. دارا جەلیل خەیات: بەڵێ بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، لەو کاتەی یەکێتی ژووری بازرگانی دامەزراوە، ئێمە لەم ئاستە بووین کەوا بتوانین نەک پەیوەندی لەناو عێراق، بەڵکو لە گشت وڵاتەکانی دەوروبەرمان دروست بکەین کە ئەمەش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئیشوکارەکانمان، لەو چەند ساڵانەی رابردوو لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان و وڵاتانی عەرەبی و هەروەها وڵاتانی ئەوروپاش، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا وەک چین و هیند و ئەو دەوڵەتانە بازرگانەکانمان بە شێوەیەکی بەردەوام ئیشوکار لەم بابەتانە دەکەن، هیوادارم ئەو پەیوەندیانە زیاتر بن، ببێتە ئاستێک کەوا هەروەک ئێستا هەرێمی کوردستان ناسراوە لە هەموو جیهان، بە هەرێمێکی سەرکەوتوو لە ئیشوکار و بازرگانی و هەموو کەرتەکانی تر.

نوچەنێت: باس لەوە دەکرێت هەرێمی کوردستان زیاتر هەرێمێکە کە هاوردەکاریی کەلوپەلە نەک هەناردە، چی بکرێت بۆ ئەوەی هەنارەدی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت؟

د. دارا جەلیل خەیات: بەراستی ئەمە بابه‌تێكى زۆر گرنگه‌، زۆریش ئیشی لەسەر دەکرێت، بەردەوام ئیمە بانگەشەی ئەوە دەکەین، کەوا بتوانین ئەو شتانە کە قوڕسایی پەیدا دەکات لەسەر باری ئابووری هەرێمی کوردستان، بتوانینن کارگە دابمەزرێن، ئیشوکارەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێن بۆ ئەوەی لە چەند لا قازانجی لێ وەرگیرێت، یەکەم دراوی بیانی کە دراوێکی قورسە نەچێتە دەرەوە، دووەم خەڵکی وڵاتی خۆمان ئیشوکار بکات.

حكومه‌تى هه‌رێم 100% بازرگانى داوه‌ته‌ ده‌ست كه‌رتى تایبه‌ت 
 

بۆیە زۆر گرنگە ئێمە لە داهاتوودا و لە ئێستاشدا بۆ ئەم مەبەستە بچین کە زۆر  پیشەسازى هەیە زۆر ئیشوکار هەیە، خەڵكی هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسانی بیكه‌ن، بۆیە ئێمە بانگهێشتی هەموو برادەرەکان دەکەین و داوا له‌ دەزگاكانی دەوڵەت بۆ ئەوەی زۆر ئاسانکاری بکەن بۆ دامەزراندنی کارگە و ره‌خساندنى هەلی ئیشوکار بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەک کەوا پارێزگاری لە دراوی قورس بکەین.

نوچەنێت: لە ماوەی رابردوو ئەگەر سەیر بکەین رێژەو بەشداری ئافرەت لە کایەی بازرگانی کەم بوو، ئێستا تا رادەیەک ئافرەتان دەیانەوێ بێنە ناو ئەو کایە ئێوە وەکو یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی  پیشەسازی هەرێمی کوردستان چ هەوڵێکتان داوە ئافرەت زیاتر بێت لە کایەی بازرگانی؟

د. دارا جەلیل خەیات: بەڕاستی ئێمە زۆر پێمان خۆشە خوشکان و کچانی خۆمان بێن، لێرە ئیشوکار بکەن و بازرگانی بکەن و دەرفەتی خۆیان وەرگرن بە دامەزراندنی کۆمپانیا بە دامەزراندنی ئیشوکار  بۆیە ئێمە لێرەوە لە رێگەی ئێوەوە، بانگهێشتیان دەکەین پێاندەڵێین بەشداربن، نەک لە ئیشوکارەکان بەڵکو  ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو به‌نیازین ئافره‌تانیش به‌شدارى پێبكه‌ین، تا بێن لێرە لەگەڵمان بەشداربن لەو ئیشوکارانە بۆ ئەوەی تەمسیلی خەڵکی خۆیان بکەن.

نوچەنێت: واتە لە ناو ئەنجومەنی ژووری بازرگانی ئافرەت نییە؟

د. دارا جەلیل خەیات: بەڵی وەکو ئەنجومەن نیمانە بەڵام ئەنداممان هەیە، ئافرەتی بازرگانمان هەیە، بەڵام بە رێژەیەکی کەم هیوادارم زیاتر بێت، ئێمە هانیان دەدەین، پەنا بەخودا لە داهاتوو بەم شێوەیە دەبێت لەناو رێكخستنى ژوورى بازرگانى کۆميتەیەکی تایبەتیان هەبێت تا بتوانن ئیشوکار و چالاکییەکانی خۆیان بەشێوەیەکی باش ئەنجام بدەن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین