جەمیل سنجاوی: سەرجەم گۆرانییە کوردییەکان لە باکووری کوردستان بەتورکی دەکرێن کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

جەمیل سنجاوی، هونەرمەند و ئاواز دانەر، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، قسە لە بارەى ئاوازەکانى هونەر و گۆرانى کوردى لە ئێستادا دەکات و دەڵێت، "لەوانەیە هەندێک لە ئاوازدانەران هەبن، هۆنراوەیەک هەڵبژێرن لەگەڵ ئاوازەکانیان بگونجێ، لەڕووی کێش و سەروای هۆنراوەکە و کاتی موزیکی ئاوازەکە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام لەڕێکخستنی ئەوجۆرە ئاوازانە بایەخی تەواو بەوردەکاریی پەیوەندی نێوان ئاواز و هۆنراوەکان نادرێت". 

 

دەقی دیمانەی ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ هونەرمەند و ئاوازدانەر جەمیل سنجاوی:

نوچەنێت: تێکستی شیعری و ئاواز، چ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەیە؟ 

جەمیل سنجاوی: لەوانەیە هەندێک لەئاوازدانەران هەبن، هۆنراوەیەک هەڵبژێرن لەگەڵ ئاوازەکانیان بگونجێ، لەڕووی کێش و سەروای هۆنراوەکە و کاتی موزیکی ئاوازەکە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام لەڕێکخستنی ئەوجۆرە ئاوازانە بایەخی تەواو بەوردەکاریی پەیوەندی نێوان ئاواز و هۆنراوەکان نادرێت، بەلای منەوە کاتێ ئاوازێکی نوێ دادەندرێت، پێویستە ئاوازدانەر زۆر بەگرنگی و بایەخ بەلایەنی وێنەیی هۆنراوەکە بدات و ئاوازەکەی وێنە (تصوير) ی گوزارشتی پەیڤەکانی ناو هۆنراوەکە بکات.

 نوچەنێت: ئاوازێکی بیانی لەگەڵ تێكستێكى کوردی چۆن دەگونجێندرێت؟

 جەمیل سنجاوی: زۆرجار ئاوازی بیانی هەبووە، هۆزانڤانێک هۆنراوەی ئاسایی بۆداناوە و تۆمارکراوە، بەڵام هەندێ جار وا ڕێککەوتووە، کە هۆزانڤانەکە تێکستە ڕەسەنەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و پاشان لەگەڵ ئاوازەکە گونجاندویانە و تۆماریان کردووە، بۆئەم بابەتە زیاتر گۆرانیبێژەکان ئەم کارەیەیان ئەنجام داوە.

 نوچەنێت: زۆرجار هەندێ گۆرانی کۆن هەیە نوێ دەکرێتەوە، بەڵام هەست دەکەی کە ئەو گۆرانییە خنکێندراوە، بەپێچەوانەشەوە کە زیندوو دەکرێتەوە رۆحێکی نوێ بەبەریدا دەکرێت، ئەو هۆکارانە چین کە ئەم دوو حاڵەتە دروست دەكەن؟

 جەمیل سنجاوی: من پێم وایە، هۆکارەکان زۆرن، زۆر گۆرانبێژان، کاتێ گۆرانییەکۆنەکان تۆماردەکەن، هیچ بایەخ بەوردەکاریی ئەولایەنانە نادەن، کە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی تۆمارکردنی گۆرانییەکان، بەڵکو بەشێوەیەکی سەرپێیی بەڕێی دەکەن، و بڵاویان دەکەنەوە، بەپێچەوانەوە گۆرانبێژی وا هەیە، زۆر بەبایەخ و هەستیارییەوە لەم بوارەدا کاردەکات و گرنگی بەهەموو لایەنەکانی سەرکەوتنی گۆرانییەکە دەدات، من هۆکاری سەرکەوتنەکان لەم بوارانەدا دەبینمەوە، بۆ نموونە: (گوتنی گۆرانییەکە) پێویستە ئەو کەسەی گۆرانییەکە دەڵێتەوە، دەنگی لەگۆرانبێژە ڕەسەنەکە باشتر بێت، ئەگەر ئەوەش نەکرا، دەبێت دەنگی هاوشانی دەنگە ڕەسەنەکە بێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە، تەکنیکی تۆمارکردنەکە دەبێت، لەوەی پێشتر باشتر بێت، هەروەها موزیکژەنەکان، دەبێت ئاستی ژەنینەکانیان لاواز نەبێت، لەبەر ئەوەی تۆمارکردنەوەی گۆرانییەکۆن و ڕەسەنەکان، بۆ ئەوە تۆماردەکرێتەوە، کە بەشێوەیەکی باشتر بگاتە، گوێچکەی جەماوەر، بەشێوەیەکی گشتیی و نەوەی نوێ بەشێوەیەکی تایبەتی، چونکە گرنگە نەوەی نوێ بەبەرهەمە کۆنەکان ئاشنا بکرێن و بەشێوەیەکی جوانتر و بەکوالێتییەکی باشتر بەئەرشیف بکرێنەوە.

 نوچەنێت: دەگوترێ بەشێک لە ئاوازە تورکییەکان لەبنەمادا ئاوازی کوردین، ئەم قسەیە تا چەند راستە؟

جەمیل سنجاوی: ئەمە بۆچوونێکی زۆر ڕاستە، لەبەرئەوەی هەر میللەتێک کە ستەمی لێبکرێت و زمانی دایکی لێقەدەغە بکرێت، ناچار پەنا بۆ زمانی تر دەبات، ئاشکرایە، لەتورکیا زمانی کوردی ڕێگری زۆری لێدەکرێت، کە خەڵکەکەی بەزمانی خۆی بدوێ و گۆرانی پێبڵێ و گوزارشتی پێ لەمافەکانی خۆی بکات، جگە لەگۆرانبێژەتورکەکان، سترانبێژە کوردەکانیش پەنایان بۆزمانی تورکی بردووە، بۆئەوەی ئارەزووەکانیان و هونەرەکەیان بگەینن، بەگوێگرەکانیان، هەر لەبەرئەمەشە، سەرجەم گۆرانییە کوردییەکان لەباکووری کوردستان بەتورکیی دەکرێن، زۆربەداخم کە ئاوازە کوردییەکان بەتورکی دەبیستین، گۆرانبێژانی کورد جارێکی دیکە بەکوردی تۆماریان دەکەنەوە، بەڵام دەبێت تورک و دەستەڵادارانی تورکیا باش ئەوە بزانن، کە کامە گۆرانی تورکییە و کامە گۆرانی کوردییە، ئەو هونەرەی پەیوەندی بەتورکەوە هەیە، موەشەحاتەتورکییەکان و گۆرانییەکانی بڵند ئارسوی و عەنان شانسزن، ئەوانەی وەریانگرتووە، یان کوردین، یانیش پەیوەندی بەنەتەوەکانی ترەوە هەیە، ئاوازە کوردییەکان ئەگەر بەتورکیش گوترابێت، واتای ئەوە نییە کە تورکیی بن، بەڵکو ڕەسەنایەتیی خۆی دەسەلمێنێت، کە خاوەندارییەتی بۆچ نەتەوەیەک دەگەڕێتەوە.

نوچەنێت: گۆرانی کوردی تایبەتمەندی رۆژهەڵاتی هەیە، بەلادانی ئەم تایبەتمەندییە هونەری کوردی بەرەو کوێ دەچێت؟

 جەمیل سنجاوی: ئێمە لەمۆسیقای ڕۆژهەڵاتیدا هاوبەشین، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن مۆرکێکی تایبەت بەخۆمانین، هەروەها مۆسیقای ڕۆژهەڵاتیش لەگەڵ مۆسیقای ڕۆژئاوایی زۆر شتی هاوبەشی هەیە، من پێم وایە، لادان لەهەندێ لەو تایبەتمەندیانە، هێندە کاریگەریی نابێت، چونکە لایەنە هاوبەشەکان زیاترن، ڕۆژئاواییەکان ( ماینەر و مێجەر) یان هەیە، ڕۆژهەڵاتییەکانیش پشت بەمەقامات دەبەستن، هەربۆیە ئێمەی کورد جگە لەو میلۆدیانەی کە بنچینەکەی پشتی بەشێوەگوتنە کوردییەکان و مەقامەڕۆژهەڵاتییەکان دەبەستێت، زۆر میلۆدیشمان هەیە، لەسەر سکێڵی ڕۆژئاوایی دانراوە، ئەو سوودوەرگرتنە لەموزیکی ڕۆژئاوایی هەر دەبێت و ئاساییە و بەرهەمی جوان و ناوازەشی لێدروستبووە. 

نوچەنێت: ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئاواز و مۆسیقای كۆن و نوێ ، ئاواز و مۆسیقای ئێستا لە گوێی گوێگر خۆشترە، ئەو تایبەتمەندییانە چین کە ئاواز و مۆسیقای کۆن هەیەتی؟ 

جەمیل سنجاوی: بێگومان هەریەکەو گوزارشت لەسەردەمی خۆی دەکات، زۆر گۆرانیمان هەیە، لەسەردەمی کۆن بەهەندێک ئامێری دەنگیی زۆر سادەی کۆن تۆمارکراوە، تا ئەمڕۆش تام و چێژی خۆی هەیە، واتا لەلایەنی ( دەنگ و ئاواز و موزیک) تەواو بایەخی پێدراوە، ئەگەر چی لەسەردەمی ئەمڕۆ، پێشکەوتن و تەکنەلۆژیاییەکی باش هەیە، لەگەڵ ڕێزم بۆبەرهەمەباشەکان، کەچی زۆر بەرهەم هەیە، لەئاست ئەوپێشکەوتن و ئامێری نوێ و تەکنەڵۆژیایە نین، ئەمڕۆ ئاسانکاریی زۆر هاتۆتە ئاراوە، گۆرانبێژ پێشتر لەگەڵ تیپی موزیک دەبوایە گۆرانییەکە تۆماربکات، ئەگەر هەر جارێک هەڵە هەبووایە، دەبوایە، جاری دیکە دووبارە و چەنبارەی بکردبایەوە، بەڵام ئێستا ئاسانکاریی زۆر هەیە، کەی گۆرانبێژ بەدڵی بوو، دەتوانی گۆرانییەکەی تۆماربکات، لەو سەردەمەدا موزیکژەنان هەریەکەو بەجیا موزیکی خۆی تۆماردەکات، چونکە تۆمارکردنەکان لەستۆدیۆ بەکۆمپیوتەر و بەهێڵ تۆماردەکرێت، گۆرانبێژی ئەمڕۆ بەدوای ئاوازی نوێ ناگەڕێت، زیاتر پشتی بەگۆرانی کۆن و گۆرانی بێگانە بەستووە، کاتی خۆی کە گۆرانییەکی تۆمارکراو بەکامیرای تەلەفزیۆنی وێنەی دەگیرا، کە ئێستا (کلیپ)ی پێدەڵێن، کاتێ سەیری تایتلەکەیت دەکرد، یەکسەر دەتزانی، ئەوگۆرانییە ئاوازی کێیە و هۆنراوەی کێیە، هەموو کارەهونەرییەکان دیاربوو، کەچی ئێستا بەزمانی ئینگلیزی تایتل دەنووسن، بەفۆنتێکی زۆر بچـووک و بەشێوەیەکی زۆرخێرا بەبەرچاوت تێدەپەڕێت، هەر ڕوون نییە، کە ئاواز و هۆنراوە و موزیک و کارەهونەرییەکانی دیکە هی کێیە، من پێموایە شاکاری هێندە جوان و ناوازەمان هەیە، ئێستاش نەتواندراوە، نموونەی ئەوبەرهەمانە دروست بکرێنەوە، چونکە بەدڵسۆزی و خـەمخۆری و هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی هەندێک لەهونەرمەندانی گەورەی نەتەوەکەمان دروستبووە، ئەستەمە ئەمڕۆ دروست ببێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێستا هەندێک بەرهەمی جوان هەیە، هەوڵ و ماندووبوونی پێوەدیارە و نکوڵی لەباشیی بەرهەمەکان ناکرێت.

نوچەنێت: ئەو دوو بوارەی بەڕێتازن لێک دوور و نزیکیان هەیە، تا چەند خزمەت بەیەکتری دەکەن؟ 

جەمیسل سنجاوی: بەلای منەوە، ئاوازەکانی سەردەمی کۆن یان ئاوازەکانی ئێستا، هیچ جیاوازیەکی نییە، گرنگ ئەوەیە، ئاوازەکان کاریگەریی خۆیان هەبێت و بەدەنگێکی شیاو و موزیک و دابەشکردنێکی ناوازە و بەکوالێتیەکی باش تۆماربکرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین