فیستیڤاڵ و قەیرانی شانۆ و داھێنان کولتوور

نوچەنێت:

ن: سەباح عەبدورەحمان

سەرەتا بابەتی قەیرانی شانۆ تەنھا لە ھەولێر نیە و تازەش نیە. بە ئاوڕدانەوەیێکی بەپەلە بۆ بڵاوکراوەکانی سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەو گۆڤارو دیمانەکانی تلفزیۆن و ڕادیۆ و کۆڕو سیمینارەکانی شانۆکاران و زۆربەی ڕەخنە نووس و ڕەخنە گرو ڕەخنە کاران ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە کێشەو قەیرانی شانۆ لە قۆناغی دوای ڕاپەرینەوە وردە وردە سەری ھەڵدایەو لە ھەڵکشان بوە. بەدەستنیشانکراویش قسە لەسەر کەمو کووریەکان و ھۆکارەکانیش کراوە ، ڕێگا چارەو ھەنگاوەکانی بووژانەوەو گەشە پێکردنی ئەو بوارەش بۆ ھەر قۆناغێک خراوەتە بەر چاوی گەورەبەرپرسانی حیزب و حکوومەت، بەڵگەی زیندووی نووسین و ڤیدیۆی دەنگ و ڕەنگیش لەبەر دەستە، ئەوەی من بە درێژایی حزووری ھونەریم وەک شایەتحاڵێکی زیندوو ھەستم پێ کردوەو خوێندنەوەو تێبینیم بۆی ھەبوەو بە ڕاشکاویش دەرمبڕیوە ئەوە بوە کە:

بزاوتی شانۆ لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی وەک بونیادێکی ھونەری لە دوای ڕێککەوتنی ئازاری 1970 بەشێوەیێکی بەرچاو و دیار گەشەو پێشکەوتنی تۆمار کردوە لەسەر ئاستی سەرھەڵدانی دەقی خۆماڵی و وەرگێڕانو ھەوڵی جدی و دڵسۆزانەی دەرھێنەر و کارماندانی بواری شانۆ کاریگەری ھەبوە بۆ تێکەڵبوون و نزیکبوونەوە لە ئەزموونی شانۆی ھاوچەرخی جیھانی و کارکردن بە خۆبەخشی و ماندوونەناسانە بۆ ئالوگۆڕکردنی ئەزموونی کارو نمایشی بەرھەمەکان لە سەرتاپای شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەمەبەستی بەرپاکردنی ھۆشیاری ھونەری و درووستکردنی بینەری شانۆ بووە، ھەولێر سەرباری گواستنەوەی شانۆگەریەکانی بۆ سلێمانی و دھۆک و کۆیەو ڕەواندزو چۆمان و زاخۆ و ئامێدی و مووسل لە ھەمان کاتیش بە ھەمان گوڕو حەزەوە پێشوازی لە گروپ و تیپەکانی ئەو شوێنانە کردوەو دەستەو ئەژنۆش بۆ ھاوکاری و ئاسانکاری نمایشەکانیان ئامدەییان ھەبوە، ئەو کات ھونەرمەندان خزمەتکردنی بواری شانۆمان بە ئەرک و نەریتێکی شارستانی زانیوە ،گوزارشتێک بوو ھەستی نەتەوەیی ڕاستگۆیانەی لە پشت بوو نەوەک موزایەدەی ئەمڕۆی بەرژەوەندی و خۆ ڕاپێشکردن و ئاماژەی زۆنە ڕەنگاڵەکان کە ھەموو بەھاو پیرۆزیەکانی پەیامی مرۆڤایەتی شانۆیان شێواندوەو ناشیرنیان کردوە.

 ئەوە کەسە خۆنەویستەکانی سەردەمی زێڕینی شانۆکارانی کوردبوون بەوپەڕی ھیمەت و بەھرەو توانای خودی خۆیان خۆبەخشانەو بێ بەرامبەرو بێ داواکردنی ھاوکاری ، تەنھاو تەنھا بە دەستە ملانێی عەشق و پەیمانیان لەگەڵ ھونەرەکەیان قۆڵ و مەچەکی ھیمەتیان لێ ھەڵکردوو دەستیانکرد بە ھەڵمەتی ڕێکخستنی ھۆڵە پیرۆزەکەی شارەوانی ، کەپێشتر وەک کۆگای خەزن و داگرتن و دابەشکردنی ئاردو گەنم و ئازووقە بەکار ھاتوە پاک کرایەوە ، سەکۆیە داتەپیوەکەی نۆژەن کرایەوە و شێوەی شانۆیی بە لێھاتوویی ودەستڕەنگێنی شانۆکارن پێ بەخشرا دارو دیواری بۆیە کراو رووناکی وتاریکی پێویست بۆ نمایشەکان لە کەرستەی خام و پاشماوەی کۆنە تەنەکەی ڕۆن دروستکراو ھەڵواسراو کاری پێکرا بەبەدەستھێنانی ڕەزامەندی پارێزگا کورسیە ئاسنینەکانی یاریگای بەڕێوەبردنی خۆجێی گوازرایەوە نێو ھۆڵەکەو کرا بە ھۆڵی شانۆ. دەست کرا بە ئامادەکردنی دەق، مەشق و ڕاھێنانی شانۆیی ھاتە سەر شانۆ ڤۆڵدەرو تابلۆی رێکلامی نمایشەکان شوێنە بەرچاوەکانی سەر شەقامەکانی شاریان ڕازاندەوە، بلیت بە بەھای ( پەنجا فلس ) کەوتە بازار و بەر دەرگای نمایشەکانی مەسەلەی شەڕەف و چیرۆکی کۆن و فاڵچی و چڵپاو ومارەیی یەک بەدوای یەک بە بینەرێکی زۆر، دەڕژانە نێو ھۆڵ.

ھەموو ئەوانەی سوارچاک و لێھاتوو وداھێنەری ئەو قۆناغە بوون شایانی ئەوەن ھەڵگری مێدالیای سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی بن، نیو سەدە بەر لەئەمڕۆ شانۆ کاران بە پەرۆشی و دڵسۆزی و ڕامانێکی نیشتمانپەروەرانەی پاک توانیان ھۆڵێکی کەلاوەی بێ سەروبەر ڕێکبخەن و جوولەو پیرۆزیەکانی پەیامی شانۆی تێدا ڕابگەینن و چێژو گوتاری ھونەرکەیان بە بینەران ئاشنا بکەن، شانۆکارو ھونەرمەندانی ھەولێر بوون شەرفی ئەوەیان بە دەست ھێنا ناونیشانی ئەو ھۆڵە بە ناوی گەل پیرۆز بکەن ، زۆر بەداخەوە دوای نیو سەدەو لە پرۆژەیێکی ھەڵەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە سەرە قەلەمێک و بڕیارێکی نامەدرووس مێژوە پڕ سەروەریەکەی ھۆلی گەلیان خاپوور کرد بە پاساوی درووستکردنی ھۆڵێکی نوێ کە نەک ھەر نەکرا بگرە چەند دینگەیێکەیان وەک گەواھی لە سەر ئەو کارە خراپە لەشێوەی ئاسەواری بەعلبەک بۆ زاکیرەی خەڵکی ئەو شارەبەجێ ھێشت. ئێستاش ھاووڵاتیانی ڕەسەنی ھەولێر ناوچەکەو دەورو بەری بە ھۆڵی گەل پێناسە دەکەنو نایانەوی ئەو بیرەوریە پڕ سەروەریانە بمرن !!!! کەواتە داھێنانیش لە ھەولێر نامرێت ... ئاساییە پرسیار بکەین بۆ؟ کەی؟ بە چ ھۆکارێک داھێنان دەمرێت؟ .... بەڵام بۆمان نییە ئاماژەی مردنی (داھێنان) بە ھەر چ مەبەستێک بێت بخەینە پاڵ ناوی شارێک یا وڵاتێک یا نەتەوەیێک. چونکە داھێنان پێکھاتەیێک نیە شوێن و کات و شوناسی دیارو لە قاڵب دراوی ھەبێ ، بەڵکو لە دایکبووی کات و شوێن و ژینگەیێکی لە بارو گونجاوە کە لەسەر دەستی داھێنەران دێتە دونیا.

داھێنان لەئەنجامی پشکنین و گەڕان و توێژینەوە سەرھەڵدەدات . لای زانایێک و ھونەرمەندێک و ئەدیبێک ھیچ جیاوازیێکی نیە جگە لە ئامێرو کەرستەو کەش و ژینگە، چونکە داھێنان سەرەداوێکە تەنھا مرۆڤی داھێنەر لە پسپۆرییەکەی دەرکی پێدەکاو دەیدۆزێتەوە . ڕاستیێکیش ھەیە ھەمووان دەیزانین، ئەویشیان ئەو پاشەکشێیەیە کە بزاڤی ڕۆشنبیری لە دوای ڕاپەرینەوە ڕوبەڕووی بوەوە بە ھۆکاری کتوپڕی ئەو گۆڕانکاریە چاوەڕوان نەکراوەی کە ڕوویدا لە تێکڕای ژیانی سیاسی کۆمەڵگای کوردی و شێوازی بەڕێوەچوون و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە بۆ ئیدارەدان و ڕێکخستنەوەی دامو دەزگاو کاروبارو چالاکیە ھونەریەکان بە پێوەری لێھاتوویی و لێوەشاوەیی . ئەو نەزانین و تێنەگەیشتنە لە رۆڵی ھونەرمەندو ڕۆشنبیران وایکرد ھەموو بەڵانسێکی بەڕێوەچوونی تیپ و گرووپە شانۆییەکان شڵەژااوی و ئاڵۆزی تێبکەوێ ، وە بەشێکی زۆرلە ھونەرمەندان و شانۆکاران بە ھۆکاری جیاواز دابەشبوونە سەر زۆن و ڕەنگە جیاوەزەکانی حیزبایەتی و پشک پش.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین